ئهمڕۆ دووشەممە (7ـی ئابی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڤۆلکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.
وەک لە راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە گەلی کوردستان، لە درێژایی مێژوودا، دووچاری چەندین کۆمەڵکوژی و جێنۆساید و پێشێلکردنی مافەکانی بووەتەوە و قوربانییەکی زۆری لە پێناو بەدەستهێنانی مافە رەواکانی داوە، بۆیە زۆر بە گرنگییەوە لە پرنسیپەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی دەڕوانێت.
لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی داوایکرد کۆتایی بە پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان بێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتی هەرێمی کوردستان بدات بۆ دەستەبەرکردنی “مافە رەواکانمان و پێویستە رێگە بگرن لە دووبارەبونەوەی کارەسات و جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان”.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییە گشتگیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بە تایبەتی پلانی پەسەندکراوی پێنج ساڵەی حکومەتی هەرێم تایبەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و توندڕۆیی و بەتایبەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان.
مەسرور بارزانی لەو دیدارەدا دووپاتیکردەوە، کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان، بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
لەلای خۆیەوە کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، سوپاسی هاریکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بەتایبەتی لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ .
بە گوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتە نەرێنییە هەمەلایەنەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە سەر ژیانی مرۆڤ و برەودان بە هوشیاریی ژینگەپارێزی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.