سلێمان تاشان – ههولێر
لە کاتی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ئەڵمانیا یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە هاتە نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و خێرا هێز و چەکی ڕەوانە کرد، دوای نزیکەی نۆ ساڵ لەم ڕووداوە، ئەڵمانیا لە پلانیدایە لە بنبڕکردنی تیرۆر بەردەوام بێت و بۆ هەمان مەبەست درێژە بە مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بدات.
مانەوەی ئێستای هێزەکانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ڕاهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدایە و پلانی حکوومەتی ئەڵمانیا ئەوەیە بۆ ماوەی ساڵێکی تر شەرعییەت بە مانەوەی ئەو هێزانە بدات و لە پەرلەمانی وڵاتەکەی مۆڵەتەکە درێژ بکاتەوە. در شپیگڵ و ژمارەیەکی تر لە ڕۆژنامەکانی ئەڵمانیا ئەو هەواڵەیان ئاشکرا کردووە و فرانس پرێسیش لەم بارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەنالینا بێربوک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و بۆریس پیستۆریۆس وەزیری بەرگریی وڵاتەکە، ڕۆژی دووشەممە ١١ی ئەیلوول سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵیان ئاگادار کردووەتەوە و پێیان گوتوون حکوومەت لە پلانیدایە مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ٢٤ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ درێژ بکاتەوە.
ئەوان پێداگرییان لەوە کردووە کە هێشتا مەترسییەکانی داعش نەڕەویونەتەوە و بۆیەش مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا شتێکی زۆر پێویستە و دەبێ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش ڕاهێنانی زیاتریان پێ بکرێت و ڕێ لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش بگیرێت.
لە نامەی ئەو دوو وەزیرەدا باس لەوە کراوە کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش چ لە عێراق و سووریا و چ لە وڵاتانی ئەوروپا و تەنانەت شوێنی دیکە هەوڵی هەستانەوە دەدات و لە عێراقیش هەستیان بەو جۆرە هەوڵانە کردووە و بۆیەش لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پێیان باش بووە ئەو هێزە مەیدانییانە لە پاڵپشتییەکان بێبەش نەکرێن.
بە پێی ئامارێک کۆی ژمارە هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان ٣٠٠ کەسن کە زۆربەیان ڕاوێژکاری سەربازین. بەشێک لەوانە لە سنووری نێوان عێراق و ئوردن نیشتەجێن و ئەرکیان ئەوەیە لە ڕێی فڕۆکەوە سووتەمەنی بۆ فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دابین بکەن، بەشێکیان لە بەغدا و بەشێکی تریان لە هەرێمی کوردستانن و زۆربەشیان ئەرکی ڕاهێنانی سەربازییان پێ سپێردراوە.ڕ
هەوڵدان بۆ درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە زۆربەی لایەنەکانی شیعە بە تایبەتی گرووپەکانی حەشدی شەعبی دەستیان بە هەڵمەت و گوشارێکی تری سیاسی کردووە و داوا دەکەن هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی عێراق بەجێ بهێڵن و جووڵە سەربازییەکانیان کەم بکەنەوە.
جێی باسە هێشتا داعش گرووپێکی مەترسیدارە و هەر جۆرە لاوازبوونێکی هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە و پەرەسەندنی مەترسیی تیرۆر لە ناوچەکە و جیهان.
هێزی پێشمەرگە لە ساڵانی ڕابردوودا هاوئاهەنگییەکی باشی لەگەڵ سوپای ئەڵمانیا هەبووە. چەندین تیمی پێشمەرگە لە ساڵانی سەرەتای جەنگی دژی داعش، لە ئەڵمانیا ڕاهێنانیان پێ کرا و دواتر ڕەوانەی کوردستان کرانەوە، لە کوردستان ڕاوێژکارە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بەردەوام بوون لە ڕاهێنانی پێشمەرگە و پێشکەوتووترین چەکیش کە بۆ یەکەم جار لە کاتی سەرهەڵدانی داعش، وڵاتێکی بیانی بۆ پێشمەرگەی دابین کردبێت ئەڵمانیا بوو.
چەکی جۆری میلان ی ئەڵمانی تواناکانی پێشمەرگە بەرانبەر هێرشەکانی داعشی بەرز کردەوە و پێشمەرگە بە سوودوەرگرتن لەو چەکە پێشی بە فراوانبوونی داعش گرت و گورزی کاریگەری لە داعش وەشاند. لە ئاستی وەزیرانی بەرگری و دەرەوە چەندین جار بەرپرسانی ئەڵمان سەردانی کوردستانیان کردووە و وێڕای بینینی بەرپرسانی باڵای هەرێم لە نزیکەوە هێزەکانی خۆیان بەسەر کردووەتەوە و ستایشی پێشمەرگەیان کردووە.