چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هەدەپە دەیەوێت لەژێر ناوی HADEP بێتەوە ناو كایەی سیاسی كە 20 ساڵ لەمەوبەر ئەو پارتە داخراوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)، لەناو پەرلەمانی توركیا خاوەنی 61 كورسییە، ئەمەش دوای ئەوەی هەدەپە، بڕیاریدا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 14ی ئایار، بە ناوی (یەسەپە)ەوە بچێتە ناو هەڵبژاردن، بەڵام ئەەو پارتە دەچێتە ناو كۆنگرە و لەوێدا گۆڕانكاری گەورە ئەنجام دەدات.

یەپەسە، لە 10 و 11ی ئەم مانگە، كۆنفڕانسێكی گەورە ئەنجام دەدات، لەو كۆنفڕانسە بڕیار لەبارەی زۆر شتەوە دەدرێت، دیارترینیان گۆڕینی ناوی پارتە، پێشنیاریش كراوە، ناوەكەی بۆ (HADEP) بگۆڕدرێت، ئەو پارتە كوردییەی 20 ساڵ بەر لە ئێستا بەبڕیاری دادگای دەستووری توركیا داخرا، هەرچەندە ئەو ناوە كێشەی نییە، بەڵام بەگوێرەی یاسای پارتە سیاسییەكانی توركیا، هەر پارتێك داخرابێت، نابێت ناوی ئەو پارتە زیندوو بكرێتەوە، بۆیە رەنگە لە داهاتوو كێشەی بۆ دروست ببێت، بەڵام پێشنیار هەیە، ناوی یەسەپە بۆ پارتی دیموكراتی و یەكسانی گەل (HEDEP) بگۆڕدرێت، ئەم ناوەش بۆیە رەنگە بڕیاری لەسەر بدرێت، چونكە لە HADEPەوە نزیكە.
دوای ئەوەی لەو كۆنفڕانسەدا چەند بڕیارێكی گرنگ دەدرێت، پاشان رۆژی كۆنگرە دیاری دەكرێت، كە لە كۆنگرەدا ئەندامی تازە دەهێنرێتە پێشەوە، بەتایبەت ئەو ئەندامانەی لە هەدەپەدا بەرپرسیارییەتییان هەبووە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، هەدەپە بەهۆی ئەوەی مەترسی هەیە دادگای دەستووری توركیا بڕیاری داخستنی بدات، بۆیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31_3_2024، هەر لەژێر ناوی یەسەپە، یان ئەو ناوەی لەشوێنی یەسەپە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت دەچێتە ناو هەڵبژاردن.
وەكوو ئەوەی رۆژنامەی (بیرگون)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەم ناوانەی خوارەوە پێشنیار كراون تا ببنە هاوسەرۆكی هەدەپە (ئەحمەد تورك، تونجەر بەكرخان، كەسكین بایندر، مەڕاڵ دانش بێشتاش، ئیبرۆ گونای، جەنگیز چیچەك). لەو ناوانە تەنیا دوو كەس دەبنە هاوسەرۆك، یەكیان دەبێت ئافرەت بێت و ئەوی تریش پیاو، هەروەها یەكیان كورد و ئەوی تریش تورك.
بەرپرسێكی ناو یەسەپە، نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت، قسەی بۆ رۆژنامەی ناوبراو كردووە و دەڵێت: ”ئێمە دەرگامان بۆ هەموو لایەنێك واڵایە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، واتە بلۆكی ئۆپۆزسیۆن بێت یان دەسەڵات جیاوازی نییە، ئەوەی گرنگە چی لایەنێك لەبەرژەوەندی پارتەكەمان هەنگاو دەنێت لەو نزیك دەبینەوە.“
لە كۆنفڕانسەدا، یەسەپە باس لەو هەڵانە دەكات كە لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار دووچاری هەدەپە بووە و بەو هۆیەوە یەك ملیۆن دەنگ كەمی كرد، هەروەها بنكەی جەماوەری هەدەپە، ئەمجارەیان پێی باش نییە كوێرانە پشتگیری لە هیچ بەربژێرێك بكەن، بەڵكوو ئەوان لەگەڵ ئەوەدان كام لایەن بۆ بەرژەوەندی كورد هەنگاوی نا، ئاساییە پشتگیری لێ بكەن و هاوپەیمانیی لەگەڵدا ببەستن.
بەگوێرەی زانیاری چەند سەرچاوەیەكی میدیایی، چەند بەرپرسێكی ئاكەپە و هەدەپە، بەنهێنی كۆبوونەتەوە و لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان رێككەوتوون، بەوەی هەدەپە بەربژێری هەبێت و ئەمجارەیان پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەكات، لەبەرامبەردا ئەگەر هەدەپە، لەژێر ناوی هەر پارتێك بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە و چەند سەرۆك شارەوانییان بردەوە، شارەوانییەكان وەكوو 2019، قەیووم نەكرێن.
دوای ئەوەی، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بە توندی لەبارەی مەڕاڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس قسەی كرد و گوتی، هی ئەوە نییە هاوپەیمانیی لەگەڵدا ببەستیت، ئیدی پەیوەندی ژێربەژێری هەدەپە و ئاكەپە زیاتر قسەی لەسەر دەكرێت، چونكە ئەو بێمنەتییەی ئەردۆغان بۆ ئاكشەنەر، بەومانایە دێت، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا پێویستیان بەو نییە و تەنیا هەدەپە، بەربژێری خۆی هەبێت، بەربژێری ئاكەپە، گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرای بردووەتەوە.