حەمەسەعید حەسەن
ڕەخنەگری نەیار
ڕەخنە تەنیا خوێندنەوە و شیکردنەوەی دەقێک نییە، بەڵکوو ڕۆنانی تەلاری دەقێکی نوێیە، لەسەر بناغەی دەقی بەسەرکراوە. دەشێت دەقێکی نوێ دەنگدانەوەی دەقێکی دێرین بێت، بەڵام ڕەخنە زایەڵەی هاواری دەقێک نییە، هاوارێکی دیکەیە. هەر ڕەخنەگرە و لە تێڕوانینی تایبەت بە خۆیەوە، دەق دەهێنێتە گۆ، دەیکاتەوە و بە دیوی ناوەوەیدا شۆڕ دەبێتەوە. نابینا کەسێکە تەنیا ئەو شتانە دەبینێت،کە هەر بە چاو دەبینرێن، ڕەخنەگر تەنانەت ئەگەر وەک تەها حسێن نابینایش بێت، هەر بەرچاوی خوێنەر ڕۆشن دەکاتەوە.
ڕەخنەگر ئەو وشانەیش دەبینێت کە کوژاونەتەوە، ئەو ڕەخنەگرەی تەنیا سەرقاڵی لێکدانەوەی ئەو وشانە بێت کە دەقەکەیان پێک هێناوە، ئەوە لینین گوتەنی: لەو پشیلەیە دەچێت بە دەوری دەورییەک شۆربای گەرمدا دەسووڕێتەوە، بەڵام دەمی بۆ نابات. ڕەخنەگر دەبێت پەی بە دنیای ئەودیو وشەکان ببات. ڕەخنەگر ئەگەر زاتی نەکرد، بەڕاشکاوی هەموو شتێک بڵێت، چاکتر وایە بێدەنگ بێت. هەموو دەسەڵاتێک ئەو بەرهەمانە پەسەند دەکات کە ئاو بە ئاشی ئایدۆلۆجیای خۆیدا دەکەن. بۆ ڕەخنەگر نەهاتووە ملکەچی هەژموونی دەسەڵات بێت، پێویستە دژی دەسەڵاتی
سەرکوتکار بێت.
بەپێی لێکدانەوەی لیڤی شتراوس، ئەفسانە شێوە گوتارێکە دابڕاو لە گێڕەرەوەکەی، بەڵام ڕۆڵان بارت مەبەستی لە مەرگی نووسەر، ئەوە نییە کە نووسەر لە دەقەکەیدا بزرە، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە، ڕەخنەگری بونیادخواز، بایەخ بە ژیاننامە و نامەی ئەعمالی نووسەری دەق نادات. با ڕەخنەگر باس لە نووسەری دەقیش نەکات، بەڵام ناتوانێت نووسەر لە تێکستەکەی جیا بکاتەوە. کێ دەتوانێت (بۆ هیوای کوڕم) بخوێنیتەوە و (گۆران)ی باوک لەو شیعرەدا نەبینێت؟
ڕەخنەگریش وەک هەر نووسەرێکی دیکە لەناو نووسینەکانیدا دەژی و بێلایەنیش نییە. دەشێت نووسەرێکی خۆش بوێت، بەڵام ڕەخنەی ئەدەبی زادەی خۆشەویستی نییە. زوو زوو باوکان کوڕیان دەمرێت و باوکیش نییە کوڕی خۆی خۆش نەوێت، کەچی تەنیا گۆران شینێکی نەمر بۆ مەرگی کوڕەکەی دەگێڕێت. کەواتە ئەو دەقە باڵایە، تەنیا بەرهەمی خۆشەویستی نییە. نە ئەڤێنێکی بێسنوور و نە ڕقێکی ئەستوور، هیچ کامیان ناتوانن ببن بە هەوێنی لەدایکبوونی ڕەخنەیەکی ئەدەبی، ڕەخنەی ئەدەبییش وەک هەر بەرهەمێکی دیکە، کارێکی داهێنەرانەیە.
ڕەخنەگر تێکستەکە دەکاتە پێوانە، نەک پێوەندیی خۆی بە نووسەری تێكستەکەوە. (پێم بڵێ کێ لەسەر کێی نووسیوە، پێت دەڵێم چۆنی لەسەر نووسیوە.) ئەوی لە ڕوانگەی پێوەندیی چاک یان خراپی نێوان خۆی و نووسەری بەرهەمەکەوە، بڕوانێتە بەرهەمەکە، ڕەخنەگر نییە، یار یان نەیاری خاوەنی بەرهەمەکەیە.