دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.كەیفی ئەحمەد:”فۆلكلۆر ڕۆڵێكی گرنگی لە تۆماركردنی ژیان و پلەی ژیاریی هەموو نەتەوەكانی جیهاندا هەیە”

دیمانە: هێمن خەلیل

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر (د. كەیفی ئەحمەد) ساڵی2011 ماستەری بە ناونیشانی (ڕیالیزم لە شانۆی كوردیدا) بەدەستهێناوە، هەروەها تێزی دكتۆراكەشی بەناوی( بنیاتی هونەریی داستان لە ئەدەبی فۆلكلۆری كوردیدا). ئێستا مامۆستایە لە زانكۆی كۆیە. فاكەڵتیی پەروەردە ,بەشی زمانی كوردی, پلەی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەرە. تایبەت بە تێزی دكبتۆراكەی دیدارێكی ڕۆژنامەوانیمان لەگەڵیدا كرد.

لەسەرەتادا لە پڕۆفیسۆریی یاریدەدەر (د.كەیفی) ـمان پرسی مەبەست لە چەمكی كەلەپوور و فۆلكلۆر چییە؟ لە وەڵامدا گوتی:” لقێكی گرنگی لقەكانی زانیاری مرۆڤایەتییە.ئەو ئەدەبە پێبەپێ و هەنگاو بە هەنگاوی ئەدەبی فۆلكلۆر بەرەوپێشچوونی مرۆڤ و سەدە دوای سەدە لەگەڵیدا بووە, لە هەموو ئەو هەنگاو و سەردەمانەشدا وەكو دەریایەك زیادی كردوە ‌و خەرمانەكەی گەورەتر بووە، بەڵام لەلایەن خەڵكی تایبەتمەند و زانای ئەو بوارە گرنگی پێنەدراوە و لای لێنەكراوەتەوە، ئەو سەردەمانەی دوایی نەبێت، بۆ نموونە لە نیوەی یەكەمی سەدەی نۆزدەهەم ئەو جۆرە گرنگی پێدانە سەریهەڵداوە و لەدایكبووە، كە گرنگی بە ڕووخساری شارستانی گەلێك لە گەلانی جیهان دەدات، كە كۆمەڵێك هۆكار بوونە هۆی ئەوەی لەو سەدەیەدا گرنگی بە فۆلكلۆر بدەن و ڕووی تێبكەن و زانستێك بەو ناوە دابمەزرێت. هەروەها داواش لە خەڵكی بكەن گرنگی پێبدەن، پاشان لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتێیەكانەوە دانی پێدابنرێت. لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە ئەدەبی فۆلكلۆری وەكو كەلەپوورێكی كۆن و هەمەلایەنە لە زۆر ڕوانگەوە دەتوانرێت شیكردنەوە و لێكدانەوەی بۆ بكرێت. لەبەرئەوەی ئەو كەلەپوورە هەڵگری چەندین واتای جۆراو جۆرە، كە ڕەنگدانەوەی ناخ و ڕووساری ئەو كەسانەی دایانهێناوە بەدیاردەخات. هەروەها ئەو كەسانە زیاتر لە دێهاتەكاندا ژیاون و ڕەنگدانەوەی ژینگەی دێهاتی پێوەدیارە، بە هۆی ئەوەی زۆر كەس ئەو وشە لەگەڵ بواری دیكە تێكەڵ دەكات، وەكو ئەوەی كار و كردەوە لەگەڵ كەرەستەكە لێك جیاناكاتەوەو تێكەڵی دەكات. چونكە فۆلكلۆر ئەو كەرەستەیەیە، كە لە دێرینەوە بۆمان بەجێماوە، نەوەكو بێین بەو كەسەی كە حەزو ئارەزوو و خولیای ئەوەیە گەڕان و پشكنین بۆ ئەو كەرەستە دێرینانە بكات پێی بڵێین فۆلكلۆر، یان فۆلكلۆری. كەواتە مەبەست لە وشەی فۆلكلۆر ئەو ماددەیەیە, كە لێی دەكۆڵینەوە, ‌نەك زانستەكەی لەو ماددەیەی پێ دەكۆڵرێتەوە. بۆ زانستی فۆلكلۆر وشەی دیكە بەكارهێنراوە, كە بریتییە لە زانستی فۆلكلۆر.لە هەر وڵاتە و بە گوێرەی زمانی ئەو گەلە خۆی زاراوەیەكی بۆ دانراوە. كەلەپوریش هەموو ئەو هونەر و ئەدەب و دابونەریتە كۆمەڵایەتیی و شارستانییانە و لەگەڵ هەموو لێكەوتەكانیان دەگرێتەوە، كە نەوەكانی كۆن لە دوای خۆیان بۆ ئێمەیان جێهێشتووە. هەروەها بریتییە لە كاروانی مێژووی گەلێك، بە هەموو ئەو شتانەی كە لەخۆیدەگرێت و پڕیەتی لە ڕەسەنایەتی و جوانی. نەوەكان یەك بۆ ئەویتری جێهێشتووەو گواستویەتەوە. كەلەپوری نەتەوەیی ئەو لقە سەرەكی و بنەڕەتییەیە،‌ كە ژیریی و ڕەسەنایەتی و ئەزموونە دەوڵەمەندەكانی گشت بوارەكانی چالاكی كۆمەڵ لەخۆدەگرێت، كە پڕیەتی لە ئەزموون و شارەزایی پڕشنگداری زۆربەی زۆری بوارەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی. كەلەپور بریتییە لەو هێمایەی، كە كۆمەڵێك لە گشت كۆمەڵ‌ و گەل و نەتەوەكانی دیكە جیادەكاتەوە، بەو وێنە و جۆر و ‌تایبەتمەندییانەی, كە ‌تەنها خۆی خاوەنیانە.= ئەدەبی فۆلكلۆریش بەشێكە لەو كەلەپورەی، كە بەدەستمان گەیشتووە, وەك پاشماوەیەكی دێرین و كۆنی پێشینان، كە بریتییە لە بەردەوامی و درێژەپێدانی ئەو هونەر و ئەدەبە میللییانەیە، كە تا ئەمڕۆش شتی نوێمان پێدەبەخشێت، بەردەوام نوێدەبێتەوە، لەگەڵ پارێزگارییكردن لە شێوە و شێوازە دێرین و ڕەسەنەكەی خۆی”. .
تایبەت بەگرنگی كەلەپور وفۆلكلۆر بۆ میللەتان دكتۆر دەڵێ‌:” فۆلكلۆر ڕۆڵێكی گرنگی لە تۆماركردنی ژیان و پلەی ژیاریی هەموو نەتەوەكانی جیهاندا هەیە. چونكە ئاستی پێشكەوتنی نەتەوە ڕوون دەكاتەوە، هەروەها بایەخێكی زۆر بەم زانستە، لەپاڵ زانستەكانی دیكەدا دراوە. گرنگترین گۆشەی ژیانی مرۆڤ لە فۆلكلۆردا ڕەنگدەداتەوە. زۆربەی قوتابخانە ئەدەبی و فیكری و ڕۆشنبیرییەكان جەخت لەسەر گرنگی كەلەپور دەكەنەوە. لەو ڕوانگەیەوە بایەخێكی زۆری بۆ نووسەران و ڕۆشنبیران بە گشتی هەیە، وەكو گەنجینەیەكی بەنرخ وایە, دەتوانن ئیلهامی لێوەربگرن. فۆلكلۆر كەرەستەیەكی خاوی مەزن و دەوڵەمەندە و سەرچاوەیە بۆ هەموو شاعیران و نووسەران. ئەگەر بەباشی لە فۆلكلۆر بگەین, بەرهەمی ئەمڕۆمان زۆر ڕەنگین دەبێت، ئەوسا زۆر بە ئاسانی و وردی لە گرنگی فۆلكلۆر دەگەین. بۆیە، بناغەی ئەدەبی نووسراو لە فۆلكلۆرەوەیە. لەلایەكی دیكەوە گرنگی ئەم زانستە لەوەدایە،‌ كە ڕەسەنایەتی ئەدەب و ڕۆشنبیریی بۆ ئەو كلتورە دەگەڕێتەوە و دەبێتە هۆكارێك، كە بەرهەمەكان لە فەوتان بپارێزرێن و بە نەمریی بمێننەوە، لە هەمان كاتیشدا دەبێتە ناسنامەی نەتەوایەتی و پارێزەری ئەو نەتەوایەتییە. هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ بابەتەكانی ئەدەب بە گشتی، وەكو ڕۆمان و چیرۆك و حیكایەت و شیعر و…هتد. گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان، ژیان و مێژوو و ڕەسم و عادەتی خەڵكیان پاراستووە. هەروەها هەندێك لە خۆرهەل تناسان ئاماژە بە دەوڵەمەندی و بەهێزی فۆلكلۆری كوردیی دەكەن، ئەمەش وایكردووە, كە بەنێو گەلانی دراوسێشدا بڵاوببێتەوە”.
سەبارەت بە بەشەكانی فۆلكلۆر ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی دا:” یەكێك لە خەسڵەتە جوان و باشەكانی فۆلكلۆر ئەوەیە ,بە یەك فۆرم خۆی دەرناخات و لە چەندین فۆرمی جیاوازدا خۆی دەخاتەڕوو, كە بەرتەسك و سنوردار نییە و زۆر فراوانە و چەندین بواری جیاواز دەگرێتەوە وەك : (ئەفسانە، خورافە (پڕوپووچ.- هوڕێنە، هەقایەتی فۆلكلۆری، پەندی پێشینان، گالتەو گەپ، نوكتە، قسەی خۆش، مەتەڵ، گۆرانی، داستان، بەیت و…تاد) “.
لەپرسیارێكی تر لە (د.كەیفی) مان پرسی كاریگەری چاپخانە و ڕۆژنامەنووسان لەسەر كەلەپور و فۆلكلۆر چییە؟لە وەڵامدا گوتی:” بواری ڕۆژنامەوانی بووە ئەو مینبەرە گەورە و فراوانە، كە نووسەران توانییان هەموو هەوڵ و تەقەڵای خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی گشت ژانرەكانی ئەدەب پێشبخەن لە هەردوو بوارەكەی زارەكی (فۆلكلۆر)ی و نووسراودا، بەتایبەتی ئەدەبی فۆلكلۆری. چونكە ‌هونەرەكانی ئەدەبی فۆلكلۆری كوردی، پانتاییەكی بەرینیان لە گۆڕەپانی ئەدەبیاتی ڕۆژنامەنووسیدا داگیركردوە، نووسەران هەوڵ و تەقەڵایەكی زۆریان داوە بۆ نووسینەوە و شیكردنەوەی دەقەكان و ئاشناكردنی خوێنەران بە دابونەریت و دەسنووس و شوێنەواری كۆن ئەگەر چاپ و ڕۆژنامەنووسی نەهاتبا كایەوە پیشە و كاری میللی و ڕێو ڕەسمی كوردەواری لە بۆنە جیا جیاكانداا و فۆلكلۆری گەلی كورد ئەوا كەلەپور و دەكەوتە دۆخێكی زۆر خراپەوە و تا ئەو ئاستەی لەوانەیە تا چەند سەردەمێكی دوورودرێژی دیكە، هیچی وای لێ نەمابایەوە و لەنێوچووبا، ئەویش بە هۆی مردن و نەمانی ئەو كەسانەی, كە ئەو شتانەیان بە شێوەی زارەكی لەبەركردبوو و بۆ خەڵكییان دەگێڕایەوە. نەتەوەی كورد بەدەگمەن و بە شێوەیەكی بەرتەسك ئەو هەلانەی بۆ هەڵكەوتووە، كە ڕۆژنامەی جۆرا و جۆر بە فراوانی هەبێ. چونكە لەلایەن نەتەوە داگیركەرو سەردەستەكان ڕێگرییان لێكردووە و ڕێیان نەداوە ئەو بوارەی بۆ بڕەخسێت. لە هەر سەردەمە و بە شێوەی جیا جیا و تاك ڕۆژنامەی بڵاوكردۆتەوە. بۆیە نووسەرانی كوردیش ئەو هەلانەیان قۆستۆتەوەو بە فیرۆیاننەداوە و ئەسپی خۆیان تێدا تاوداوە، تاكو ئەو جێیەی توانیویانە، خزمەتی ئەدەبیاتی نەتەوەكەیان پێكردوە. هەندێ ژانری ئەدەبی لەنێو كورددا تا دوای سەرهەڵدانی ڕۆژنامەنووسی كوردی بە شێوەی نووسراو، بوونی نەبووە، بەڵكو تەنها بە شێوەی زارەكی و سادە هەبووە، بۆ نموونە دەقی شانۆیی نووسراو لە ئەدەبی كوردیدا بەدیناكرێت تا دوای سەرهەڵدانی ڕۆژنامە، بە ماوەیەكی زۆر، كە خۆی لە بیست ساڵ دەدات. بەڵام دوای ئەوەی, كە یەكەم دەقی نووسراوی كوردی دەنووسرێت، كە ئەویش سەرچاوەكەی هەر كەلەپوورو فۆلكلۆری كوردییە، نووسەر سوودی لێوەرگرتووەو كردویەتی بە دەقێكی نووسراو لە ڕۆژنامەدا بڵاوی كردۆتەوەو خستویەتە بەردیدی خوێنەرانی كورد. هەروەها گۆڤاری (رووناكی)، لە بڵاوكردنەوەی سەربردەی فۆلكلۆریدا ڕۆڵی خۆی بینیوە، چەندین لەو سەربردە فۆلكلۆریانەی بڵاوكردۆتەوەو، گرنگی سەربردەی فۆلكلۆریش لەوەدایە، كە بەشێكی گرنگی كەلەپووری كوردەوارییە و لەنێو جەرگەی گەلدا سەریانهەڵداوە، كە لە دێر زەمانەوە لەلایەن داپیرە و باپیرە گەورەكانمان یان حیكایەخوانەكان بۆ منداڵان و نەوە ‌نوێیەكانیان گێڕاونەتەوە، داستانەكانیش وەكو بەشێكی گرنگ و گەورەی كەلەپووری نەتەوەیی ئاوڕیان لێدراوەتەوە و هەندێكی بۆ نێو ڕۆژنامە و گۆڤارەكان گواستراوەتەوە و بووە بە ئەدەبێكی فۆلكلۆری نووسراو، كە زۆربەیان هەر بەشیوە فۆلكلۆرییەكە تۆماركراون و هەندێكیشیان دووبارە لەلایەن نووسەرانەوە داڕێژراونەتەوە. بەڵام هەر لە سەرچاوە فۆلكلۆرییەكە ‌وەرگیراون، هەروەها گۆڤاری (گەلاوێژ) كە بۆ ماوەی (10) ساڵ بەردەوام بوو لە خزمەتكردنی ڕۆژنامەگەری و فۆلكلۆری كوردی، چەندین نووسەری ناودار لەو مینبەرەوە خزمەتیان بە فۆلكلۆری كوردی كردووە, بۆ نموونە (عەلائەدین سەجادی) ژمارەیەكی زۆری چیرۆكی فۆلكلۆری لەو گۆڤارەدا بڵاوكردونەتەووە”.
سەبارەت بە كەلەپوری سەرزارەكی و نووسراو (د.كەیفی) دەڵێ‌:” كەلەپور و ئەدەبی سەرزاری هەموو ئەو بابەتە زارە كییانەن, كە لەسەر زاری خەڵكی دەماو دەم و ماونەتەوە و نەگوازرانەتەوە سەر لاپەڕەكان و تۆمارنەكراون. بەڵام كەلەپوری نوسراو ئەوەیە, كە لەلایەن خەمخۆران و دامودەزگای تایبەتییەوە تۆماركراون و بەشێوە كتیب یان لە دوو توێی ڕۆژنامە و گۆڤارەكاندا نوسراونەتەوە و لە فەوتان و لە ناوچوون ڕزگاركراون و لەخەم ڕەخساون. هەروەها زۆر لە نوسەران و سوودیان لە فۆلكلۆر وەرگرتووە لە ڕوانگەی بابەتە فۆلكلۆریی و كەلتورییەكان و بە مەزراندنی ئەو بابەتانە لەنێو ژانرە ئەدەبییەكانیاندا بەرهەمی نوێیان خولقاندووە. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت، كە ئەدەبی فۆلكلۆر و كەلەپوور بووە بە بنەما و بناغە بۆ ئەدەبی نووسراو، سوودێكی یەكجار زۆری پێگەیاندووە، نووسەران ئەو ئەدەبەیان وەكو خەزێنە و سامانێكی بەردەست لەبەردەمدا بووە، بۆ ئەوەی بتوانن ئەزموون و بیری خۆیانی پێ دەوڵەمەند بكەن و خۆیانی پێ پەروەردە بكەن، ئەوسا بكەونە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆیان و خۆیان بدۆزنەوە”.