سلێمان تاشان – ههولێر
پرسی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە گشتی و هێزەکانی ئەمەریکا بە تایبەتی لە عێراق جارێکی تر خەریکە دەبێتە مژاری ڕۆژی میدیاکانی عێراق و بەشێک لە لایەنە شیعەکانی عێراق سوورن لەسەر ئەوەی کۆتایی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بهێنرێت. ئەم داواکارییە لە کاتێکدایە کە هێشتا مەترسییەکانی داعش نەڕەویونەتەوە و ئەو ئەگەرە هەیە هەمان ئەزموونی تاڵی دوای ساڵی ٢٠١١ دووبارە ببێتەوە کە هاوپەیمانان عێراقیان جێهێشت.
محهمهد شیاع سوودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق، له نوێترین هەڵوێستی خۆیدا داوای کردووە هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا هێزەکانیان لە عێراق بکشێننەوە و پێی وایە توانای هێزەکانی عێراق بەرز بووەتەوە و بە تەنیایی دەتوانن ڕێ لە سەرهەڵدانی داعش بگرن. ئەو لە دیمانەی ڕۆژنامەی ناشناڵ ئاماژەی داوە کە داعش چیتر مهترسی نییه بۆ سهر عێراق، بۆیه هاوپهیمانی نێودهوڵهتی دژی داعش پێویست ناكات بۆ ڕووبهڕووبوونهوهی داعش له عێراق درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٥ەوە هاتنە عێراق ئەمەش دوای چەند مانگێک لە سەرهەڵدانی داعش کە نزیکەی یەک لەسەر سێی خاکی عێراقی داگیر کردبوو. هێزەکانی هاوپەیمانان لە ماوەی هەشت ساڵدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا هەبوو و ئەگەر ئەوان نەبوان ڕەنگە تا ئەم ساتەش داعش ڕووبەرێکی خاکی عێراقیان لە ژێر دەستدا مابایەوە.
هێزەکانی هاوپەیمانان جگە لەوەی کە لە ڕێی هێرشی ئاسمانییەوە بنکە و بارگەکانی داعشیان دەکردە ئامانج و ڕێیان لە پێشڕەوییەکانیان دەگرت لە هەمان کاتدا ڕاهێنانیان بە هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە دەکرد و لەم ڕووەوە تا ڕادەیەکی باش توانیان تواناکانیان بەرز بکەنەوە.
نزیکەی سێ ساڵ لەمەوبەر و لە سەردەمی دەسەڵاتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیارێکی لە پەرلەمان دەرکرد کە تەنیا شیعەکان دەنگیان بە بڕیارەکە دا و داوا کرا هێزەکانی هاوپەیمانان عێراق جێبهێڵن، حکوومەتی کازمی لەگەڵ هاوپەیمانان کەوتە دانوستان و بڕیار درا تا کۆتایی ٢٠٢١ هێزەکان بهێڵدرێنەوە و ژمارەیەکیش لە چوارچێوەی راوێژکاری سەربازیدا درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن چونکە هەر دوو لا بەو قەناعەتە گەیشتبوون کە پێویست دەکات توانا سەربازییەکان زیاتر بەرز ببنەوە بۆ ئەوەی ڕێ لە سەرهەڵدانی داعش بگیرێت.
دوای نزیکەی ساڵێک لە دەسەڵاتی محەمەد شیاع سوودانی دووبارە خەریکە هەمان پرس دەورووژێندرێتەوە و پێدەچێت لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستیان بە گوشارخستنە سەر حکوومەت بۆ دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان کردبێت کە خۆیان رۆڵی سەرەکییان لە دامەزراندنیدا هەبووە.
حکوومەتی عێراق لە کاتێکدا دیسان باس لە دەرچوونی ئەو هێزانە و نەمانی داعش دەکات کە هێشتا داعش بە تەواوی لەناو نەچووە و هەر لەم ڕۆژانەدا هێزەکانی عێراق خۆیان کۆمەڵێک بنکە و حەشارگەیان دۆزیوەتەوە کە چەکدارانی داعش سوودیان لێ وەرگرتوون.
رۆژی سێشەم ٢٦ی ئەیلوول ئۆپڕاسیۆنی هێزە هاوبەشەکانی عێراق خۆیان دەستبەسەرداگرتنی نۆ حەشارگەی تیرۆریستانی داعش و دۆزینەوەی شەش بۆمب و چوار هاوەنیان راگەیاند. پێشتریش ئەو هێزانە دەستگیرکردنی چەکدارانی داعشیان راگەیاندووە و لە ماوەی چەند هەفتەی رابردووشدا ژمارەیەک چەکداری داعش کەوتوونەتە دەستی هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە کە ژمارەیەکیان لە ئاستی فەرماندەییدا بوون و ئەمەش دەیسەلمێنێت هێشتا داعش مەترسییە لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و دەبێت پەرە بە توانای هێزە مەیدانییەکان بدرێت.
سوودانی گوتوویەتی لە داهاتوویەکی نزیکدا لەسەر پرسی دەرچوونی هێزەکانی ئەمەریکا قسە لەگەڵ ئەمەریکا دەکەن بەڵام دیار نییە بەڕاستی ئەمەریکا هێزەکانی دەکشێنێتەوە یان بەو شێوەیە لە هاوکارییەکان بەردەوام دەبێت. حكوومهتی ئهمهریكا له دوای لێدوانهكهی سوودانی له پهیامێكدا بێ ئهوهی باس له جێبهجێكردنی داواكارییهكه یان رهتكردنهوهی بكات ئاماژهی دا كه هێزهكانیان له عێراق به ئامانجی یارمهتیدانی هێزهكانی عێراق و لهسهر داوای حكوومهتی عێراق ماونهتهوه.
کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەتوانێت کاریگەریی زۆر خراپی بەدواوە بێت چونکە هێشتا ئەو دڵنیاییە نییە بە بێ هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکا سوپای عێراق دەتوانێت پێش بە مەترسییەکانی داعش بگرێت یان نا.
عێراق لەم ڕووەوە ئەزموونێکی تاڵی هەیە و وەک ئاشکرایە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دوای پڕۆسەی ڕزگارکردنی عێراق و رووخاندنی رژێمی بەعس لە عێراق هاوکاریی هێزەکانی سوپای عێراقیان کرد و دواتر لە ژێر گوشاری هێزەکانی شیعە، بە پاساوی ئەوەی سوپای عێراق دەتوانێت ڕووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە، ئەمەریکا ناچار بوو لە ساڵی ٢٠١١ بە یەکجاری عێراق بەجێ بێڵێت بەڵام ئەو جێهێشتنە دواتر کارەساتێکی گەورەی لێ کەوتەوە.
لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ لە کاتێکدا سوپای عێراق خاوەنی بەهێزترین چەک و ژمارەیەکی زۆر سەرباز بوو لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعاتدا لە مووسڵ هەڵاتن و نەیانتوانی لە بەرانبەر ژمارەیەکی کەمی چەکداری داعش بوەستن و شارەکەیان ڕادەستی داعش کرد و بینرا چ کارەساتێکی گەورەی بۆ عێراق بەدیاری هێنا. ئەو مەترسییە لە ئارادایە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کارەساتی تری ئەمنی لە ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە.