شێرکۆ حەبیب
لە قاهیرەوە دەینووسێت
میللەتی کورد خاوەن مێژوویەکی پڕ لەسەروەریە چ لە ڕووی تەبایی و پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتە جیاجیاکانی ئاینی و نەتەوەی لە دێر زمانەوە، یان لە ڕووی بەرگری و تێکۆشان لە پێناو مافەکانیدا و لەم پێناوەشدا هەزاران قوربانی بەخشیوە و دووجاری دڕندانەترین هێرش بووەتەوە لە لایەن دوژمنانەوە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە ئەو نەهامەتیانە و تاوانە بێوێنانە کە دەرهەق بە میللەتی کورد و کوردستان کراون تاوەکو ئیستا نەبوونەتە بابەتێک لە مێژووی میللەتەکەمان کە لە پۆلەکانی خوێندن بەتێروتەسەل باسی لیوە بکرێت، جگە لەوە زیاتر سەدان کەسایەتی و زانای بلیمەت لەم میللەتە هەڵکەتووە بەڵام بەداخەوە بایەخیان پێ نەدراوە. زۆرێک لە گەنجی ئەمڕۆ جێگای داخ و شەرمەزارییە كەوا لە بارەی ئەو مێژووەوە زانیاری ئەوتۆی نییە، هەڵبەتە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی لایەنی پەیوەندار لە ڕاگەیاندن و خوێندن و پەروەردە، گرنگە بایەخ بەو مێژووە بدرێت لەسەر لاپەڕەکانی خوێندن لە قوتابخانەی سەرەتایی تا دەکاتە زانکۆ و هەوڵ بدرێت قوتابی بڕوانامەی بەرز لەو بوارە بەدەست بهێنن، لە ڕاستیدا گرنگ نییە ئێمە ئەو نەهامەتیانە بۆ بیانی باس بکەین و گەنج و لاوی وڵاتەکەم نازانێ ئەمڕۆ چۆن دروست بووە. لە قاهیرە دوو جار هونەرمەندێکی بە توانای بواری درامای میسریم بینی هەردوو جار باسی کوردستان و هەولێری زۆر بە جۆش و خرۆش دەکرد هەروەک باسی میسرت بۆ بکات، ئەویش هونەر مەند (ئەحمەد صیام) کە ڕۆڵی گەورە قازیی لە درامای (لیلە السقوگ) بینی و ماوەی زیاتر لە سێ مانگ لە هەولێر مایەوە، بەو پەڕی جوانی و خۆشەویستی باسی هەولێر و کوردستانی کرد، پێم گوت ئێمە دووجاری نەهامەتی زۆر هاتووین و بۆم باس کرد، لەوەڵامدا گوتی تەنیا دەتوانم بڵێم هاوخەمتانم و جێگای داخە، گرنگ ئەوەیە ئەو نەهامتیانە لە لاپەڕەکانی مێژوودا تۆمار بکەن و نەوەی ئیستا لەبیری نەکەن و بزانن چۆن ئەمڕۆ دروست بووە، ئەوە گرنگە ئەو مێژووە لە بیر نەوەکان بەزیندوویی بمێنتەوە، هەروەها لە درێژەی ئاخاڤتنەکەی گوتی گرنگ ئەمڕۆ ئەوەیە باسی جوانی سروشتی کوردستان و بونیادنانی وڵاتێک باسی پێکەوە ژیان و تەبایی و برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان بکەن و داوا وەبەرهەمهێنان بکەن لە کوردستان،
ئەمڕۆ ئەوە گرنگە. لە ڕاستیدا وتەکانی لای من کاریگەر بوون دەبێ ئەمڕۆ ئەو مێژووە جوانە و جوانیی کوردستان و تەبایی و پێکەوە ژیان بە جیهانی دەرەوە بناسێنین، و ئەو کارەسات و نەهامەتیانەی ڕووبەڕوومان بوونەوە بە نەوەی ئەمڕۆ بناسێنین، تا بزانن ئەو ئارامی و ئاوەدانکردنەوە و ئاسایشی ئەمڕۆ لە ئاردایە نەهاتووەتە دی، بەڵکو بەخوێن قوربان وە دەست هاتووە.