بۆچوونێک هەیە کە لای وایە سەربەخۆیی ئابووری لە ڕێی سامانی سروشتی وەک نەوت و گاز بەدی دەهێنرێ لە کاتێکدا ئەگەر ئەم بۆچوونە بۆ وڵاتێک دروست بێ کە تەنیا نەوتی هەیە، بۆ هەرێمی کوردستان هەڵەیە و ئەگەر هەرێمی کوردستان هیچ نەوتێکیشی نەبێ، ئەوا بە پشتبەستن بە سێکتەرەکانی تر دەتوانێت بەو ئامانجە بگات.
هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک سێکتەری هەیە ئەگەر بە شێوەیەکی جیددی کار لەسەر ئەو سێکتەرانە بکرێ و ئاوڕیان لێ بدرێتەوە ئەوا دەتوانن زۆر بە خێرایی پەرە بە ئابووری هەرێمی کوردستان بدەن و هەر یەک لەو سێکتەرانە بکەن بە کۆڵەگەیەکی ئابووری کوردستان.
وەک ئاشکرایە هەر لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە کە یاسای وەبەرهێنان لە کوردستان پەسند کرا و پاشان دەرگای وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیاکانی ناوخۆ و دەرەکی کرایەوە، دەیان ملیار دۆلار لە کەرتە جیاوازەکانی کوردستان وەبەرهێنان کرا و تا ساڵی ٢٠١٣ زۆرترین وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبووندا ئەنجام درا. ڕێک لەو ساڵەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاراستەی سیاسەتەکانی وەبەرهێنانی گۆڕی و بڕیاری دا ئەولەویەت بە کەرتەکانی پیشەسازی، گەشتوگوزار و کشتوکاڵ بدات.
دوژمنکارییەکانی بەغدا بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە بە بڕیارێک سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بڕی، حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ناچار کرد ڕوو لە کەرتێک بکات کە دەستخستنی داهاتەکەی خێراتر بوو، چونکە دەبوایە هەرچی زووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی پێ دابین بکات. لەو کاتەوە دەست بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا و سەرەڕای هەوراز و نشێوی نرخ و قەیرانەکانی تر، هەرێمی کوردستان توانی هەر چۆنێک بێ بەشێک لە مووچەی خەڵک دابین بکات و لە ماوەی سێ ساڵدا بەسەر قەیرانەکەدا زاڵ بێت.
ئەگەر مووچەی هەرێمی کوردستان کە ئەو کات ١٧%ی بودجەی عێراق بوو وەک خۆی نێردرابا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو وەرسووڕانەی لە سیاسەتی ئابووری هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دەستی پێ کردبوو، ئەوا هەرێمی کوردستان دەیتوانی لە ماوەیەکی نزیکدا هەنگاوی زۆر گەورە بنێت و لە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار پێشکەوتنێکی گەورە بەدەست بێنێت و هەر لە ڕێی ئەم سێکتەرانەوە بە سەربەخۆیی ئابووری بگات.
ئەو سێکتەرانە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ هەبوونی قەیرانی نوێی وەک سەرهەڵدانی کۆرۆنا و دابەزیی نرخی نەوت و لە گرنگترینیان ڕاگرتنی یەکجاریی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری ئەمساڵ، گرنگییەکی زیاتریان پێ دراوە و ئەو ئۆمێدە زۆر بەهێزە هەرێمی کوردستان هەر لە ڕێی سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار بە سەربەخۆیی ئابووری بگات و هەرێمی کوردستان ببێتە مەڵبەندێکی گرنگ کە لە لایەک سەبەتەی خۆراکی ناوچەکە دابین بکات و لە لایەکی تر ناوەندی بەرهەمە پیشەسازییەکانی هەموو عێراق بێت و لەگەڵ ئەمانە وەک ناوچەیەکی دەوڵەمەندی گەشتیاری سەرنجی زۆرترین گەشتیار لە هەموو عێراق بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
ئەگەر سەرنجی کشتوکاڵ بدرێ پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی زۆر بە خێرایی لە زیادبووندان و وەبەرهێنەرانی کوردستان لەم ڕووەوە پڕۆژەی گەورەی کشتوکاڵییان بنیات ناوە. پڕۆژەی بەرهەمهێنانی پەتاتە هەیە کە بە تەنیا پەتاتەی هەموو هەرێمی کوردستان دابین دەکات، پڕۆژەی ماسی هەیە توانای دابینکردنی ڕێژەیەکی بەرزی پێداویستییەکانی هەرێمی هەیە، ئەمە جگە لەوەی لە هێلکە و مریشک و گەنم و چەندین بەرهەمی تری کشتوکاڵی بە خۆبژێوی گەیشتووە.
سەدان هەزار داری زەیتوون لە هەرێمی کوردستان چێندراون کە لە داهاتوودا هەرێمی کوردستان دەکەن بە بەرهەمهێنەرێکی نوێی ڕۆنی زەیتوون و سابوون.
لە کەرتی گەشتوگوزاردا، ژمارەی گەشتیاران لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە سێ ملیۆنەوە بۆ سەرووی شەش ملیۆن لە ساڵێکدا زیادی کردووە. بەپێی سیاسەتی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەبێ لە ساڵی ٢٠٢٥ ئامانجی حەوت ملیۆن گەشتیار بەدی بهێنرێت بەڵام وا پێدەچێ دوو ساڵ زووتر بەم ئامانجە بگات. هەرچەندە ئەو کەرتە پێویستی بە ڕێکخستنی زیاتر هەیە بەڵام هەزاران هەلی کاری رەخساندووە و دەکرێ وەک کەرتێکی سەرەکیی داهات سەیر بکرێت.
لە کەرتی پیشەسازیدا زۆرترین گەشەی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان رووی داوە و چیمەنتۆی هەموو عێراق لە هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێ، کارگەکانی بەرهەمهێنان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن و ئەمەش بە واتای گێڕانەوەی ئەو پارانە دێت کە پێشتر بۆ دابینکردنیان ڕەوانەی دەرەوە دەکرا. کارگەکانی بەرهەمهێنانی چپس و شیر و شتی قوتووبەند زیادی کردووە و لە بواری پلاستیک و شووشە و ئاسن هەنگاوی زۆر گەورە نراوە.
هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی یاسای بودجە لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە جۆرێک هاوئاهەنگی گەیشتووە و سەرەڕای ئەو ستەمەی لە هەندێک بواردا بەسەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و پشکەکەی لە بودجە کەم کراوەتەوە بەڵام هێشتا کۆمەڵێک دەرگای گرنگی گەشەسەندن لەبەردەم هەرێمی کوردستان کراوەن و دەکرێ لە ڕێگەیانەوە پەرە بە ئابووری خۆی بدات.