پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

كوا وە‌زارە‌تی ڕۆشنبیری؟

مەشخەڵ كەوڵۆسی


لەم قۆناغەدا، وەك چۆن كورد پێویستی بە ئابوورییەكی بەهێز و، سیاسییەكی دەوڵەتیی و، كارمەندێكی دڵسۆز و، هاووڵاتییەكی وشیار و، دادوەرێكی دادگەر و، مامۆستایەكی مەبدەئی هەیە، ئاواش پێویستی بە میدیایەكی بوێرە كە لەئاستی تەحەداكانی قۆناغەكەدا بێت و، ناشمانەوێت لەوە زیاتر بكات كە میدیا سەنگینەكانی دنیا كردوویانە و دەیكەن لەكاتێكدا میللەتەكەیان ڕووبەڕووی هەڕەشەی چارەنوسساز دەبێتەوە.
ئەوانەمان كە سەروكارێكمان لەگەڵ كایەی میدیادا هەیە، زۆر لەمێژە هەستمان كردووەو، هاواری ئەوەمان كردووە كە میدیای كوردی، نەلەئاستی پێویستدایەو، نە لەكاتە هەستیارەكانیشدا دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بەئاراستەی نیشتمانسازی و دروستكردنی ڕۆحی مقاوەمەت لەناو ناخی كورددا بگێڕێت. بەڵكو بەپێچەوانەوە، بەشێكی زۆر لەكەناڵە كوردییەكان
بەتەواوی لەناو ستراتیژی داگیركەرانی كوردستاندان و، بوونەتە بەشێكی دانەبڕاو لە تابوری پێنج و، بەئاشكرا شەڕی سایكۆلۆژی لەگەڵ كورد و قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن.
هەموومان لەبیرمانە، هەر پێرێ كە ساڵوەگەڕی ڕووداوەكانی
١١ی سێپتەمبەر بوو، میدیای ئەمریكی كە دایكی لیبراڵیزم و ڕای ئازادە، چۆن مامەڵەی لەگەڵ ڕووداوەكەدا كرد.
ئایا هیچ میدیایەكی ئەمریكیتان بینی بڵێت: بن لادن ڕاست دەكات ئەگەر ئەمریكا كەنداوی داگیرنەكردایە، بن لادن سەنتەری بازرگانی جیهانیی نەدەتەقاندەوە؟ ئایا هیچ بیرمەندو نوسەر و ڕۆژنامەنووس و كۆنگریسمانێكی ئەمریكیتان بینی، بێت و پاساوی هەنگاوەكانی بن لادن بدەن؟ شەرعیەتی پێ بدەن و، لەو ڕێگایەوە شەڕی دەرونی لەگەڵ میللەكەی خۆیان بكەن؟. ئایا هیچ میدیایەكی ئەمریكیتان بینی، بڵێت: لەبەر ئەو هەموو باج و خەراجەی كە حكومەتی ئەمریكا سەپاندوویەتی، دەستی قاعیدە خۆش بێت كە هێرشی كردە سەر ئەمریكا؟. ئایا میدیایەكی عەرەبیتان دیوە، لەمسەری ڕۆژهەڵاتی عەرەبی بۆ ئەوسەری ڕۆژئاوا، شەرعیەت بداتە هەنگاوەكانی ئیسرائیل بەرانبەر فەلەستنییەكان؟ …هتد.

بەڵام بۆچی میدیای كوردی ئاوا دەكات؟ بۆچی میدیای كوردی بەخەتی پان دەنوسێت: مژدە مژدە ئابووری سەربەخۆ كۆتایی هات؟ بۆچی لایەنێكیش نیە بەر بەم بەرەڵاییە بگرێت؟ كوا وەزارەتی ڕۆشنبیری؟ كوا داواكاری گشتی؟ كوان ڕۆشنبیران و نوسەران و سەركردەكانی ڕای گشتی؟ كوا سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان؟….هتد.

لەكاتە هەستیارەكاندا، تەنانەت یاساكانیش بلۆك دەكرێن و، چی لەبەرژەوەندی باڵای نەتەوەدایە، ئەوە كاری پێدەكرێت و، هەرچی دروشم و كەمالیاتە، لاوە دەنرێت.
با بەرپرسانی وەزارەت و لایەنی پەیوەندیداری یاسایی و ئەمنی لەكوردستان، پێمان بڵێن: ئایا لەبەرژەوەندی كوردستانە جاڕی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان وەكو مژدە بڵاوبكرێتەوە؟ وەگەرنا بۆچی هیچ هەڵوێست و جوڵەیەكیان نیە؟ بۆچی هیچ كاردانەوەیەكیان نیە بەرانبەر ئەو كەناڵ و پەیچ و سایتانە؟. ئیدیۆمێكی عەرەبی هەیە دەڵێت: بێدەنگی نیشانەی ڕازی بوونە. باشە بێدەنگی لەوەی ئەو جۆرە كەناڵ و سایتانە دەیكەن، چییە؟ ئایا ڕازی بوونی لایەنە پەیوەندیدارەكانە بەوەی ئەو كەناڵانە دەیكەن؟ لەڕووی یاساییەوە، هەر كارێك لەدوو فەقەرە بەدەرنیە، یان یاسایی و بێخەوشە، یان نایاسایی و تاوانە، ئایا ئەو كارەی میدیا كوردییەكان چییە؟ مادەم هەمووان لێی بێدەنگن و، هیچ كاردانەوەیەك نابینین، كەواتە كارەكەیان ئەگەر یاساییش نەبێت، لایەنی پەیوەندیدار، وەزارەتی ڕۆشنبیری و سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و داواكاری گشتی، ئەوكارەیان بەلاوە پەسەندە ئەوەش هانی میدیاكانی تریش دەدات، هەمان ڕێچكەی ئەوان بگرن! ئاسانتر و بێ سەریەشە ترە. ئیدی وەك قانعی نەمر دەڵێت: با مل بشكێت، شوان و
سەپان و ڕەنجدەرانی كورد…. كاتێ كورد بەدەستبەتاڵی لەكایەكە دێتە دەر، كێشەی هیچ لایەكمان نابێت. وقد أعذر
من أنذ.