چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

حکوومەتی هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە جیهانیەکاندا سەرکەوتوو بووە

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

ساڵانێکە جیهان بە زنجیرە قەیرانێکی سروشتی و دەستکردی هۆیە جیاوازەکاندا تێدەپەڕێت، ئەو قەیرانانە زۆرینەی وڵاتانی جیهانی هەراسان کردووە، هەرچەندە کاریگەریی بەسەر هەرێمی کوردستانیشەوە هەبووە، بەڵام ئاستی ئەو کاریگەرییانە بە بەراورد بە وڵاتانی پێشکەتوو لە ئاستێکی کەمترە.

گۆڕانی کەشوهەوا
پسپۆڕانی کەشوهەوا و ڕاپۆرتە جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، جیهان لەبەردەم فراوانبوونی نەخشەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوادایە. سەرۆكی پارتی ژینگەی جیهانی، ئەوەی ڕاگەیاندووە؛ پرۆسەی گۆڕانی كەشوهەوا لەجیهاندا خێراتر دەبێت، بەشێوەیەك ناڕێكییەك لە كات و بڕی بارانبارین و پلەی گەرما و وەرزەكانیشدا ڕوویداوە.
دەشڵێت؛ یەكێك لە هۆكارەكانی كەمی باران ئەوەیە كە چینەكانی سەرەوەی بەرگەهەوا گۆڕانێکی ترسنکیان بەسەردا هاتووە، لە نێویاندا گەرمداهاتن، بەهۆی ئەوەی هەورەكان بەسەریاندا دەڕۆن تاوەكو دەگەنە ناوچەیەكی دیكە و فێنكتر، ئەمەش دەبێتە هۆی بارانبارینی بەخوڕ لەوجێگایە.
باس لەوەش دەکات، قەیرانە گەورەكە هەڕەشە لەو وڵاتانە دەكات كە كەشوهەوای وشك یان گەرمیان هەیە، بەوپێیەی ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە كە پەیوەندیی بە پێداویستی ئاوەكانیانەوە هەیە، چ ئاوی كشتوكاڵی بێت یان ئاوی خواردنەوە.

حکوومەتی عێراق بێپلانە
یەکێک لە قەیرانەکانی ئەم ساڵانەی دوایی، گۆڕانی کەشوهەوایە، کە دەرهاویشتەکانی بەشێوەیەکە مەترسییەکانی لافاو لە لایەک و هەڕەشەی بە بیابانبوون لە لایەکی دیکەوە، بوونەتە مەترسی جیددی بۆ چەندین وڵات، لە ناویاندا عێراق. بەڵام حکوومەتی عێراق لە ئاست ئەم مەترسیەدا بێپلانە و تەنانەت ئامادە نییە هاوکاریی حکوومەتی هەرێمیش بکات لە چەندین پلانی ستراتیجی بۆ دروست کردنی بەنداو و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو. سەرباری هۆشدارییە جیهانییەکانیش، حکوومەتی عێراق لە بودجە زل و زەلامەکەی خۆیدا پێ ناچێت بەرنامەی ئەوتۆی هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە. لە کاتێکدا بابەتەکە بەشیوەیەکە کە بە بیابانبوون و وشکەساڵی هەڕەشە لە ٣٩٪ی خاک و خەڵکی عێراق دەکات. لە نزیک لێواری رووباری دیجلە لە بەغدا، چەند ساڵێکە ئاستی ئاوی رووبارەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە، ئەوەش هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ گوزەرانی جووتیاران و خاوەن باخەکان کە ئاخی ئەو تەمەنە هەڵدەکێشن کە بەو خاکەیان بەخشیوە، کەچی ڕۆژ دوای ڕۆژ بێئاوی وشکی دەکات. بەڵام ئەمە لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دیکەیە.

لە هەرێمی کوردستان چی کرا؟
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هەست کردن بە مەترسییەکە دەستی کرد بە دابین کردنی بودجەی تایبەت بۆ دابین کردنی ئاوی خواردنەوە و دروست کردنی بەنداو. بەشێوەیەک ساڵی پار سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یەک ملیار و دوو سەد و پەنجا ملیۆن و دوو سەد و پەنجا هەزار دیناری تەرخان کرد بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی ( 11) بەنداو لە هەرێمی کوردستان، لەچوار چێوەی گرنگیدان بە تەواو کردن و نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکان و پڕۆژە ئاودێریەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
بەنداوەکانیش بریتی بوون لە بەنداوی( شیوە سوور، هەشه زینێ، چەمی سمۆر) لە پارێزگای سلێمانی و بەنداوی (کەشکان، بێدۆهێ) لە پارێزگای دهۆک، بەنداوی (هاڕاوە، قادرکەرەم و ئاوە سپی) لە ئیدارەی گەرمیان و بەنداوی (دێگەڵە) لە پارێزگای هەولێر .
جگە لەوەی ئێستە هیچ سەرچاوەیەکی ئاوی نییە لە کوردستان، بەنداوی تایبەتی بۆ نەکرابێت یاخود لە قۆناغی دروست کردندا نەبێت.
کارەکە بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکو بەهۆی مەترسی لافاوەوە لە شاری هەولێر بە پەلە زیاتر لە سی و پێنج ملیار بۆ ئەو وەزارەت و فەرمانگانەی پەیوەندیدارن بە پرسی لافاو تەرخانكرا و ڕەزامەندبوون لەسەر سەرجەم ئەو ڕاسپاردە و پێشنیارانەی لە کۆنووسی لیژنەی باڵای تەکنیکی پاراستنی شاری هەولێر لە لافاو پێشکەش کرابوون، کە دروستکردنی بەنداو و پۆند و کەناڵ و چەندین بابەتی دیکەی لەخۆ دەگرت. هەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونیشی وەک سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی، ڕایگەیاند: هەست بە مەترسیی کەمئاوی دەکەین، ئاو ژیانە؛ لەپێش هەموو شتێکەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو پلانێکی داناوە بۆئەوەی بەپێی ئەو ئیمکانیاتەی لەبەردەستە، نەهێڵێت ئەو قەیرانە گەورەتربێت یاخود لە داهاتوودا کاریگەرییەکی خراپتر بەسەر نەک تەنیا بابەتی کشتوکاڵی دابنێت، بەڵکو دەبێتە مەترسییەکی جیددی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانیش.

قەیرانی خۆراک
لەگەڵ دروست بوونی جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا، جیهان پێشوازیی لە قەیرانێکی نوێ کرد، ئەویش قەیرانی کەمی ماددە خۆراکییەکان بە تایبەت بەهۆی ئەوەوە ئۆکرانیا و ڕووسیا وڵاتانی گەورەی پیشەسازی خۆراک بوون، بەڵام ئەم مەترسییە لە هەرێمی کوردستان تا ئاستێک ئیدارە درا کە هەست پێ نەکراو بوو، ئەویش بەهۆی گرتنە بەری میکانیزمی خێرای حکوومەتەوە بەوەی بازرگانان ئەرخەیان کران لە باجی گومرگی لە هاوردە کردنی ماددە خۆراکیەکان. جگە لەوەش چەندین میکانیزمی دیکەی بەکارهێنا بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بازاڕ و ڕێگری کردن لەوەی یاری بە نرخی ماددە خۆراکییەکان بکرێت.

قەیرانی سوتەمەنی
ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەوەی لە چوارچێوەی عێراقدایە و لەم ڕووەوە دەست کراوە نییە، بەڵام ئێستا جیهان لە گەرمەی قەیرانێکی ئاڵۆزدایە، کە ئەویش کێشەی نەبوونی سووتەمەنیە بە تایبەت گاز و بەنزین. ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان، زوو زوو هەواڵی دابەزاندنی نرخی بەنزین دەبیسترێت، بەڵام ماوەیەکی زۆر دەبێت لەو نرخەی ئێستا جێگیرە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت بە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بە یەکجاری لەم خەمە بڕەخسێت و لە هیچ ئەگەرێکدا ئەزمەی سووتەمەنی سەر هەڵنەداتەوە.