سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە ساڵی 2022 کەمترین ڕێژەى مردنی دایکان و منداڵان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە

ساڵ بە ساڵ لە هەرێمی کوردستان، مردنی دایکان و منداڵان کەمی کردووە، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠١١ تا ٢٠٢٢، مردنی دایکان و منداڵان تا ئاستی خوارووی جیهانی دابەزیوە. لە کاتێکدا لە وڵاتانی دواکەوتوو، یەکێک لە کێشە تەندروستییەکان، بەرزیی ڕێژەی مردنی دایکان و منداڵانە. لە بەرانبەردا، لەو وڵاتانەى گەشەپێدانی بەردەوامیان هەیە و کەرتی تەندروستییان پێشکەوتووە، ڕێژەى مردنی دایکان و منداڵان زۆر کەمترە.

دابەزینی مردنی دایکان لە هەرێمی کوردستان
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، نزیکەى ٢٨٧ هەزار دایک لە کاتی منداڵبوون (یان ٤٢ ڕۆژ دواى کاریگەرییەکانی منداڵبوون) گیانیان سپاردووە. ڕێژەى ٩٥%ى ئەو مردنەش لەو وڵاتانە بووە، کە داهاتی نزم و مامناوەندیان هەیە و کەرتی تەندرووستییان وەکوو پێویست نییە. ٨٧% ى ڕێژەى ئەو مردنەش، لە وڵاتانی باشووری ئەفریقا و باشوورى ئاسیا بووە.
هەر بە پێی ڕاپۆرتى ڕێکخراوى تەندروستیی جیهانی، لە وڵاتانی دواکەتوودا، بۆ هەر ١٠٠ هەزار دایکێك لە ساڵی ٢٠٢٠دا، نزیکەى ٤٣٠ دایک مردوون، بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بۆ هەر ١٠٠ هەزار دایک، ١٢ دایک مردوون. لەسەر هەمان بنەما، بە پێی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢١، بۆ هەر ١٠٠ هەزار دایکێک لە هەرێمی کوردستان، ٢٣ دایک مردوون و لە ساڵی ٢٠٢٢ ڕێژەکە زیاتر دابەزیوە و بۆ هەر ١٠٠ هەزار دایکێک ١٦ دایک گیانیان سپاردووە. بەو پێیەش هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە ڕێژەى مردنی دایکانی لە هەریەک لە وڵاتانی وەکوو سعودیە، تورکیا، سوریا، میسر، ئەردەن، عێراق کەمترە و لە پێوەرى وڵاتانی زۆر پێشکەوتوو لە کەرتی تەندروستی و گەشەپێدانی مرۆیی نزیک بووەتەوە.
مەترسیدارترین هۆکارەکانی مردنی دایکان لە کاتی سکپڕی، منداڵبوون یان لە دواى کاریگەرییەکانی منداڵبوون، بریتین لە خوێنبەربوونی توند، هەوکردن، بەرزەفشارى خوێن، لەبارچوون. لەم ڕووانەوە کەرتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە نەخۆشخانەکانی دایکانەوە، پێهەستانێکی کارایانەیان لە تۆمارکردنی نزمترین ڕێژەى مردن لە ساڵی ٢٠٢٢ بینیوە و ڕۆڵیان لە پاراستنی ڕێژەیەکی بەرزی گیانی دایکان هەبووە.

مردنی منداڵان لە هەرێم بەرەو کەمبوونەوەیەکی زۆر ڕۆیشتووە
پێنوێنێکی دیکەى پێشکەوتنی کەرتی تەندروستی و گەشەپێدانی مرۆیی، بریتییە لە ڕێژەى مردنی منداڵانی تازە لەدایکبوو و منداڵانی خوار یەک ساڵی و منداڵانی خوار ٥ ساڵ.
بە پێی ڕاپۆرتى ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، مانگی یەکەمی ژیانی منداڵی لەدایکبوو، لاوازترین ماوەى تەندروستییەتی؛ لە ساڵی ٢٠٢٠، نزیکەى ٢.٤ ملیۆن منداڵی تازەلەدایکبوو لە جیهاندا گیانیان لە دەست داوە. زۆرترین ڕێژەى مردنی منداڵانی تازەلەدایکبوو لە وڵاتانی باشوورى کیشوەرى ئەفریقا، بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵێک ٢٧ منداڵ بووە. دواتر ناوەڕاست و باشوورى ئاسیا بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵێک، مردنی ٢٣ منداڵ بووە و پلەى دووەمی گرتووە.
بە پێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا (٢٠١١-٢٠٢٢)، ڕێژەى مردنی منداڵان بە بەردەوامی کەم بووەتەوە، بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتووەتە نزمترن ئاستی خۆی.
لە ساڵی ٢٠١١، ڕێژەى مردنی منداڵانی خوار ٥ ساڵ، بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵێک، ٣٢ منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک ساڵییش، بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵێک، ٢٨ منداڵ بووە، هەروەها بۆ منداڵانی خوار یەک مانگی، بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵێک، ٢١ منداڵ بووە.
بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢، ئاماری مردنی منداڵان بەهۆى پێشکەوتنی زیاتری کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، زۆر دابەزیوە؛ مردنی منداڵانی خوار ٥ ساڵ بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵێک، ١٠.٢ منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک ساڵی، بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵێک، ٨.٧ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەک مانگییش بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵێک، ٥.٨ منداڵ بووە.
لەو چوارچێوەیەدا، بە پێی ئاستی جیهانی (کە بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵێک، مردنی ١٨ منداڵ بووە)، هەرێمی کوردستان ٥.٨ ى تۆمار کردووە، بەوەش ڕێژەى مردنی منداڵانی لە پێش وڵاتانی وەکوو بەحرێن، ئێران، عێراق و یەمەنەوەیە و لە ڕێژەى قەتەر و ئیماراتەوە زۆر نزیکە.
لە بارەى مردنی منداڵانی خوار ٥ ساڵی، ئاستی جیهانیی مردنی منداڵان (کە بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵێک، ٣٧.٧ منداڵ بووە)، هەرێمی کوردستان لە ٢٠٢٢، مردنی ١٠.٢ منداڵی بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵێک تۆمار کردووە، بەوەش زۆر لە ئاستی جیهانییەوە کەمتر بووە و لە خوار وڵاتانی ئەردەن و عێراقەوەیە.
هۆکارى سەرەکیی مردنی منداڵانى تازە لەدایکبوو و منداڵانی یەک ساڵی تاکوو ٥ ساڵی، بە گشتی بریتییە لە لەدایکبوونی پێشوەختە، هەوکردنی سییەکان، سکچوون، کەموکوڕی لە پرۆسەى لەدایکبوون، مەلاریا، بەدخۆراكی، خنکان و کێشەى هەناسەدان.
لەم ڕووەوە، کەرتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بوارى لەدایکبوون و چاودێریی منداڵاندا، ڕۆڵی بەرچاوى بینیوە، تا بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان و تازەترین پێشکەوتن، ژیانی زۆرترین منداڵ بپارێزێت.

فەرمانگەى میدیا و زانیاری