محەمەد لادێ – ههولێر
دەڵەدزی (سووکەدزیکردن) لە بازاڕ و مۆڵەکانی هەرێمی کوردستان، خەریکە ببێتە دیاردە و، زۆرینەی دەڵەدزییەکانی ناو بازاڕ و مۆڵەکانیش، ژنان دەیکەن؛ بە گوێرەی ئامارەکانی تووندوتیژیی سنووری هەولێر و چاكسازیی ژنان و منداڵان، لەو ساڵانە چەندین ژن لەسەر دزی و دەڵەدزی دەستگیر کراون و بە گوێرەی تاوانەكەیان سزا دراون، دیاردەكەش لەو ژمارەیە زۆرترە کە لە ئامارەکاندا دەردەکەوێت چونکە لەو جۆر و دزیکردنانەدا كەمترین سكاڵای یاسایی تۆمار دەكرێن.
یەکێک لە دووکاندارەکانی ناو بازاڕی هەولێر کە کەلوپەلی جوانکاریی خانمان دەفرۆشێت ئاماژە بەوە دەکات کە چەند جار دەڵەدزییان لێ کراوە کە هەمووییشیان ئافرەت بوونە و لە کامێرای چاودێریکردنی دووکانەکەیەوە تۆمار کراون.
دوکاندارەکە وتیشی: ”حاڵەتێكی تری دەڵەدزی كە ئێستاکە زۆر باوی سەندووە و فێڵێكی نوێیە ژنان بەكاری دەهێنن كاتێك پێداویستییەكانی دەكڕێت، دوای چەند ڕۆژێك دێتەوە لات دەڵێت ئەو شتەم بیر چووە لە دووكان و نەمبردووە یان بۆت نەكردوومەتە زەرفەكەمەوە! سەرەتا بڕوامان دەكرد، بەڵام حاڵەتەكە لە زیادبووندا بوو پاش بەدواداچوونمان دەركەوت كە ئەوە فێڵە.״
هەر هەمان دووکاندار ئاماژەی بەوەیش کرد زۆرێك لە دووكاندارەكان بە خۆیشمەوە، سكاڵا تۆمار ناكەین، چونكە نایانەوێت ئیشیان بکەوێتە بنکەی پۆلیس، بەوپێیەی ئەمڕۆ خەڵكەكە هەمووی پەلەیەتی و ژیانێكی قورسی كەوتووە بەسەردا، كاتی ئەوەی نییە هەفتەی دوو جار بچێتە بنكەی پۆلیس.
(گیرفان و جانتابڕین، دزینی مۆبایل، دزینی كەلوپەلی ناو ئۆتۆمبێل) جۆری ئەو دزییانەن كە بەربڵاون لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی هەرێم كە ژنانیش دەیکەن.
هەر لەو بارەیەوە فەرەیدوون عەزیز عەلی، توێژەری كۆمەڵایەتی دەڵێ ״ژنان یەكێكن لە ڕەگەزە سەرەكییەكانی كۆمەڵگە و لەناو ژنانیشدا بە ڕێژەیەكی کەم هەن كە ئەم تاوانە دەكەن، دزیكردنیش یەكێكە لە تاوانە دیارەكان كە لە هەموو كۆمەڵگە و سەردەمێكدا هەبووە و هەیە.
بەپێی وتەی کارزان ئەمیر وتەبێژی پۆلیسی هەرێم، لە کاتی بڵاوکردنەوەی ئاماری تاوانەکانی ساڵی٢٠٢٢دا ئاماژەی بەوە دا ساڵی ڕابردوو ٥٩٣١ حاڵەتی دزی لە سەرجەم شارەکانی هەرێمدا تۆمار کراوە.
دزی و دەڵەدزی بەهەر جۆرێک بێت لە شەرع و لە یاسایشدا بە تاوان دادەنرێت؛ دزەکە، ژن بێت یان پیاو، سزاکەی هەمان سزایە و فەرق ناکا.
بەڵام یاسادانەری عێراقی بۆ جیاوازیی سزادان جیاوازی کردووە لە نێوان شەو و ڕۆژدا.
- ئەگەرهاتو دزیەکە بە ڕۆژ کرابێ، ئەوا ماوەی سزادانی دزەکە لە ١٥ ساڵ زیاتر نابێ بە پێی ماددەی ٤٤٢.
- ئەگەرهاتو بە شەو دزیەکە کرابێ ئەوا بە پێی ماددەی ٤٤٣ ماوەی سزادانەکەی لە ١٥ ساڵەوە دەکرێتە ٢٠ ساڵ.
هۆکاری سەرەکیی زیاترکردنی سزادانی دزی شەودز لە ڕۆژدز لەبەر ئەوەی کە مەترسیەکەی زیاترە و لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی تاوانی تریش بکرێ. - ئەگەرهاتو لە کاتی دزیدا، تاوانبار کەسێکی کوشت ئەوا سزاکەی دەگۆڕی و، بە پێ ماددەی ٤٤٢ لە ١٥ ساڵەوە دەکرێتە زیندانی هەمیشەیی یان لەسێدارەدان.