سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سەرنجێکی کورت لە ستایشی خوێنەراندا

ئارام كۆشكی – سلێمانی

پرۆسەی خوێنەربوون و پێگەی خوێنەر، یەکێکە لەو باسانەی لای ئێمە تا هەنووکە قسەیەکی زۆر کەمی لەسەر کراوە. قسەیەکی جیدی و سەنگین لەمبارەیەوە کرابێت دوو لە وتارە گرنگ و وردەکانی نووسەر و ڕۆماننووس بەختیار عەلی-یە، کە بە وردی هەندێک سیمای خوێنەری بەگشتی و خوێنەری کوردی بەتایبەتی دەردەخات. بەڵام قسەی من لەسەر دوو ئاستی دیکەی خوێنەرە. یەکەمیان ئەو جۆرەی خوێنەر کە خۆی لێدەبێتە “سۆپەرمانی وشە” ئەوی دیکەشیان کە “عاشقەکتێبە”، کە لاموایە ئەم دوو چەشنەی خوێنەر زۆر گرنگە لەبارەیانەوە بدوێین.

چەشنی یەکەم کە خۆی بە “سۆپەرمانی وشە” دەزانێت و خوێنەرێکی لە خۆڕازییە و بەبێ مەعریفەیەکی ئەوتۆ و شارەزاییەکی مامناوەندیش ماف بە خۆی دەدات تێکست ڕەت بکاتەوە، یان چۆن بیەوێت تێکست هەڵبنێت. بێگومان ئەم جۆرەی خوێنەر لەو جۆرەن کە نەخۆشی نێو دونیای نووسین و خوێندنەوەن و جگە لە زیان بۆ کایەی ڕۆشنبیریی هیچی ئەوتۆ نابەخشن کە وزەیەک بێت بۆ بزاوتی ڕۆشنبیریی. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە زۆرجار ئەم جۆرە لە خوێنەرە خۆبەسۆپەرمانزانە دەکەونە بەر ستایشی درۆینە و وەکو نموونەی خوێنەری ڕادیکاڵ و وشیار دەناسێنرێن.
هەرچی چەشنی دووەمە کە من لێرەدا بە “عاشقەکتێب” ناوم بردووم. ئەم جۆرە خوێنەرە عاشقی کتێبن و ڕێز لە نووسەر و وشە دەگرن. بەر لەوەی گومانگەرابن بەرامبەر تێکست هەمیشە گومانیان لە نزمی مەعریفەی خۆیان هەیە و ئەمەش وزەیەکە بۆ ئەوەی بەردەوام پێش بکەون. ئەم چەشنەی خوێنەر زۆربەی جار کە لە تێکستێک تێناگەن، یان سەختە بەلایانەوە چانسی دووەم دەدەنەوە بە تێکستە و لە زەمەنی دیکە و لەباری دەروونی ئارامتردا دووبارە دەیخوێننەوە. ئەم جۆرەی خوێنەر عەشقی بۆ نووسەر لە کتێبەکەیەوە دەست پێ دەکات، نەک لە ناسینی نووسەر و هاوزمانبوون و هاوشاریبوونییەوە. وشەی نێو کتێبەکان تاکە پەنجەرەن، کە بە نووسەرییەوە دەبەستنەوە. بۆیە هەر لەڕێی کتێبەکانەوە دەیەوێت لە نووسەرەکانیش نزیک بێت و لە بەشێکی دیکە لە پەنهانی کتێبەکان بگات. ئەم خوێنەرە، بوونەوەرێکی پڕ پرسیارە و دەخوازێت وەڵامی پرسیارەکانی چنگ بکەوێت.
ئەو خوێنەرەی کە پێویستە ستایش بکرێت چەشنی یەکەم نییە کە خۆی بە “سۆپەرمانی وشە” دەزانێت و لەبری ئەوەی لە کتێبەوە بڕیار لە ئاستی نووسەر بدات لە نووسەرەوە بریار لە ئاستی کتێب دەدات. بۆیە ئەوەی پێویستە ستایش بکرێت خوێنەرانی چەشنی دووەمن، کە من بە “عاشقەکتێب” ناوم بردوون. خوێنەرانی ڕاستەقینە ڕێزی وشە و کتێب دەگرن و تەمەنی خۆیانی لەگەڵدا دەسووتێنن. ئەوەی ئەوان شانازی هەمیشەیی پێوە دەکەن ئەوەیە کە خوێنەربوونی بەردەوامە، چونکە خوێنەربوون پرۆسە و قۆناغێکی کاتی تەمەن نییە، بەڵکو ژیانکردنی هەمیشەیی لەگەڵ وشە و کتێبدا.
لە چەند مانگی ڕابردوودا هاوڕێیەکی نووسەرم لە وتارێکدا ستایشی بەشێک لە خوێنەرانی کردبوو، کە لە مەراسیمێکی واژووکردنی کتێبدا لە دەوری نووسەرێک کۆبوونەوە. ستایشی ئەوەی کردبوو، کە کۆبوونەوە لە دەوری کتێب و نووسەرێکی دیار و کارامە، کە بەرەو جیهانیبوون دەپەڕێتەوە شایستەی هەڵوەستە لەسەرکردن و دەستخۆشییە لە خوێنەران. کەچی هەر زوو “سۆپەرمانانی وشە” نووسەرانی کۆڵەواری وشە کەوتنە تانەلێدانی. ئیدی ئەوان بێئاگان لەوەی خوێنەرە ڕاستەقینەکان، نەک نابێت سووکایەتییان پێ بکرێت، بەڵکو دەبێت ستایش بکرێن.
سەلما لاگرلۆڤ، خانمە نووسەری سویدی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ (1909) لە وتاری وەرگرتنی ئەو خەڵاتەدا لە جێگەیەکدا سوپاسی خۆی بۆ خوێنەران دەنێرێت و دەڵێت هاندانی خوێنەران بوو منی گەیاندووتە ئەم خەڵاتە. ئەو ڕۆڵی ڕەخنەگرانیش فەرامۆش ناکات و ئاماژەش بە گرنگی ڕۆڵی ڕەخنەگران و ڕەخنەکانیان دەکات کە ڕۆڵیان هەبووە لەوەی ئەو باشتر بنووسێت و دواجاریش بگاتە خەڵاتی نۆبڵ.
خوێنەرە ڕاستەقینەکان هاندەری نووسەرانن بۆ داهێنان و وزەن بۆ بەردەوامی، چونکە ئەوان لە دۆستە ڕاستەقینەکانی وشە و کتێبن و عەشقی کتێب ئەوان بە نووسەرەوە دەبەستێتەوە، نەک بەرژەوەندی دیکە.