رۆژانی 22 تا 24ی ئابی 2023، لوتکەی بریکس بە سەرۆکایەتی بەرازیل، رووسیا ، چین، ئەفریقای باشوور و هیندستان، لە جۆهانسبێرگی پایتەختی ئەفریقای باشوور کۆبوونەوە، لەبارەی لوتکەی ئەمجارە، پسپۆڕ و شارەزایانی رووس دەڵێن: بلۆکەکە هەموو هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا.
پەرەسەندنی گرژییەکانی جیهان بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و رکابەری نێوان چین و ئەمەریکاوە، وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی بریکسی ناچارکردووە پەلە بکەن لە فراوانکردنی رێکخراوەکەیان، بۆ دانانی سنوورێک بۆ هەژموونی سیاسی و ئابوری ئەمەریکا و ئەوروپا و دروستکردنی سیستەمێکی نوێی باڵانسی هێز لە جیهاندا.
لەوبارەوە ڤیکتۆریا پانۆڤا، جێگری سەرۆکی زانکۆی قوتابخانەی باڵای ئابووری لە مۆسکۆ بە کوردستان24ی گوت: “بەپێی راگەیاندراوی رێکخراوی بریکس، هەموو پرسەکانی بەڕێوەبردنی جیهان، مەترسی تیرۆریزم، چارەسەری کێشە لۆکاڵییەکان، لە چوارچێوەی دانیشتنەکانی رێکخراوەکەدا تاوتوێکراون، ئەندامانی بریکس ناخوازن سیاسەت ئاوێتەی کار و بەرنامەی رێکخراوەکە بکەن”.
گوتیشی: “هیچ هێڵێکی سوور بۆ وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە ناکێشن، بەپێچەوانەی وڵاتانی خۆرئاواوە، رێكخراوەكە لەسەر بنەمای رێزگرتنی بەرابەر کاردەكات، سامانی سرووشتی و داهاتی ناوخۆیی وڵاتانی بریکس، دەتوانێت بۆ وڵاتانی تریش ھاوكار بێت، ئەمەش مەترسییە بۆ وڵاتانی خۆرئاوا، چونکە ئەو کارتە بەهێزانەی هەنووکە لەدەست وڵاتانی خۆرئاوادایە بۆ فشاردانان لەسەر وڵاتان، هێواش هێواش پووچەڵ دەبنەوە، بەو پێیەی بریکس وەک ئەلتەرناتیڤ دەچێتە پێشەوە”.
بریکس رێکخراوێکی ئابوورییە، بەرازیل و رووسیا و چین و هیندستان و ئەفریقای باشوور لە 2009وە دایانمەزراندووە، گەشەی ئابووری وڵاتانی ئەندامی بلۆکەکە خێرایە، سەدا بیست و شەشی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی جیهان پێک دەهێنێت و لە بەرهەمی گرووپی وڵاتانی (جی حەوت) زیاترە، بەڵام لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتیدا تەنیا سەدا 15ی دەستەڵاتی دەنگدانیان هەیە،
ڤاسیلی سیدرۆڤ، توێژەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیای زانستی رووسیا دەڵێت: “بە بڕوای من وەرگرتنی ئەندامی نوێ و هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیكە کاتی پێویستە، سەرەتا دەبێت ئەم وڵاتانە شوێنپێی خۆیان توند بکەن، دواتر رێکخراوەکە فراوانتر بکرێت، بریکس کاریگەری ئابوری دەبێت، چونکە وڵاتانی ئەندام بەھۆی ناڕەزایی بوونیان لەو چاکسازیانەی لە پرۆسەی ئابووری جیهاندا كراوە، ئەم یەکگرتنەیان ئەنجامداوە، و داوا دەكەن ریفۆرم لە سیستمی دارایی جیهاندا بکرێت و وڵاتانی بریکس لە بانکی جیهانیدا پێگەیان بەهێزتر ببێت، یانیش دەبێت دەزگا و دامەزراوەی دارایی جێگرەوە درووستبکەن”.
دەشڵێت: “دیارە لەناوخۆی بریکسدا خاڵی ناکۆک هەیە، بۆیە ئەشێت خۆرئاوا كار لەسەر ئەوە بكات و بۆ کەمکردنەوەی بایەخی بریکس لەسەر ئاستی جیهان بەكاری بھێنێت، بەھەرحاڵ چاوەڕێ دەكرێت سەنگی وڵاتانی بریکس لە سیستمی دارایی جیهانیدا زیاد و سەنگینتر ببێت”.
لەبەرانبەر زیادبوونی هەژموونی ئەمەریکا و ئەوروپا لە جیهاندا، وڵاتانی زلهێزی رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین، لە رێگەی رێکخراوی بریکسەوە هەوڵەکانیان چڕترکردووەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وڵاتانی رۆژئاوا.