سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان: پێویستە پێداچوونەوەی جددی بە دۆخی سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگە بكرێت

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، ئاشکرای کرد كە هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان و پێشمەرگە بەھۆی قۆستنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەیە کە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە دروست بووە.

جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بەبۆنەی شەهیدبوونی ژمارەیەك ھاووڵاتی مەدەنی و پۆلێك پێشمەرگەی قارەمان لە سنووری قەرەچووخ، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕای گەیاند “ئەم ڕووداوە لە كاتێكدایە كە لە ماوەی ڕابردوودا بە ھۆی قۆستنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە دوای (١٦ـی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧)ەوە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم دروست بووە، بەردەوام لێرە و لەوێ دەستی رەشی تیرۆریستان دەگاتە ھاووڵاتیانی مەدەنی و ھێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە”.

جوان یونس ڕۆژبەیانی دەڵێ ” پێویستە بە زووترین كات دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە و ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی لە پێش ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ لێی بوو”.

سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان ڕاشیگەیاندووە تا ئەو كاتەی دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی دەكرێتەوە، بەرپرسیارییەتی سەقامگیری لەو ناوچانە و پاراستنی سەلامەتی گیانی ھاووڵاتیان، بە تەواوی لە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵیی عێراقدایە.

ئاماژەی بەوەش داوە دەبێت پێداچوونەوەی جددی بە دۆخی سەنگەرەكانی ھێزی پێشمەرگە بكرێت و لە ھەموو ڕوویەكەوە پاڵپشتی زیاتر بكرێن و تەواوی ئەو پێداویستییە مرۆیی و لۆجستییانەی بۆ توندوتۆڵكردنی سەنگەرەكان پێویستن، بە زووترین كات بۆیان فەراھەم بكرێت.

جوان یونس داوا لە لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دەکات رۆڵی باشتر بگێڕێت لە پاڵپشتیكردن لە ھێزی پێشمەرگەی كوردستان كە لە بری ھەموو جیھان ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش وەستاوەتەوە، ھەروەھا ھاوكار بێت لە دروستبوونی ھەماھەنگی پێویست لە نێوان ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچە كوردستانییەكان.

ھەواڵی زیاتر