سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

هادی عامری: سەقامگیری لە کەرکووک بەدی نایەت ئەگەر پێکهاتەیەکی شارەکە ستەمی لێبکرێت

لەمیانی سەردانێکیدا بۆ کەرکووک، هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 و سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، ئامانجی ماددەی 140 گرنگیدانە بە کەرکووک.

هادی عامری ئەمڕۆ لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکرد، سەقامگیری لە کەرکووک بەدی نایەت ئەگەر پێکهاتەیەکی شارەکە ستەمی لێبکرێت.

راشیگەیاند، بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای شۆڕش و لیژنەی کاروباری باکووری سەردەمی بەعس لە ئەنجومەنی وەزیران هەڵوەشێندراونەتەوە و کشتوکاڵی کەروکووکیان ئاگادارکردووەتەوە هیچ جۆرە گرێبەستێک بە پشت بەستن بەو بڕیارانە نەکات.

سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 ئەوەشی خستەڕوو، رژێمی پێشوو زەوی لە خاوەنە سەرەنەکانی کەرکووک سەندبووەوە. گوتیشی: پێشنیازی قەرەبووکردنەوەی خاوەن زەوییەکان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە.

زیاتر لە مانگێک، جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری تۆپزاوە لە پارێزگای کەرکوووک، دژی داگیرکردنی زەوییەکانیان مانگرتنیان راگەیاندبوو کە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا بە بڕیاری لیژنەی کاروباری باکوور و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەناو شۆڕشی حزبی بەعس زیاتر لە 135 هەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کورد و تورکمان لە سنووری کەرکووک لە جووتیارانی کورد و تورکمان وەرگیراوە و درا بە عەرەبی هاوردە.

لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک بە هاوکاری ئیدارەی کەرکووک بەشێکی زۆریان لەو گرێبەستە کشتوکاڵییانە بۆ عەرەبی هاوردە نوێکردەوە بۆیە رۆژانە لە سنووری ناوچەکانی ماددەی 140 عەرەبی هاوردە بە هاوکاری سوپای عێراق هەڵدەکوتنە سەر زەوی و زاری جووتیارانی کورد