دوای گەیشتنی یەکەم کاروانی پەتاتەی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی کەنداو کە بووە جێی سەرنجی زنجیرە چێشتخانە جیهانییەکان بەتایبەتی ماکدۆناڵدز، ئێستا زنجیرە چێشتخانەکانی کەی ئێف سی و هاردیز لە وڵاتانی کەنداو داوای پەتاتەی کوردستان دەکەن.
دوای ئەوەی زنجیرە چێشتخانەکانی ماکدۆناڵدز نموونەی بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی کوردستانیان بینوە و داوایان کردووە لە مەودوا هەفتانە 500 بۆ هەزار تۆن پەتاتەی کوردستانیان دەوێت و بۆ ئەو مەبەستەش دواتر رێککەوتنێک واژۆ کراوە.
لەلایەن خۆیەوە، بەشار موشیر ئاغا، خاوەنی کۆمپانیای وەبەرهێنان لە بواری بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی پەتاتە رایگەیاند, زنجیرە چێشتخانەکانی کەی ئێف سی و هاردیز لە وڵاتانی کەنداو داوای پەتاتەی کوردستانیان کردووە و لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی پەتاتەی کوردستان بۆ ئەو چێشتخانە براندە جیهانیانەش دابین بکەن.
هەروەها باسی لەوەشکرد، ئێستا لە گفتوگۆدان لەبارەی بڕ و چۆنیەتی دابینکردنی پەتاتە بۆ ئەو زنجیرە چێشتخانە جیهانیانە و لە داهاتوویەکی نزیکدا هەوڵدەدەن بگەنە رێککەوتن و بتوانن پەتاتەی کوردستان بگەیەننە چێشتخانەی هەموو براندە خۆراکییە جیهانییەکان.
هاوکات بەشار موشیر ئاغا لەبارەی داواکردنی پەتاتەی کوردستان لەلایەن ئەو چێشتخانە جیهانیانەوە، رایگەیاند کە پەتاتەی کوردستان ئێستا باشترین پەتاتەیە لە بازاڕەکانی ئیمارات هەبێت و سەرنجی هەموو بازرگانان و وەبەرهێنەرانی بواری خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی راکێشاوە.
رۆژی دووشەممە (31ـی تەمموزی 2023) باوەڕ سابیر خۆشناو، بازرگانێکی شاری هەولێرە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەشت کۆنتێنەر کە پێکهاتبوو لە 300 تۆن پەتاتە کە لەلایەن جووتیاران هەرێمی کوردستان بەرهەمهێندراوە بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتی ئیمارات کردوو و لەوێش سێ کۆنتێنەر بۆ وڵاتی عومان و پێنج کۆنتێنەریش لە دوبەی فرۆشراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە (7ـی ئابی 2023)، لە ھەولێر واژۆی گرێبەستی ھەناردەکردنی بڕی پێنج ھەزار تۆن پەتاتەی پیشەسازی لە نێوان وەبەرھێنەران و بازرگانانی بەروبوومی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان و بازرگانانی وڵاتی ئیمارات کرا و لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەش، 120 تۆن پەتاتەی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی پێنج کۆنتێنەرەوە رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران.
هەناردەکارانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان جەخت دەکەنەوە، لە کۆگاکان بۆ ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆیی بەردەستە و هاوردەکردنی پەتاتە پێویست نییە، هاوکات لە پلانیاندایە بەرهەمەکانی پیاز، خەیار و کولەکە کە بەرهەمی زیاتر خۆڕاگرن، هەناردەی بازاڕەکانی کەنداو بکەن.
وەک بەشێک لە پلانە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 200 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتە زیادیکردووە و ئەمساڵیش گەیشتووەتە نزیکەی 600 هەزار تۆن کە داهاتەکەشی بە 500 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، جووتیارانی هەرێمی کوردستان ساڵانە، 30 جۆر پەتاتە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت، لەو رێژەیەشدا، 10 جۆریان پیشەسازیین و بۆ بەرهەمهێنانی (فینگەر و چپس) بەکار دەهێندرێن.
هەروەها بە پاڵپشتییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین بەرهەمی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ئاستی بەرهەمێنانیان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان. لەوانەش پەتاتە، گەنمەشامی، خەیار و چەندین بەرهەمی دیکەی سەوزە و میوە.
جگە لەمانە، یەکێک لە گەورەترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتیکردنی جووتیاران ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانە لە بازاڕە جیهانییەکان، لە ساڵی رابردوو بە فەرمی دوو هەزار تۆن هەنار هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرا و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە لە هەنار هەریەکە لە بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرێن، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، برنجی کوردی و تەحینی کونجیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی رەوەندی کوردی بەشێوەیەکی فراران لێیدا دەژین، خواستی لەسەرە. هەروەها، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و زەیتی زەیتوون و ئاوتەماتە و چەندین بەرهەمی دیکە، بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکەنەوە.