پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە دوو هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا 6 چەكداری پەكەكە گیانیان لەدەستدا

لە دوو هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا بۆ سەر بارەگایەك و ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكە 6 چەكداری پەكەكە و هاووڵاتییەكی سڤیل گیانیان لەدەستداوەو یەكێكی دیكەش بریندار بووە.
لەوبارەیەوە دژەتیرۆری كوردستان رایگەیاندووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئەیلوولی 2023، كاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا بارەگایەكی چەكدارانی پەكەكەی لە گوندی بوگریسكان لە ناحیەی وەرتێی سەر بە قەزای ڕەواندز لە پارێزگای هەولێر كردە ئامانج و، بەهۆیەوە چوار چەكداری پەكەكە كوژران. هاوكات بەهۆی نزیكی بارەگاكە لە شوێنی نیشتەجێبوون، هاووڵاتییەكی سڤیل شەهید بوو و هاووڵاتییەكی دیكەش بریندار بوو.
دژەتیرۆری كوردستان ئاماژەی بەوەشدا،هەر ئەمڕۆ چوارشەممە كاتژمێر 11:10ی پێشنیوەڕۆ، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیا لە نزیك گوندی بوگریسكان لە ناحیەی وەرتێ ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی پەكەكەی كردە ئامانج و، بەهۆیەوە دوو چەكداری پەكەكە كوژران.
پێشتر نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەر بە كوردستان تیڤیی راگەیاندبوو: فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی توركیا، ناو گوندی بۆكریسكانی لە قەندیل بۆردوومان كردووەو لەئاكامدا دوو هاووڵاتی دانیشتووی ئەو گوندە بە ناوەكانی پور ئەستی و میرزا ئیبراهیم بریندار دەبن و رەوانەی نەخۆشخانەی سەنگەسەر كراون .
هەروەها گوتی:بەڵام بەهۆی سەختی برینی میزار ئیبراهیم لەرێگا گیان لەدەست دەدات و پور ئەستیش رەوانەی نەخۆشخانەی رانیە دەكرێت.