زۆرجار لەنێو بینەر و شانۆکاراندا باس لەوە دەکرێت کە کورد کێشەی نەبوونی دەقی شانۆیی هەیە. بەڵام ئەمە ڕاست نییە، بەو پێیەی زۆرجار لەکاتی نمایشکردنی دەقە جیهانییەکانیشدا شانۆییەکە هەر شانۆییەکی سەرکەوتوو نییە. ئەی کەواتە کێشەکە لە کوێدایە؟
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی شانۆی کوردی، نەبوونی نواندنێکی سەرکەوتووە، کە ئەکتەری کورد ڕۆڵ دەبینێت، نەک ئاوێتە ئەو ڕۆڵە ببێت، کە بۆی دیاری کراوە. لەو شانۆییانەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بینیومە ئەگەر پێنج ئەکتەر بەشدار بووبن دوانیان توانیویانە (لە ڕووی نواندنەوە) سەرکەوتووبن و هەستی ئەوەم تێدا بچێنن، کە بەتەواوی ئاوێتەی دەقەکە و ئەو کاراکتەرەبوون، کە ڕۆڵەکەی بەرجەستە دەکەن.
شانۆی کوردی ئەگەرچی کێشەی کەمی دەقی کوردی هەبێت، بەتایبەت دەقی جیدی کە دەروازەی نوێ لەبەردەم بینەردا بکاتەوە، بەڵام کێشەی شانۆی کوردی قووڵترە لە نەبوونی دەقی شانۆیی، بەو پێیەی کێشەی دەرهێنەری شانۆیی و نواندنی سەرکەوتوو و هەڵبژاردنی دەقی بیانی گونجاومان هەیە. شانۆ هونەری تێکەڵکردنی چەند دەقێکی شانۆیی نییە و دواجار دەقێکی نوێی لێ بەرهەم بهێنرێت. بەڵکو شانۆ هونەرێکی (تاڕادەیەک موجەڕەدە)، کە پێویستی بە (یەکێتی بابەت) هەیە و ناکرێت شانۆییەکی یەک کاتژمێری ببێتە سەکۆی دەیان پرسی جۆراوجۆر کە بینەر لە کۆتاییدا نەزانێت (تێمەی سەرەکی) چی بوو؟ بە وردبوونەوە لەم کێشانەی سەرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە شانۆی کوردی بەدەست کۆمەڵێک کێشەوە دەناڵێنێت، کە پێدەچێت لە شانۆی هیچ میللەتێکی دیکەدا بەدی نەکرێت.
کێشەیەکی دیکەی شانۆی کوردی نەوە نوێکانی شانۆکاری کوردن، کە ئاگاداری پێشینەی شانۆی کوردی و ئەو ئەزموونانەی پێشخۆیان نین. یەکێک لەو شانۆییانەی لە دوومانگی ڕابردوودا بینەری بووم کارێکی کۆمەڵێک شانۆکاری لاو بوو، کە بە وزەیەکی نوێوە دەستیان بە نمایش کرد، بەڵام بەهۆی نائاگاییان لە ئەزموونەکانی پێش خۆیان لانی کەم 20 ساڵ پێشووتر هەمان ئەو کۆنسێپتانەیان دووبارە دەکردەوە کە من بەرلە 20 ساڵ لە شانۆیی چەند گروپێکی شاری سلێمانیدا بەری کەوتبووم. بەشێکی ئەم نەوەیە کێشەی ئەوەیە پێیوایە شانۆ لەو خاڵەوە دەست پێ دەکات کە ئەوی تێدایە. نەک ئەو خاڵی نوێکردنەوە و داهێنان بێت.
یەکێک لەو شانۆییانەی چاوەڕوانییەکی زۆری بینەر دروست کرد بوو نمایشکردنی شانۆییەکی شیعریی بوو، کە کۆی شانۆییەکە لە کتێبێکی شیعرییەوە وەرگیرا بوو. شانۆییەکە لەبری ئەوەی “شانۆیەکی شیعریی” بێت، ببوە “کۆڕێکی شیعریی”، کە ئەمە دوو شتی جیاوازە. بینەر لە کاتی نمایشدا هەستی بە ئامادەیی چیرۆک و ئامانجی شانۆییەکە نەدەکرد، بەو پێیەی ژمارەیەکی زۆر ئەکتەر (هەڵبەت بەشێکیان زیادە بوون) هەر یەکە و لە جێگەی خۆیەوە شیعری دەوت. بەبێ بوونی هارمۆنییەتی حیکائی کە شانۆ دەیخوازێت. شانۆی شیعریی بریتی نییە لە خوێندنەوەی شیعر بە دەنگی بەرز و جوڵەی ناباو، بەڵکو شانۆی شیعریی شانۆیەکی هارمۆنییە، کە جوڵە تێیدا خاوتر و دەنگ تێیدا هێمنتر و هەمووشت ئارامتر دەردەکەوێت (مەگەر کەشی شانۆکە بابەتێکی توندوتیژئامێز بێت). واتە شانۆی شیعریی کۆمەڵێک تایبەتمەندی و بنەمایی هەیە وەکو هەر جۆرە شانۆییەکی دیکە کە لادان لێیان تابۆ نییە، بەڵام شێواندن و تێکدانیان تابۆیە. چونکە هەموو دەرهێنەرێک دەتوانێت و ئازادە لەوەی بەپێی ئەزموونی خۆی نوێگەری لەو قوتابخانە و شێوازە شانۆییانەدا بکات کە کاری تێدا دەکات، بەڵام ئازاد نییە لەوەی ئەو قوتابخانە و شێوازە شانۆییانە تێکبدات و لەبیری “شانۆی شیعریی”، “کۆڕی شیعریی” پێشکەش بکات.
ئێستا دوای ئەم سەرنجانەی سەرەوە کاتی ئەوە هاتووە بپرسین بەم دۆخەی ئێستاوە شانۆی کوردی بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟ بێگومان بەم دۆخەی ئێستاوە شانۆی کوردی لە وەستاندایە و هیچ بەرەوپێشچوونێک نابینینەوە، بەڵام ئەمەش خاڵی کۆتایی نییە و من هەمیشە چاوم لە ئاسۆی نوێ و دەنگی نوێی شانۆییە، کە ئەم دۆخە چەقبەستووە تێپەڕێنێت و جوڵەیەکی نوێ لە بزاڤی شانۆییدا دروست بکات.