ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی 08ـی 2023 لە دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرپەرشتی فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ڕاوێژکارانی وەزارەت و بەڕێوبەری میلاکات و بەرپرسی بنکەی ئۆڕاسیۆنەکانی وەزارەت کۆبوونەوەیەک لەبارەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ناوەرۆکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا تایبەت بە هێزەکانی (70 و 80) بەڕێوەچوو.
بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکەدا، بەرەوپێشچوونەکانی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە بارەی هێزەکانی (70 و 80) خرایە بەرباس و هەموویان بەبایەخەوە باسیان لەیاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرد و هاوڕابوون لە جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی ناو کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا.
سەرۆکی ئەرکان دووپاتی کردەوە کە وەزارەتی پێشمەرگە بە پاڵپشتی هێز و لایەنە سیاسییەکان پابەندە بە پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەردەوامیش دەبن تاوەکو پڕۆسەکە بە سەرکەوتن دەگەینن.
لە ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە بەوەش دراوە کە ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە پێویستیان زانی سوپاسی تیمی سەربازیی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارانی سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان بکەن و ئاماژەیان بە ڕۆڵی گرنگی تیمە سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا کرد لە گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی نێوانیان.
لەکۆتاییدا جەخت لە گرنگی بەردەوامیی پڕۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە، هاوکات پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان و هەماهەنگیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پێویست زانی بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و نەهێشتنی یەکجارەکی مەترسییەکانی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان.