نرخی نەوت بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە، لەهەمان کاتدا نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ، نزیکەی 10 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 1930 دۆلار.
بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو نیگەرانییانەی لەسەر رەوشی رووسیا سەریانهەڵداوە، هەروەها دەستپێکی وەرزی پشووی هاوینە کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی خواست بۆ بەکارهێنانی نەوتی خاو.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 27-6-2023) هەر بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور، 37 سەنت بەرزبووەوە و بە 74 دۆلار و 55 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 42 سەنت بەرزبووەوە و بە 69 دۆلار و 79 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رۆژی شەممە هێزەکانی گرووپی ڤاگنەر بەهۆی رێککەوتنەوە گەڕانەوە سەنگەرەکانیان لە باشووری رووسیا و کۆتاییان بە پێشڕەوییەکانیان بەرەو مۆسکۆ هێنا، بەڵام هێشتا نیگەرانی لەسەر دۆخی ناوخۆی رووسیا، کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت داناوە.
بانکی ئوستراڵی نیوزلاندی لەو بارەیەوە رایگەیاند، لەدوای رووداوەکانی ئەم دواییەی نێوخۆی رووسیا و شەڕی دەسەڵات لە نێوخۆی ئەو وڵاتە، بازرگانان پێیانوایە ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن رووسیاوە دەخرێتە بازاڕەکان، گەرەنتیکراو نییە.
بانکی ئەی ئێن زێدیش دەڵێت لە بازاڕی نەوتدا، مەترسیی دابینکردنی نەوت لەلایەن رووسیاوە هەیە.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ کەمکردنەوەکانی خستنەڕووی نەوت لەلایەن سعودیەوە دەگەڕێتەوە، بەوپێیەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەسدا، بەڵێنی داوە لە مانگی تەممووزەوە رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت کەمبکاتەوە.
نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی 1930 دۆلار بەرزبووەوە
بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، ئەمڕۆ سنووردار بووە، بەو پێیەی بانکە ناوەندییەکانی جیهان بەتایبەتی بانکی ناوەندی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەوروپا و ژاپۆن ئاماژەیان بەوە داوە، بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لە چەند مانگی داهاتوو، ئەگەرێکی کراوەیە.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکە ناوەندییەکان بەزۆری کاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروستدەکات، بەوپێیەی کڕینی زێر قورستر دەکات و خواست لەسەر ئەو کانزا بەنرخە، کەمدەکاتەوە.
ڤالەری بێدناریک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی ئێف ئێکس ستریت لەو بارەیەوە رایگەیاند، “وەبەرهێنەران بەوریاییەوە مامەڵە بە زێڕ دەکەن، بەوپێیەی هێشتا بانکە ناوەندییەکانی جیهان سوورن لەسەر بەرزکردنەوەی سوودی بانکی وەک ئامرازێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵاوسان.
ئێدوارد مۆیا، شرۆڤەکارێکی دیکەی بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوژێکاریی ئواندا لەو بارەیەوە رایگەیاند، “بەهۆی رووداوەکانی رووسیا، نرخی زێڕ هەندێ پاڵپشتیی وەرگرتووە، کە ئەمە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بووە لە رۆژی دووشەممەوە تاوەکو ئەمڕۆ”.
کریستین لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەوروپا رایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی وەک ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی رێژەی هەڵاوسان لە ئاستی 2٪ـدا لە یەکێتی ئەوروپا.