نەعیم پانجۆسا، پارێزەری سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان، عیمران خان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە دادگای باڵای ئیسلام ئاباد دوایین سزای عیمران خانی بە تۆمەتی گەندەڵی راگرت، هەرچەندە ڕوون نییە کە ئایا ئەوە دەبێتە هۆی ئازادکردنی خان لە زیندان یان نا.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان عیمران خان، لە 5ی ئابدا زیندانی کرا، دوای ئەوەی سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بەهۆی فرۆشتنی دیارییەکانی وڵات بە شێوەیەکی نایاسایی لە ماوەی سەرۆکایەتی حکومەتدا لە ساڵی 2018 تا 2022.
خان تانەیەکی لە دژی ئەو سزایە تۆمار کردبوو. پانجوسا لە پلاتفۆرمی X کە پێشتر بە تویتەر ناسرابوو، گوتی “داواکارییەکەمان قبوڵکراوە، بڕیارەکەش هەڵپەسێردراوە”.
دەشڵێت: دڵنیانین لەسەر ئەوەی کە ئایا خان لە ئەنجامی بڕیارەکەی دادگای باڵا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئازاد دەکرێت یان نا، دەگەڕێتەوە بۆ فەرمانی دادگا کە رێگە بە دەستبەسەرکردنی دەدات لە دۆسیەکانی دیکەدا یان نا.
لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ ئەوەی هەڵبژاردنەکانی پاکستان بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، کۆمیسیۆنی پاکستان بڕیاریدا خان بۆ ماوەی پێنج ساڵ قەدەغەبکات لەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان کاندید بکات.