دیاردەی كۆچی بەكۆمەڵ، گەنجانی ڕۆژئاوای كوردستانی گرتووەتەوە و ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردیش لە سووریا. ئاماژە بە دوو هۆكاری سەرەكی دەكات، كە یەكیان، چەكداركردنی زۆرەملێی پەكەكە و دووەمیان بێكارییەكی بێڕادەیە، كە ڕۆژئاوای كوردستانی گرتووەتەوە.
كاوە عەزیزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا، ڕایگەیاند، دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان، بەهۆی هەژموونی پەكەكە، بە قۆناعێكی خراپدا دەڕوات، بە شێوەیەك، بووەتە هۆی ئەوەی كۆچی بەكۆمەڵ گەنجانی ڕۆژئاوای كوردستان بگرێتەوە.
ئازیزی گوتیشی: ”زۆر هۆكار لەپشت ئەو كۆچەی گەنجانەوەن، بەڵام بابەتی چەكداركردنی گەنجان بە زۆرەملێ لەلایەن پەكەكە و بێكارییەكی زۆر، لە هۆكارە سەرەكییەكانن و چەندین هۆكاری دیكەش هەن، كە ئەوانیش هەر بەهۆی دەسەڵات و هەژموونی پەكەكەوە، ڕۆژئاوای كوردستان بەدەستیەوە دەناڵێنێت، جگە لە نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی ئیدارەدان، كەچی لەلایەن پەكەكەوە بەزۆر گەنجان چەكدار دەكرێن، جگە لەوەش، هیچ دەرفەتی كار لە بەردەمیاندا نییە و ناچارن ڕۆژئاوای كوردستان جێ بهێڵن.”
لای خۆشیانەوە، ئەنیستیتۆی واشینتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دوایین ڕاپۆرتیدا، جەختی لەسەر كۆچی بەكۆمەڵی گەنجانی ڕۆژئاوای كوردستان كردووەتەوە و یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەو كۆچەی، بۆ چەكداركردنی گەنجان بە زۆرەملێ گەڕاندووەتەوە.
ئەنیستیتۆی واشینتۆن ئاشكرای كردووە، تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەدا، بە هەزاران گەنج لەژێر دەسەڵاتی كانتۆنەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە ڕێگەی سەرێکانێ، بەرەو توركیا كۆچیان كردووە، بەو ئامانجەی، بتوانن لە ڕێگای تورکیاوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەورووپا.