هێمن خەلیل- ههولێر
(دكتۆر ئاسۆس ئەنوەر سلێمان) ماستەرنامەكەی بە ناونیشانی (جێناوی نیشانە لە زمانی كوردیدا- بەكەرەستەی دیالێكتی ناوەڕاست)، هەروەها تێزی دكتۆراكەی بە ناونیشانی (ئەرگۆمێنت لەگوتاری سیاسی كوردیدا- بانگەشەی هەڵبژاردن بە نموونە). ئێستا مامۆستایە لەزانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر- پەیمانگەی تەكنیكی كارگێڕی هەولێر – بەشی كارگێڕی دەزگاكانی گەشتیاری.
سەرەتا لەبارەی چەمك و پێناسەی ئەرگۆمێنتدا د.ئاسۆس دەڵێ:” ئەرگۆمێنت لە هەموو بوارەكانی پەیوەندیكردندا جۆرێكە لە بیانوو هێنانەوە بۆ ڕەواییدان بەپەیام، بەمانای بەڵگەو پاساو دێت و بەشداری دەكات لە ڕەواییدان و پشتڕاستكردنەوەی پەیامی نێرەر. هاوكات دەوترێت جۆرێكە لە یاریكردن بە وشە و شێوازی بەكارهێنانیان و بەندە بە كەتوار و دەوروبەری پەیوەندیكردنەكەوە. چونكە هەڵبژاردنی وشە لە دەوروبەری گوتندا كارێكی وردە و سەلیقە و كارامەیی پێویستە، زمان ئامرازێكە بۆ گەیشتن بە ئامانج و دروستكردنی كاریگەری و ڕازیكردن، ئەویش پەیوەستە بە جۆر و شێوازی ئەو ئەرگۆمێنتانەی كە توانای جولاندنی بەرانبەریان هەیە و سەرنجیان رادەكێشێت.
وەرگیراوە، (Argument) لەڕووی زاراوەییەوە وشەیەكی ئینگلیزییە، لە بنەڕەتدا لەچاوگی لاتینی (Arguer) واتە وا لەشتێك بكەیت ڕوون و درەوشاوە بێت، بۆ ئەوەی سەرنجی بەرانبەر ڕابكێشێت. ئەرگۆمێنت لە زمانی عەرەبیشدا (الحجاج/ الحجج)ی پێدەوترێت، واتە هێنانەوەی بەڵگە و پاساوی پێویست بۆ یەكلاییكردنەوە و سەپاندنی تێڕوانین و بیروبۆچوونی لایەنێك بەسەر لایەنەكەی تردا و گەیشتن بە ئامانجێكی دیاریكراو. كەواتە ئەرگۆمێنت بریتییە لە هەر دەربڕینێك كە ئاراستەی بەرانبەر دەكرێت، بەمەبەستی بانگەشەكردن بۆ بۆچوونێكی تایبەت، بەمەرجێك مافی ڕەتكردنەوە بە بەرانبەر بدرێت، واتە سەپاندنی بیروڕا بەسەر وەرگردا ناچێتە ژێر چەتری ئەرگۆمێنتەوە، چونكە ئەرگۆمێنت لەكەشێكی ئازاددا زیندوێتی خۆی دەپارێزێت و ناكرێت سەپاندنی هەر بیروڕایەك لەڕێگەی ترس و سەپاندنی ناچارییەوە بە ئەرگۆمێنت لەقەڵەم بدرێت”.
سەبارەت بە سەرەتاكانی سەرهەڵدانی ئەرگۆمێنت ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێ:”سەرهەڵدانی ئەرگۆمێنت وەكو چەمك و تەنانەت بەكارهێنانیش بۆ سەردەمی یۆنانییەكان دەگەڕێتەوە، كاتێك لەسەدەی پێنجەمی پێش زاییندا، سۆفیستەكان (Sophists) بەمەبەستی هەڵخەڵەتاندنی خەڵكی و بەدەستهێنانی زەوی و زارەكانی ئەوان، لە گوتارەكانیاندا ئەرگۆمێنتیان بەكارهێناوە. هەر لەمبارەیەوە، (فیرنا) دەڵێت: ئەرگۆمێنت ئامرازی نایابی ڕامیاری و كلیلی دەسەڵاتە لە دەوڵەت و ئامرازی سەركردایەتی و باڵادەستییە بەسەر ئەوانی دیكەدا. ئەرگۆمێنت لای سۆفیستەكان بریتی بوو لە گرنگیدان بە وشەو و ڕستە و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاكانی ڕازیكردن و گۆڕینی ئاراستەی بیركردنەوەی خەڵك، كاتێك بۆ مەبەست و ئامانجی خۆیان، پشتیان بە شارەزاییەكانی خۆیان لەبارەی بارودۆخی جەماوەر دەبەست و دەسەڵاتی گوتنیان بۆ گۆڕینی ڕاستییەكان لە كێبڕكێ سیاسییەكان و فریودانیاندا بەكاردەهێنا”.
دكتۆر ئاسۆس دەربارەی شێوازەكانی بەكارهێنانی ئەرگۆمێنت ڕای وایە:”ئامانجی سەرەكی بەكارهێنانی ئەرگۆمێنت لەلایەن نێرەر، بریتییە لە هەوڵدان بۆ ڕازیكردنی وەرگر (جەماوەر). خاڵی گرنگی هەڵبژاردنی ئەرگۆمێنتیش بەندە بە دەوروبەری تایبەت بە پەیوەندیكردنەوە.
بەشێوەیەكی گشتی نێرەر بۆ ڕازیكردنی بەرانبەر هەوڵی بەكارهێنانی یەكێك لەم شێوازانەی ئەرگۆمێنت دەدات لە گوتارەكەیدا:
یەكەم: بەكارهێنانی بەڵگە
یەكێكە لە شێوازەكانی دروستكردنی باری ئەرگۆمێنتی پەیام، بەجۆرێك نێرەر لەپێناوی سەلماندنی ڕاستی و دروستی پەیامەكەی، پەنا دەباتە بەر بەكارهێنانی بەڵگە و پاساوی لۆجیكی دروست، بەمەبەستی ڕەواندنەوەی دوودڵی و گومان لەلای وەرگر و گەیشتن بە ئامانجی ڕازیكردنیان.
دووەم: بەكارهێنانی ئەگەر و گومان
ئەگەر و گومان شێوازێكی چەواشەكاری و فریودەرانەی پاساوە، كە لە پەیوەندییەكاندا پشتیان پێدەبەسترێت، كاتێك نێرەر جۆرێك لە گومان لە هزر و دڵی وەرگردا دروست دەكات بۆ لێدانی بەرژەوەندی نەیارەكانی لە سیاسەتدا، یان لەكێبڕكێی بازرگانی و بوارەكانی دیكەی ژیاندا بەكاردەهێندرێت.
سێیەم: بەكارهێنانی هەست و سۆز
بەوپێیەی میللەتی كورد بەگشتی بڕیاردانی لەسەر بنەمای هەست و سۆزە و كەمتر بەشێوەیەكی شیكاری گەڕانەوە بۆ عەقڵ ئەنجام دەدات، بۆیە لەزۆربەی پرسە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی …هتد، لەلایەن گوتاربێژانەوە پەنا دەبردرێت جولاندنی هەست و سۆزی وەرگر، بۆ گەیشتن بە ئامانجی كاریگەربوون بە پەیام و گەیشتن بە ڕازیكردنی جەماوەر.
تایبەت بە (جۆرەكانی ئەرگۆمێنت لەڕووی هێزی كاریگەرییەوە )(د.ئاسۆس ) گوتی:”جورەكانی ئەرگۆمێنت زۆرن.
دەكرێ هەموویان لەم دوو جۆرەی خوارەوەدا كۆبكرێنەوە. بۆیە بەكورتی ئاماژە بەم دوو جۆرەی خوارەوە دەكەین:
یەكەم: ئەرگۆمێنتی بەهێز
مرۆڤ پەنا بۆ بەهێزترین جۆری بەڵگەو پاساو دەبات بەمەبەستی ڕازیكردنی بەرانبەر، بەجۆرێك لەگەڵ دەوروبەر و لایەنی دەروونی جەماوەر بگونجێت. ئەرگۆمێنتی بەهێز بریتییە لەو دەربڕینەی كە وەرگر تێدەگەیەنێت و ڕازی دەكات، بەو مانایەی نێرەر هەوڵی دروستكردنی كاریگەری دەدات و دەیەوێت دەسەڵاتی زمانی خۆی بەسەر بەرانبەردا پسەپێنێت، وەك چۆن لە گوتاری سیاسیدا، حزبە ئیسلامییەكان، پەنا بۆ ئایەتی پیرۆزی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان (د.خ) دەبەن، یاخود بەشێك لە سیاسییەكان هەوڵی جولاندنی هەست و سۆزی جەماوەر دەدەن لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا. چونكە دەزانن هەر پاساوێك بتوانێت سۆزیان بجولێنێت كاریگەری بەهێز دروست دەكات.
دووەم: ئەرگۆمێنتی لاواز
بریتیین لەو بەڵگەو پاساوانەی كە ناتوانن كاریگەری ئەوتۆ لەسەر بەرانبەر دروست بكەن و ڕازیكەر بن، كە ڕەنگە هەندێك جار ئاستی لێهاتوویی نێرەری پەیام و شێوازی دەربڕینیش ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت لەسەر دەستنیشانكردنی ڕادەی كاریگەری ئەرگۆمێنت.
لەو مامۆستایەی زانكۆمان پرسی ئامانج لە بەكارهێنانی ئەرگۆمێنت چییە؟ لەوەڵامدا ئاماژەیدا:”پەیامی مرۆڤ بەگشتی بریتییە لە (زانیاری، بیروبۆچوون، هەست دەربڕین)، كە بۆ مەبەستی بانگەشە و بانگەواز، یاخود پەسندكردن و ڕەتكردنەوەی بابەتێك لەلای وەرگر دەریدەبڕێت. (ئەرگۆمێنت)یش وەك بەكارهێنانێكی زمانیی كاریگەر، بۆ ئەو مەبەستەیە، كە هزر دانی پێدابنێت، یان زیاتر باوەڕی پێ بكات و دڵیش پێی كاریگەر بێت. لەهەموو بارودۆخێكدا ئەرگۆمێنت یان بۆ بەرگریكردنە لەتێزی پێشكەشكراو لەڕێگەی پاساو و بیانووی گونجاوەوە، یاخود خستنەڕووی بۆچوونی پێچەوانە و هەوڵدانە بۆ دروستكردنی دەسەڵاتی زمانی و ڕازیكردنی وەرگر (جەماوەر) بەو بەرنامەو بیروبۆچوونە تازەیەی كە نێرەرە دەیەوێت بیگەیەنێت بە بەرامبەر”.
دكتۆر ئاسۆس لەبارەی “تایبەتمەندییەكانی ئەرگۆمێنت” دەڵێ:” لەبەر ڕۆشنایی تیۆری ئەرگۆمێنتی زمانییدا، ئەرگۆمێنت چەندین تایبەتمەندی هەیە:
یەكەم: ئەرگۆمێنت دەورووبەرییە
دەورووبەر لەڕێگەی پێدانی واتاوە دەتوانێت دەربڕینێك بكات بە ئەرگۆمێنت، دەشێت دەربڕینێك ئەرگۆمێنت بێت یان بریتی بێت لە ئەنجام، یان هەردووكیان بێت بەیەكەوە. بۆ نموونە: (درەنگە)
لەم نموونەیەدا ئاماژە بە باری ئەرگۆمێنتی كراوە، ئەویش درەنگی كاتەكەیە. لەكاتێكدا مەبەستێك لەپشتی ئەم گوتنەوە هەیە، كە بەپێی دەورووبەری گوتنەكەوە دەردەكەوێت. ڕەنگە یەكێك لەو مەبەستانە بێت: (داخوازی، ئاگاداركردنە، یان هەر مەبەست و كردەیەكی دیكەی ئاخاوتن) لەدەورووبەردا.
دووەم: ئەرگۆمێنت ڕێژەییە
هەر ئەرگۆمێنتێك خاوەن هێزێكی دیاریكراوی ئەرگۆمێنتییە، نێرەر لەپێناوی گەیشتن بە مەبەست و ئامانجێكی تایبەتدا پێشكەش بە وەرگری دەكات، لەبەرانبەردا وەرگریش پاساوی دەبێت بۆ وەڵامدانەوەی نێرەر و بەمەش گفتوگۆ و كێبڕكێی سەلماندنی ئەرگۆمێنتەكان لەلایەن هەردووك لاوە دەستپێدەكات، بەتایبەت لە پرسە سییاسییەكان و تەنانەت بوارەكانی دیكەی ژیانیش، ئەمەش دەریدەخات كە ڕادەی بەهێزی و لاوازی، یاخود ڕادەی كاریگەری ئەرگۆمێنتەكان یەكسان و هاوشێوە نین، چونكە كۆمەڵێك هۆكاری دیكەی دەرەوەی خودی ئەرگۆمێنتەكان ڕۆڵیان دەبێت لەسەر ڕێژەی قبوڵكردن و ڕەتكردنەوەیان، یاخود ڕێژی بەهێزی و بێ هێزی ئەرگۆمێنتەكان دیاری دەكەن، لەوانە: (كەسایەتی نێرەر، بەرژەوەندییەكان، شێوازی پێشكەشكردن، كات و شوێن و …هتد)
سێیەم: ئەرگۆمێنت دەكرێ بەتاڵبكرێتەوە.:
ئەو بەڵگە پاساوانەی كە لۆجیكی نیین و ناتوانن ڕاستی مەسەلەكان بسەلمێنن، بۆی هەیە بەتاڵ بكرێنەوە، ئەگەرچی ئەم بابەتە پەیوەستە بە ئاستی هۆشیاری وەرگر و توانای لێكدانەوە و هۆشیاری بۆ بەدواداچوون و گەیشتن بە ڕاستییەكان”.