ڕێنماییی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕێگریكردن لە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون

لەبەر تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی پشتڕاستكراوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی تەندروستی، چەند ڕێنماییەكی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە بڵاو کردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت “بۆ ڕێگریكردن لە پەرەگرتنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسیی مەترسیدارە، پێویستە ئەم ڕێوشوێنانەی بگیرێتە بەر:

1-سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە و سەربڕین تەنیا لە شوێنی ڕێپێدراو دەبێت.

2- پابەندبوونی قەسابەكان بە لەبەركردنی كەلوپەلی خۆپاراستن بەتایبەتی لەدەستکردنی دەستكێشی لاسیتك و جلی تایبەتی خۆپارێزی، لە كاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشت و خوێنەكەی بە شێوەی تەواو؛ لە كاتی سەرپێچییشدا بە توندی سزا دەدرێن.

3- دوای سەربڕینی ئاژەڵ، دەبێت شوێنەكە بە بەكارهێنانی كلۆر بە ڕێژەى (5%) پاک بکرێتەوە. (بە بەكارهێنانی فاس بە ڕێژەی 6% و هەر بەشێك لە فاس بۆ 11 بەش ئاو)، هەروەها بە هەمان شێوە پاكژكردنەوەی كەلوپەلی بەكارهاتوو لەكاتی سەربڕین و پارچەكردنی گۆشت.

4- پێویستە هاووڵاتییان گۆشتی سوور لە شوێنی ڕێپێدراو بكڕن و دەستكێش لە دەست بكەن و ئاگادار بن دەستیان هیچ برینداری نەبێت و تەختەی لەتكردنی گۆشت جیاواز بێت لە تەختەی لەتكردنی سەوزە، پاشان شوێنی لەتكردنەكە بە ئاوی گەرم و سابوون بە باشی خاوێن بكرێتەوە، دواتر پاکژكردنەوەی بەهەمان شێوە وەك لە خاڵی 3 باس کرا و كوڵاندنی گۆشت بە تەواوی.

5- لە كاتی سەردانی ئەو شوێنانەی گەنە تێیدا بڵاوە، جلی قۆڵدرێژ و ڕەنگی كاڵ لەبەر بكرێت تاوەكوو دیار بێت، هەروەها كرێمی تایبەت بە دوورخستنەوەی مێروو و گەنە لە لەشی مرۆڤ بەکار بێت.

6- بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ڤێتێرنەری و كشتوكاڵ بكەن، لەبارەی ڕێكارەكانیان سەبارەت بە ڕشاندنی ئاژەڵان بە قڕكەر.

7- جەختكردنەوە لە كاری پتەوكردنی تەندروستی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە ڕێگەی هەڵمەتی جیاواز و بڵاوكردنەوەی ڕێنمایی بە مەبەستی گەیاندنی زانیاریی درووست.

8- جێبەجێكردنی چالاكییەكانی ڕشاندنی شوێنی گەنەكان، بە گوێرەی پلانی ساڵانەی كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییە گوێزراوەكان.

9- پابەندبوونی كارمەندانی تەندروستی بە لەبەركردنی كەرەستەی خۆپارێزی بە شێوەیەكی زانستی و دروست