ئەمڕۆ شەممە (3ـی حوزەیرانی 2023)، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تیمەکانیان لە چەند چالاکیەکدا، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی وردو گرتنەبەری رێکارەیاساییەکان، لە سێ رۆژی سەرەتای ئەم مانگە (حوزەیرانی 2023) توانیویانە سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە شاری کەرکووک بە هاوکاری پۆلیسی ماددە هۆشبەرەکانی کەرکوک دەستگیربکەن.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاماژە بەوەشکراوە، لە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان و لە چالاکییەکی دیکەدا، تواندراوە سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر بەبڕی دوو کیلۆگرام کریستاڵەوە دەستگیربکەن لە شاری هەولێر کە یەکێکیان خەڵکی شارۆچکەی قەڵادزێیە.
هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرایکردووە، بەهۆی ئەم دوو چالاکییەوە، تۆڕێکی گەورەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووکیان هەڵوەشاندووەتەوە و تەواوی تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکانیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە (29ـی ئایاری 2023) ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی چوار مانگی رابردوودا، دامەزراوەکانیان 667 کەسیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەهۆشبەرەکان دەستگیرکردووە و دەستیان گرتووە بەسەر 45 کیلۆ و 80 گرام ماددەی هۆشبەر، پێنج سەد و 30 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کاپتاگۆن، دوو هەزار و 774 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و 70 کیلۆگرام دەرمانچا، کە تێکەڵ کراوە بە ماددەی هۆشبەری جۆری هیرۆین.
رۆژی (24ـی ئایاری 2023)ـش ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی پارێزگای دیالە، لە هەڵمەتێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی تواندرا سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن