هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وەزارەتی کارەبا: پێوەری زیرەک بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان کەم دەکاتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پڕۆژەی پریپەید جەخت دەکاتەوە کە بەهۆیەوە بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان کەم دەبێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی 23ـی 06ـی 2023 ئەردەلان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند: پرۆژەی پریپەید بە دابینکردنی كارەبایەكی بەردەوام، بارزۆری و سەرپێچییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا کەم دەکاتەوە.

ڕاشیگەیاند: پێدانی یەک سەرچاوەی پارەی كارەبا لە جیاتی دوو سەرچاوەی كارەبای نیشتمانی و كارەبای موەلیدە، بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان کەم دەکاتەوە.

ئەردەلان دۆسکی ئەوەشی خستەڕوو کە لەکۆی 14 پڕۆژەی نیشتەجێبوون کە لە هەولێر پڕۆژەی پریپەیدیان بۆ دانراوە، 15 هەزار و 181 هاوبەشی کارەبا هەیە، 3 هەزار و 320 سەرپێچی و نەبوونی هاوبەش دەستنیشان كراون.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی كارەبا ئاماژەی بەوەش دا کە زیاتر لە ملیۆنێک و 350 هەزار هاوبەشی کارەبا، پێوەری زیرەكیان بۆ بەستراوە و پڕۆژەکە دەچێتە قۆناغێکی دیکەی جێبەجێکردنی پڕۆسەی پڕیپەید.