چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سه‌رۆكی هه‌رێم و شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا كۆبوونه‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، كۆبوونه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى باڵاى ئه‌مه‌ريكى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى خاتوو دانا سترۆل جێگرى ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگریی ئه‌مه‌ريكا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كرد، كه‌ له‌ ژه‌نه‌راڵ ماكفارلان فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا و ژماره‌يه‌ك له‌ ديپلۆماتكاران و به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى به‌رگری و باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ به‌غدا و كونسولخانه‌ى گشتييان له‌ هه‌ولێر پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش، چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هه‌نگاوه‌كانى يه‌كخستن و رێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، تاووتوێكران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هێشتا داعش له‌ عێراق و سووريا هه‌ڕه‌شه‌يه‌ و جه‌ختيان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌ش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش كرده‌وه بۆ پاراستنى ئه‌و ده‌سكه‌وته‌ ئه‌منييانه‌ى به‌ده‌ست هاتوون‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ شاندى ئه‌مه‌ريكا پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌رده‌واميى يارمه‌تيدان و پشتگيرى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپاتكرده‌وه‌.

هه‌ردوولا پێویستی و گرنگيى به‌رده‌واميى كار و هه‌وڵى زياتريان بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستن و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ دووپاتكرده‌وه‌. له‌مباره‌يه‌وه‌ شاندى ئه‌مه‌ريكى سوپاس و پێزانينيان پێشكه‌ش به‌ نێچيرڤان بارزانى كرد بۆ هه‌وڵ و كۆشش و ڕۆڵى كاراى له‌ پرۆسه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى پشتگيريى ئه‌مه‌ريكايان بۆ پرۆسه‌كه‌ دووپاتكرده‌وه‌ و سڵاو و ڕێزى به‌ڕێز وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكايان به‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان گه‌ياند.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى ديكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ بوون. (هه‌روه‌ك سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی پێكردووه‌).