ئەمڕۆ چوارشەممە 21/6/2023، وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: “بە مەبەستی ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان تا لە ماوەی ئەو مانگەی ماوە و بۆ ئەوەی تا 21ی تەمووزی 2023 چەکەکانیان تۆمار بکەن، بە فەرمانی بەڕێز وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان 48 بنکەی نوێی تۆمارکردنی چەکی ئاگرینی کردەوە، سەرەڕای بەردەوامی کارەکانی 42 بنکەکەی پێشوو”.
ئەوەش خراوەتە روو: “داوا لە هاووڵاتییان دەکەین کە بەزووترین کات سەردانی یەکێک لەم بنکانە بکەن کە بۆ تۆمارکردنی چەک کراونەتەوە و چەکەکانتان بێ بەرامبەر تۆمار بکەن”.
ئاماژە بەوەش دراوە: “لە کاتی تۆمارکردنی چەکدا، چەکەکە بە خاوەنەکەی دەدرێتەوە لە گەڵ فۆرمێکی تۆمارەکە و دواتر بەو فۆرمە دەتوانێت داوای مۆڵەتی چەک هەڵگرتن بکات ئەگەر پێویستی بێت یان دەتوانێت بەو فۆرمە چەکەکەی لە کۆمەڵگەکانی کڕین و فرۆشتنی چەک بفرۆشێت، کە لە ئایندەدا بە چاودێری وەزارەتی ناوخۆ دەکرێنەوە”.