پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نێچیرڤان بارزانی: پێویستە پاراستنی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان کۆمانبکاتەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یەکەم رۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە، کە “پێویستە پاراستنی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان هێزە سیاسییەکانی کوردستان کۆبکاتەوە.

سەبارەت بە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی گوتی: هیوادارم کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامی باش و ئەرێنی لێبکەوێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان یادگاری مام جەلالە و دەبێت لەسەر هەمان بیر و ئاراستەی ئەو بۆ لێکتێگەیشتن و تەبایی و چارەسەری کێشەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی لەسەر ئەو رێچکەیە بەردەوام بێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو بابەتە، لە گوتارەکەیدا تیشکی خستەسەر ئەوەی، یەکێتی و هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە ئەرکی پاراستنی یەکریزی و تەبایی و کاری هاوبەشیان لەسەر شانە بۆئەوەی ماف و دەستەکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزن.

بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی، ئەزموونی پێکەوە کارکردنی پارتی و یەکێتی و هاوکاری و برایەتی سەرۆک بارزانی و خوالێخۆشبوو مام جەلال، سەلماندویەتی کە سەرکەوتن لە یەکریزی و هاوبەشی و کاری پێکەوەیی دایە.

وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا ئاماژەی پێدا، سەرکەوتنی راپەڕین و جێگریکردنی فیدراڵی و زۆرێک لە مافەکانی گەلی کوردستان لە دەستووری عێراقدا و پێشکەوتنی کوردستان، بەرهەمی تەبایی و یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان بووە.

گوتیشی: ئێستاش بۆ تێپەڕاندنی هەموو سەختییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان و پاراستنی دەستکەوت و مافەکانی هەرێمی کوردستان، تاکە رێگە بەردەوامی و درێژەدانە بە هاوکاری و یەکترقبوڵکردن و هاوبەشی و کاری پێکەوەیی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانە لێرە و لە بەغدا.

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان لە راپەڕینەوە تا ئێستا وێڕای هەموو کەموکوڕییەکان ئەزموونێکی جوانی لەناوچەکەدا نیشان داوە، کە مایەی سەرنج و رێزلێنانی جیهان و عێراقە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان کار بکەن بۆ ئەوەی مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو، دەنگدانێکی سەرکەوتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، کە بە پلەی یەکەم ئەرکی پارتی و یەکێتییە لەگەڵ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستاندا، کار بۆ سەرخستنی هەڵبژاردن بکەن، گوتیشی: پێویستە پاراستنی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان کۆمانبکاتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: ئەوە زۆر باش و پێویستە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراقی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە گفتوگۆی بەردەوامدان، راستە هەندێك بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکاندا هەیە، بەڵام هێشتا بەهۆی کێشەکانی بەردەوام جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و راگرتنی هەناردەی نەوت، ئێستا هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سەختی داراییدایە، کە کاریگەریەکی تەواوی کردووەتە سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.

جەختی لەوەش کردەوە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، کە چاوەڕێن حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و رێککەوتنەکان و سیستەمی فیدراڵی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات، گوتیشی: نابێت بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێتە بارمتەی ناکۆکی سیاسی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە، دەبێت لایەنە سیاسییەکانی پێكهێنەری حکومەتی عێراق، یارمەتیدەر و پشتیوانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنە سیاسییەکان.

ئاماژەی بەوەشدا، دروستکردنی کێشەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان هیچ خزمەتێک بە عێراق ناکات، گوتیشی: ئارامی و سەقامگیری و پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، ئارامی و پێشکەوتنە بۆ هەموو عێراق.