کاروان محه‌مه‌د و یاسین ئه‌حمه‌د
داریکه‌لی یه‌کێکه له گونده‌کانی قه‌زای بازیان له پارێزگای سلێمانی، ده‌که‌وێته باشووری خۆرهه‌ڵاتی بازیانەوە؛ (30 کم) له شاری سلێمانی و (23 کم) له ناوه‌ندی قه‌زای بازیان و (4,5 کم) له ڕێگه‌ی بازیان ـ قهرهداغەوە دووره، له ئامێزی شاخی که‌ڵه‌وێ هه‌ڵکه‌وتووه؛ سنووری له‌گه‌ڵ گونده‌کانی (باڕۆیی بچووك، باڕۆیی شه‌هید، هورمزیار، گاوانی، مه‌حمودی و زیه‌که)دا هه‌یه.
داریکه‌لی بووه‌ته ناسنامه‌یه‌ک بۆ دۆڵی بازیان و گرنگترین گوندی بازیانه، له ڕووی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه‌وه، چونکه شوێنی نیشته‌جێی شێخ مه‌حمودی حه‌فید، یه‌که‌م مه‌لیکی کوردستان بووه، هه‌وێنی شیعریی چه‌ندین شاعیری به‌ناوبانگه، بۆ نمونە کاتێك شێخ مه‌حمود ئاواره کرا و نێردرا بۆ هیندستان حه‌مدی شاعیر له پارچه هۆنراوه‌یه‌کدا ده‌ڵێت:
وه‌ك (مه‌دینه) بێ (نه‌بی) بێ، یا نه‌جه‌ف بێ بێ عه‌لی
شاری (غه‌زنه) ئێسته بێ مه‌حموده وه‌ک (داریکه‌لی)
داریکه‌لی له (داری سه‌ر که‌ل)ـه‌وه هاتووه، به ناوی داره‌کانی سه‌ر که‌له‌وه، شاخی پشتی گوند که‌لێکی تیایه ئەوسا دارێکی زۆری لێ بووه و خه‌ڵکی پێیان وتووه داره‌کانی که‌لی.
مێژووی داریکه‌لی
ئه‌م گونده مێژوویه‌کی دێرینی هه‌یه، گۆڕستانه زۆر و دێرینه‌کانی به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌و مێژووه، هه‌ندێك له گۆڕه‌کانی گۆڕستانی دارهلهقلهق ڕووه‌و قیبله نین و پێده‌چێت گۆڕی گاور یان جووله‌که بن، سه‌رده‌مێك ئه‌م گونده له (کانی قه‌ڵا بڵباسه) بووه، ئه‌و خه‌ڵکه‌ی لێی ژیاوه له هۆزی بڵباس بوون، که‌لاوه‌ی خانووه‌کانی ئه‌و شوێنه به‌دی کراوه، هه‌روه‌ها پێش ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ئه‌م شوێنه‌ی ئێستای گونده‌که، له: که‌ڵه‌کاوی، دارهلهقلهق، درۆزنه و دارئهسحاب ئاوه‌دانی هه‌بووه.
ئه‌و زانیارییانه‌ی به‌رده‌ست ئێمه که‌وتووه ده‌ڵێت: له کۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده ئه‌م گونده مڵکی ئیبراهیمی خوبیله بووه که که‌سێکی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بووه، له سه‌رده‌می ئیبراهیم خوبیله، بڵباسییهکان و ماڵه‌کانی دیکه‌ی شوێنه‌کانی ده‌وروبه‌ر هاتوونه‌ته ئه‌م شوێنه‌ی ئێستای گوندی داریکه‌لی و ئاوه‌دانیان کردووه‌ته‌وه؛ له سه‌رده‌مانی دواتردا و دوای هاتنی هۆزی هه‌مه‌وه‌ند و بنه‌ماڵه‌ی شێخان بۆ بازیان و نیشته‌جێبوونیان له گونده‌کان، یادگار ئاغای هه‌مه‌وه‌ند و شێخ مسته‌فای نه‌قیب له‌سه‌ر ئه‌م گونده کێشه‌یان هه‌بووه، شێخ مسته‌فا له سوپای عوسمانی‌دا نه‌قیب بووه، هه‌ڵاتووه و ماوه‌یه‌ك له‌م گونده نیشته‌جێ بووه، کاتی خۆی پێنج بنه‌ماڵه له‌و گونده‌دا ژیاون؛ بنهماڵەی حه‌سه‌ن مریه‌م که بڵباسی بووه، حه‌مه‌عه‌لی سافه، کوێخا یه‌عقوب و قاله خڕه و حه‌مه شاری و وه‌ستا ساڵح، له ساڵانی دواتردا بنه‌ماڵه‌ی ڕۆسته‌م قادر و بنه‌ماڵه‌ی وه‌سمان و محه‌مه‌د و کوێخا محه‌مه‌دی زێوێ و چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌کی دیکه له کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌وه هاتوونه‌ته ئه‌م گونده، له سه‌رده‌می شێخ مه‌حمودی حه‌فیددا چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌ك له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه‌وه و بنه‌ماڵه‌ی که‌ریم سۆفی و بنه‌ماڵه‌ی جه‌لیل جه‌وهه‌ر ساڵح هاتوونه‌ته داریکه‌لی و لەوێ نیشته‌جێ بوونە.
نیشته‌جێبوونی شێخ مه‌حمود له داریکه‌لی
شێخ مه‌حمودی حه‌فید دوای وه‌فاتی شێخ مسته‌فای نه‌قیبی مامی، له ساڵانی (1913– 1918) له‌م گونده‌دا ژیاوه، خانوویه‌کی له ساڵی (1913) دروست کردووه که ئێستا کراوه به مۆزه‌خانه، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له به‌غدا له ساڵی (1941) هاتووه‌ته‌وه داریکه‌لی و تیایدا نیشته‌جێ بووه تا ساڵی (1956) له‌م گونده بووه له‌گه‌ڵ خێزان و بنه‌ماڵه‌که‌یدا، له ساڵی (1955) عومه‌ر عه‌لی متهسهڕیفی ئه‌وکاتی سلێمانی دێت بۆ داریکه‌لی و شێخ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات بۆ سلێمانی.
بژێوی دانیشتوانی داریکه‌لی
بژێوی دانیشتوانه‌که‌ی له‌سه‌ر کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵدارییه؛ ئێستا کشتوکاڵ به شێوازی نوێیش ده‌که‌ن و نزیکه‌ی (200) خانووی پلاستیکییان هه‌یه؛ چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ئاو له داریکه‌لی هه‌یه، ماڵی شێخ مه‌حمود دوو ئاشی ئاویان هەبووە، ساڵی (1998) حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پرۆژه‌ی ئاوی بۆ جێبەجێ کرد؛ ئه‌م گونده سه‌ر به که‌رتی (9)ی داریکه‌لی کشتوکاڵییه، ڕووبه‌ری زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانی ئه‌م که‌رته (2216) دۆنمه (2003) دۆنمی دێمه و (213) دۆنمی به‌راوه، (2671) دۆنم زه‌وی شاخاوی هه‌یه.
ساڵی (1953) قوتابخانه‌ی لێ کراوه‌ته‌وه، پێش ڕووخێنرانی گونده‌که (سه‌رکردایه‌تیی شۆڕشی کورد) مامۆستای خۆبه‌خشی ده‌نارد بۆ قوتابخانه‌که، ساڵی (1995) جارێکی دیکه قوتابخانه کرایه‌وه.
ساڵی (1954) بنکه‌ی ته‌ندروستیی لێ کراوه‌ته‌وه، کارمه‌ندێکی ته‌ندروستی به ناوی حه‌سه‌ن یه‌که‌م فه‌رمانبه‌ری ئه‌م بنکه‌یه بووه، ساڵی (1998) جارێکی دیکه بنکه‌ی ته‌ندروستیی لێ کرایه‌وه.
داریکه‌لی و کوردایه‌تی
دانیشتوانی داریکه‌لی خه‌ڵکی شۆرشگێڕ و دڵسۆزی شۆڕش و پێشمه‌رگه بوونە و له‌سه‌رجه‌م شۆڕشه‌کانی کورددا بهشداریەکی به‌رچاویان کردووه؛ به‌و هۆیه‌وه چه‌ندین جار له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه هێرشی کراوه‌ته سه‌ر و په‌لامار دراوه و قوربانیەکی زۆریان داوه.
بۆ نموونە، ڕۆژی (30/4/1987) دوو هێلیکۆپته‌ر هێرشیان کرده سه‌ر گونده‌که و نۆ هاووڵاتییان شه‌هید کرد و ژماره‌یه‌ك هاووڵاتییش بریندار کەوتن؛ ڕێکەوتی (30/4/1988) بۆ دواهه‌مین جار سوپای عێراق ئه‌م گونده‌ی سووتاند و به ناچاری دانیشتوانه‌که‌ی چۆڵیان کرد؛ ساڵی (1991) و پاش ڕاپه‌ڕینە جهماوهریەکەی کوردستان، ئاوه‌دان کرایەوە.
ساڵی (1947) ژماره‌ی دانیشتوانی داریکه‌لی (409) که‌س بووه و ساڵی (1957) بووه‌ته (457) که‌س و ساڵی (1988) پێش ڕووخاندنی گونده‌که (62) ماڵی لێبووه که (228) که‌س بوون، ساڵی (1999) ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م گونده (284) که‌س بووه که پێک هاتبوو له (40) خێزان و له‌ئێستادا (36) ماڵی تیادا نیشته‌جێیه که ژماره‌یان (280) که‌سه، له‌و پرۆژه خزمه‌تگوزارییانه‌ی که حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ داریکه‌لی ئه‌نجامداوه، وه‌ك: قوتابخانه، بنکه‌ی ته‌ندروستی، مزگه‌وت، کاره‌بای نیشتمانی، پرۆژه‌ی ئاو و ڕێگه‌وبان.
- سوود وه‌رگیراوه له کتێبی بازیان مێژوو و گه‌شه‌سه‌ندنی؛ نووسینی کاروان محه‌مه‌د و یاسین ئه‌حمه‌د