سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرۆک بارزانی و سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی سۆران دەکەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەردانێکی رانەگەیەندراو، سەرۆکوزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و ناوچە گەشتیارییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی بەسەر کردووەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ـی تەمموزی 2023)، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە کە بە یاوەری چەند بەرپرسێکی کابینەکەی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە و دواتریش سەردانی چەند ناوچەیەکی گەشتیاری لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە.

لەلایەن خۆیەوە، بارزان محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (13ـی تەمموزی 2023)، سەرۆک بارزانی بە یاوەری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ناوچە گەشتیارەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد.

لەبارەی ئامانجی سەردانەکە، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران رایگەیاند، سەردانەکە نافەرمی بووە و بە ئامانجی بینینی ناوچە گەشتیارییەکان و سرووشتی جوانی ناوچەکە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و دەڤەری سۆرانی بەسەرکردووەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق، کاتەکانی پشووی خۆیان لە ناوچە کوێستان و گەشتیارییە فێنکەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر دەبەن.