چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: کرێکاری بیانی و پەنابەر و ئاوارە، بوونەتە بەرپرسیارێتییەکی نوێ لەسەر هەرێمی کوردستان

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ڕایگەیاند، لەدوای ساڵی 2013ـەوە نزیکەی حەفتا هەزار کرێکاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بەپێی داتا تۆمارکراوەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە ساڵی 2021 زیاتر لە هەشت هەزار کرێکاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
گوتیشی: جگە لە کرێکاری بیانی، ژمارەیەکی زۆری پەنابەر و ئاوەرە لە هەرێمی کوردستان هەن، کە بوونەتە بەرپرسیارێتییەکی نوێ لەسەر هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن و چەند حاڵەتێکی فرۆشینی ئەندامانی جەستەش لەنێویان تۆمارکراوە، گوتی: ڕاستە هەندێك جار لەبەر پێویستی مرۆییە، بەڵام ئەو بابەتە دەبێت ڕێک بخرێتەوە.
هەر لەو بارەیەوە گوتی: لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی پرسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تاوتوێ دەکەین، ئاماژەی بەوەش کرد، پێکەوە لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی لێکتێگەیشتنێکمان هەیە بۆ هاریکاریکردنمان لەسەر جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.