سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

د. سەرهەنگ جەلال:لە سای بەرنامەی تایبەت بە نەخۆشییە گوازراوەکانەوە، هەوکردنی ڤایرۆسینەی جگەر لەژێر كۆنترۆڵدایە

ڕێكخراوە جیهانییەکەی تەندروستی ڕێکەوتی ٢٨ـی تەمووزی وەك ڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر دیاری كراوە، تێیدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی هۆشیار كردنەوەی هاووڵاتیان بۆ خۆپاراستن لەو نەخۆشییە گوازراوەیە.

لە وڵاتانی دنیا ئەو ڤایرۆسە مەترسیی زۆری دروست كردووە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بە گوێرەی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕێژەكەی كەمە و جێی مەترسیی نییە.
ئەم نەخۆشیە بۆیە بەمەترسیدار دادەنرێت، چونكە ئەگەر چارەسەر نەكرێت دەتوانێت ببێتە هۆی هەوكردنی درێژخایەن یاخود مرۆڤ تووشی مەترسیی گیان لەدەستدان بكات بەهۆی شیبوونەوەی جگەر یان تووشبوونی بە شێرپەنجەی جگەر.
د. سەرهەنگ جەلال بەڕێوبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕوونی كردەوە بە گوێرەی ئاماری تۆماركراوی وەزارەت 286 حاڵەتی ڤایرۆسی جگەر لە جۆری سی و 705 حاڵەتی لە جۆری بی تۆمار كراوە، کە رێژەیەکی کەمە و، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی وەزارەت پلانی تۆكمەی داڕشتووە بۆ كۆنترۆڵكرن و تەشەنەنەكردنی ئەم نەخۆشییە گوازەرەوەیە.
بەرپرسانی تەندروستی بە پێویستی دەزانن كە كار بكرێت لەسەر هۆشیاركردنەوە بەتایبەت خۆپارێزی لە هەوكردنی جگەر، چونكە ئەوانەی ئێستە كەوتوونەتە گرووپی مەترسیدار ئەوە چارەسەریان بۆ دەكرێ‌ و دەشتواندرێت بە هۆی خۆپاریزی و جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان ڕێگری بكرێت لە بڵاو بوونەوەی نەخۆشییەكە.
ڤایرۆسی هەوكردنی جگەر نەخۆشییەكی باوی كوشندەی مەترسیداری ناو كۆمەڵگایە، كەبەشێك لەدانیشتوانی جیهان گیرۆدەی دەستی ئەم نەخۆشیەن و گواستنەوەی ئەم نەخۆشیە لەڕێگەی خوێن‌ و شلەدەردراوەكانی لەشەوەیە وەك لیك‌ و میز و ئارەق، هەروەها لەرێگەی دایكانی دووگیان بۆ كۆرپەكەیان دەگوازرێتەوە و خۆپاراستن لەم نەخۆشیە بریتیە لە بەكارهێنانی دەرزی كوتان دژی ئەم ڤایرۆسە.
ئامانج لەدیاری كردنی ڕۆژی جیهانی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەر بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵكیە سەبارەت بەخۆپاراستن لە توشبوون بە ڤایرۆسی جگەر بە هەموو جۆرە جیاوازەكانی، لەم ڕۆژەدا چەندین ڕێنمایی زانستی بڵاودەكرێنەوە لەڕێگەی كۆنفرانس و سیمینارە زانستی و پزیشكییەكان و لەڕێگەی ڕاگەیاندنەكان بەمەبەستی هوشیاركردنەوەی زیاتری هاوڵاتیان دەربارەی ئەم نەخۆشیە و ڕێگەكانی گواستنەوەی و چارەسەر وەرگرتن و ڕێگەكانی خۆپاراستن.

هۆكارەكانی ئەم هەوكردنە:
ڤایرۆسی B لە ‌پشت ئەم جۆرە دیاریكراوەی نەخۆشی جگەرەوەیە. هەوكردنەكە ئاسان دەكات تا لە كەسێكەوە بگوازرێتەوە بۆ كەسێكی تر. ئەم ڤایرۆسە دەتوانێ لە دەرەوەی لەش بژی بۆ ماوەی هەفتەیەكی تەواو، ئەم ڤایرۆسە بەهۆی ئەو باڵندانەوە دەگوازرێتەوە كە كۆچەرین و شوێنی خۆیان دەگۆڕن بەگوێرەی وەرزەكان.

ئەو رێیانەی دەبنە هۆی گواستنەوەی ڤایر‌ۆسی هەوكردنی جگەر لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر:
*گواستنەوەی لە دایكەوە بۆ كۆرپەڵە لەكاتی لەدایكبوون یان لە ماوەی دووگیانیدا.
*پێوەندی نزیك لەگەڵ كەسی تووشبوو بەم ڤایرۆسە، چونكە ڤایرۆسەكە توانای گواستنەوەی هەیە.
*بەكارهێنانی دووبارەی‌ ئامێرە پزیشكییە پیسبووەكان بەم ڤایرۆسە بەتایبەتی دەرزی.
*سێكسكردن لەگەڵ كەسێكی تووشبوو بەبێ‌ كۆندۆم.

نیشانەكانی
نیشانەكانی هەوكردنی جگەر بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت و مەرج نییە تەنیا چەند نیشانەیەكی دیاریكراو بێت. رەنگە لە سەرەتای دەركەوتنی ئەم ڤایرۆسەدا سیستمی بەرگری رێ‌ لە بڵاوبوونەوەی بگرێت و چارەسەری بكات. رەنگە دوای نزیكەی سێ مانگ تووشبوون بەم ڤایرۆسە نیشانەكانی دەربكەوێت، لێرەدا گرنگترین نیشانەكانی هەوكردنی جگەر بەهۆی ڤایرۆسەوە دەخەینە روو.

ماندوویەتی و بێهێزی.
لەدەستدانی ئارەزووی خواردن.
ڕەنگی پیسایی دەگۆڕێت و دەبێتە رەساسی.
تیرداگەڕان (تۆخداگەڕان)ـی ڕەنگی میز.
ئازاری سك.
دروستبوونی ئازار لە هەموو لەش.
بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای جەستە.