چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی پێشوازی لە جێگری ئەمینداریگشتیی ڕەوتی فوراتەین کرد

دوێنێ، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی و هوشيار زيبارى و مەحموود محەمەد ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و جەعفەر ئیبراهیم بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی پێشوازییان له‌ د. بشار سعدون هاشم جێگری ئەمینداری گشتیی ڕەوتی فوراتەین و شاندی ياوەری كرد.

لە دانیشتنێكدا، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوان، كورتەیەك لەسەر مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشكەش كرد و پوختەیەك لەسەر ڕەوشی سیاسی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی پێشكەش كرد.
میرانی، ئاماژەی بەوەدا كە كاری سیاسی و دامەزراوەیی لە عێراق بەرچاو ناكرێت و لە عێراق دەوڵەتمان هەیە بەڵام دامەزراوەيمان نییە و دەبێت هەموو نەتەوەكانی وڵات بەشدار بن لە داڕشتنی ئەم چەمکە.
هەروەها میرانی دووپاتی كرد كە زۆرینەی وڵات ناتوانێت ببێتە زۆرینە ئەگەر مافەكانی خەڵكانی دیکە نەپارێزێت و دەبێت لەناو دەستور و یاسادا بچەسپێت لە ڕوانگەی ماف و ئەرك و دەبێت هاوسەنگی لە نێوان ئەرك و ماف دا هەبێت.
میرانی تەئكیدی كرد كە پارتی دیموكراتی كوردستان پەرۆشی چارەكردنی كێشەكانە لە نێوان بەغدا و هەولێر بەڵام دەبێت ئە و ویستە لەلایەن حكومەتی عێراقیش هەبێت.
لەلای خۆیەوە د. بەشار سەعدوون هاشم جێگری ئەمینداری گشتیی رەوتی فوراتەین سوپاسی مەكتەبی سیاسیی پارتی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و پێشوازییەی كە لێیان كراوە و دوپاتی كرد كە سەردانیان بۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی بۆ ئەوە دێت كە پێكەوە چارەیەك بۆ كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر بدۆزنەوە.
هەروەها تەئكیدی كرد كە رەوتی فوراتەین و ئەمیندار گشتی ڕەوتەكە كە (محەمەد شییاع ئەلسوودانی)یە ڕەوشی كوردستان و پەیوەندیی لە نێوان هەولێر و بەغدا گرنگییەكی تایبەتی پێ دەدەین و هەر لە ڕۆژی دامەزراندنی ڕەوتەكە هەوڵدراوە پەیوەندیەكی تایبەت لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێت و بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆك (مەسعود بارزانی) و پارتی دیموكراتی كوردستان.
هەروەها هیوای خواست ئەم جۆرە دیدارانە بەردەوام بن بۆ زیاتر لێك نزیكبوونەوە لە یەكتر و بەهێزتركردنی پەیوەندییەكان كە لە بەرژەوەندی گەلانی عێراق دا بێت.
شایانی باسە ڕەوتی فوراتەین لە ساڵی2021 مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە و محەمەد شییاع ئەلسوودانی بووە ئەمینداری گشتیی رەوتەکە.