سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

جووتیارێکی پەلکانە لەبارەی رێگرییەکانی سوپای عێراق: شەش ساڵە لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین

جووتیارێکی کوردی گوندی پەلکانە رایدەگەیەنێت، سوپای عێراق هەموو جۆرە کارێکی کشتوکاڵییان لێ قەدەغەکردووە. جووتیارێکی دیکەش دەڵێت، “ماوەی شەش ساڵە لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین” و داوای هاوکاری لە دەسەڵاتدارانی کورد دەکەن.

شەوی رابردوو 20ـی حوزەیرانی 2023، هێزێکی سەربازی سوپای عێراق بە هەمەر و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هەڵیکوتایە سەر گوندی پەلکانەی سەر ناحیەی سەرگەڕان، کە دەکەوێتە سنووری ماددەی 140ـی دەستووری عێراق و ئاغای گوندەکەیان بە ناوی “دەشتی ئاغا” دەستگیرکرد. هاوکات مەڕەشە و کەرەستەی ئاودێری جووتیارانی گوندەکەیان شکاند.

لەوبارەوە ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی حوزەیرانی 2023، رەشید ئاغا، کە شەوی رابردوو دستگیرکرابوو، وردەکاریی رووداوەکەی بۆ دەزگا راگەیاندنەکان باس کرد و گوتی: “دوێنێ شەو نزیکەی کاتژمێر 11:15 بۆ 11:30 لەسەر بانی خانووەکەم دانیشتبووم. بینیم دوو هەمەری سوپای عێراق چوونە نێو زەوییەکەم، کە گەنمە شامیم لێ چاندووە. منیش هاتمە خوار و بەرەو روویان چووم و بینیم مەڕەشەی زەوییەکەی تێکدەدەن.”

ئەو جووتیارە کوردە وەکو خۆی دەڵێت، پرسیاری لە سەربازەکان کردووە “خێرە بەم شەوە هاتوونەتە ئێرە” ئەوانیش پێی گوتوون، “نابێت ئاوەدانی بکەی، قەدەغەیە و نابێت هیچ جۆرە کارێکی کشتوکاڵی لێرە ئەنجامبدرێت”.

جووتیارە کوردەکە ئاماژەی بەوەش دا، بە فەرماندەیەکی سەربازی کە پلەی ‘ئامر فەوج’ بووە و لەگەڵ دوو هەمەرەکە هاتبوو، گوتووە، “چۆن ئاوەدانی نەکەین، گەنمە شانیم چاندووە وا گەیشووەتە بەرووبووم، ئەگەر هەیە دوای 10 رۆژی دیکە دروێنە بکرێت، چۆن دەتوانی ئاوی رابگری؟” ئەو فەرماندەیەش لە وەڵامدا پێی گوتووە “مەڕەشەکان تێکدەدەین و پێویستە بچنە بنکەی پۆلیس و بەڵێن بنووسن جارێکی دیکە کاری ئاودانی نەکەن، ئەمە فەرمانە و لەسەرووی خۆمانەوە بۆمان هاتووە”.

لە درێژەی قسەکانیدا رەشید ئاغا روونیکردەوە، دوای ئەوەی خۆی و جووتیارێکی دیکە چوونەتە بنکەی پۆلیسی سەرگەڕان، نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا پەیوەندیی پێوە کردووە. هاوکات قسەی لەگەڵ “قائد فیرقەی هەشت” کردووە و پێی گوتووە، “کارێکی ناسایی بەرامبەر بە جووتیارە کوردەکان دەکەن، چونکە نووسراوی هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی ماددەی 140ــم بۆ ئێوە رەوانەکردووە، کە دەڵێت، نابێت رێگری لە جووتیارە کوردەکان بگیرێت”. وەکو خۆی دەڵێت، قائید فیرقەکە بە نەجوا کاکەیی گوتووە لە پشوودایە و ئاگای لە بابەتەکە نییە، بۆیە دواتر ئەو پەرلەمانتارە قسەی لەگەڵ ئامر فەوجەکە کردووە و دوای دوو کاتژمێر ئازاد کراون.

وەکو ئەوەی رەشید ئاغا باسی دەکات، سوپای عێراق هەموو جۆرە کارێکی کشتوکاڵی لە جووتیارە کوردەکانی گوندی پەلکانە و گوندەکانی دیکە کە دەکەونە سنووری ماددەی 140 قەدەغە کردووە و دەڵێت، “نەک کاری کشتوکاڵی، تەنانەت تەرەکتەریشت پێ بێ، لەسەر رێگە ڕاتدەگرن و رادەستی پۆلیست دەکەن”. ئەمەش وەکو ئەوەی جووتیارەکە ئاماژەی پێ دەدات، تەنها بەبیانووی ئەوەیە کە ئەوان “سەرپێچی رێنماییەکانی سوپای عێراق”ـیان کردووە، “ئەگەر نا هیچ بیانوویەکی دیکەیان نییە”.

جووتیارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو جۆرە کارانە “ئەرکی سوپا نییە، ئەرکی سوپا پاراستنی وڵات و خەڵکە، نەک ئەزیەتی جووتیاران بدات، بەڵام چی بکەین، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەم خەڵکە (هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ناوچەکانی ماددەی 140) لە دۆخێکی سەختدا دەژین، بۆیە داوا لە سەرکردایەتی کورد و پەرلەمانتارە کوردەکان دەکەین چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم کێشانە بدزۆنەوە”.

فەرهاد ئیسماعیلیش، یەکێک بوو لەو جووتیارانەی شەوی رابردوو لەلایەن پۆلیسەوە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەستگیرکرابوو و دەڵێت، کاژمێر یەکی شەوی رابردوو شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەیوەندیی پێوە کردوو و گوتوویەتی هەموو هەوڵێک دەدەن كێشەی گوندی پەلکانە چارەسەر بکەن. فەرهاد ئیسماعیل هیوادارە شاخەوان عەبدوڵلا ئەم ماوەیە زیاتر گرنگیی بەو بابەتە بدات و “ئێمە لەم دەرد و نەهامەتییە ئازاد بکات”.

عەبدولکەریم حەمەدەمین مستەفا جووتیارێکی دیکەی گوندی پەلکانەیە، رەخنە لە خراپی بارودۆخیان  دەگرێت و، وەکو خۆی دەڵێت، ئەو فیرقەیەی زەویوزاری جووتیارانی کوردانی گوندی پەلکانە تێکدەدات و رێگریان لێدەکات “فیرقەی عەلی عەواسییە، نەک محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق” و دەڵێت، “ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە لە بارودۆخێکی زۆر خراپداین. هەرگیز نەمبینوە سوپا دەستوەردان لە کاروباری کشتوکاڵی بکات”.

گوندی پەلکانە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە بەدەست پاشماوەی چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبی و عەرەبە ھاوردەکانەوە دەناڵێنێت. خەڵکی گوندەکە داوا دەکەن سەرکردایەتی سیاسی کورد ھەوڵبدەن ئەو تەعریبە رابگرن کە لە سەر ناوچەکە و ماڵ و زەویەکانیان ھەیە.