دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

مەسرور بارزانی: هونەرمەند شوکر خەیات ڕۆڵێکی دیاری لە پەرەپێدانی گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی کوردی هەبوو

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هونەرمەند شوکر خەیات دەکات و دەڵێت، “هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر بوو و ڕۆڵێکی دیاری لە پەرەپێدانی گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی کوردی هەبوو”.

ئەمڕۆ شەممە 19ـی ئابی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هونەرمەند و مەقامبێژی ناسراوی کوردستان، شوکر محەمەد قادر ناسراو بە شوکر خەیات کرد و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت. 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیویەتی: “خوالێخۆشبوو شوکر خەیات، هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر بوو و ڕۆڵێکی دیاری لە پەرەپێدانی گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی کوردی هەبوو”.

درەنگانی شەوی رابردوو، 18ـی ئابی 2023، هونەرمەند شوکر خەیات لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر و لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و بەیانی ئەمڕۆ لە گۆڕستانێکی شاری کەرکووک بەخاکسپێردرا.  

هونەرمەند شوکر خەیات ماوەی چوار مانگ بوو بەهۆی نەخۆشکەوتنییەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر لەژێر چاودێری پزیشکیدا بوو و لە چەند رۆژی رابردوودا باری تەندروستیی ناجێگیر ببوو.

دەقی پرسەنامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بە داخێکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەند و مەقامبێژی ناسراوی کوردستان ، شوکر محەمەد قادر ناسراو بە شوکر خەیات-م بیست. خوالێخۆشبوو شوکر خەیات، هونەرمەندێکی نیشتمانپەروەر بوو و ڕۆڵێکی دیاری لە پەرەپێدانی گۆرانی و مەقامی ڕەسەنی کوردی هەبوو . پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و هونەرمەندانی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم . خوای مەزن و میهرەبان ، گیانی بە بەهەشت شاد بکات و سەبر و ئارامییش بە هەمووان ببەخشێت . 

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان