عومەر چنگیانی
هەتا دێ زیاتر سەرم دسڕمێ لە تەکنەلۆجیای سەردەم و تواناییە بێسنوورەکەی مرۆڤ لە چاودێریکردنی خۆی! دەزگاکان بە هۆی سیمکارتی مۆبایلەوە یان ئەو سیمەی لە توێی ناسنامە نوێیەکان و گوزەرنامە و ڤیزەکارت و شتی تردا هەیە، لە دوورەوە چاودێریمان دەکەن و ئاگایان لێمانە! جا با بگەڕێمەوە بۆ خوێندنەوەیەکی وردی ئایەتەکانی قورئانی پڕ لە بەخشش کە دەیان وانەی پڕ لە حیکمەتی خوایییان تێدایە؛ لە گوڵخەرمانی ئیمڕۆمدا نەختێ دەتانبەمە خزمەت هەندێک لە ئایەتەکانی سورەتی (مولک)، كە لە سیانزەهەمین ئایەتی سوورەتەكەدا دەچێتەوە سەر باسی خەڵکی بێبڕوا و دەفەرمێ: “ئەو قسەوباسانەی لەبارەی پێغەمبەرەكەمان و دەربارەی قورئان و باسەكانی قورئانەوە بە نهێنی یان ئاشكرا دەتانكرد، كەمتەرخەمی مەكەن لێی و، بزانن كە خوا بەسەر هەموو شتەكاندا زانایە”؛ ئەم ئایەتە گشتگیرە وامان لێ دەکات ئەو هەموو سەرسڕمانەی لە کاری داهێنەرانەی مرۆڤ هەمانە، بە لاوەی نێین و، نووچێک بدەین لە هەنتەشی پەروەرێندا؛ کە دوابەدوای ئەو ئایەتە خوا گیان بە پرسیارێكی هەستبزوێنەوە دەست دەکاتە چواردەهەمین ئایەتی سوورەتەكە و ئەقڵ دەبزوێنێ و دەپرسێ: “مەگەر خوا لە دروستكراوەكانی خۆی بەئاگا نییە؟ مەگەر نازانێ چی ئافراندووە؟ ئەو بۆ خۆی هیچ نابینرێ و، پڕ زانیاری و شارەزا و بەئاگایە.” خوێنەری هێژا! شاراوە نییە کە ڕۆژانە ئێمە لەم جیهانەی خۆماندا لە پێشبڕكێی پێشكەوتنی شارستانیدا دەبینین لە چاودێریكردن بەسەر تاكەكان و شتەكانەوە، لەو بواری دروستكردنی كامێرای چاودێری و شتی بەڵگەگەیێندا پێش دەكەوین! لە كوێ كامێراكە وردتر و نەبینراوتر و بەهێزتر بێت، زۆرتر بە شانوباڵی داهێنەر و دروستكەری ئەو ئامێرەدا هەڵدەڵێین! وشەی “لطیف” لە زمانی عەرەبیدا وەك چۆن بە مانا نەرمونیان و خنجیلە و جوان و قەشەنگ دەگوترێت، بە خشپەیی و ئەسپایی و وردبینی و دووربینیش دەگوترێت! بەو شتانەیش دەگوترێت كە ڕاستەوخۆ لە توانای چاودا نییە بیانبینێت، هاوكات بە قسەی نەستەقیش دەگوترێت. لە “لطیف”ەكەی لای خۆیشمان مەپرسە كە كوردێنراوە و بووەتە “لەتیف” و كراوە بە ناو بۆ نێری مرۆڤ و، “لوطفیه” خانەكانیش كە هەر دووبارە عەرەبیە و دەكوردێنرێن و بە لوتفی خان بانگیان بەگوێدادە دەرێت! خوا گیان وەسفی خۆی دەكات بەوەی “لطیف”ە، بەڵام لەگەڵ ئەو “لطیفی”یەیشیدا زۆر شارەزایە و، شارەزاییەكەی بێسنوورە. ئەمە بە شێوازێكی ئەدەبی قورئانی پێمان هێژێ، كە ئێوە لەبەر بێتوانایی، نایبینن، مانای ئەوە نییە ئەو، بوونی نییە! یاخود ئێوەی مرۆڤ، ئەگەر فێرە ئەوەن بە قەوارە، گەورەیی شتەكان دەپێون و هەڵیدەسەنگێنن، خوا بەدەرە لە پێوانەكانی لای ئێوەیە! جا ئەگەر وەبیرتان نایەتەوە تواناییەکەی ئەو چۆنە؟ “ئەوە، كە زەوینی ملكەچتان كردووە كە بە پێی توانای خۆتان تیایدا، كارەكانتان فەراهەم دێنن. دەی هەموو كەلێن و قوژبن و لاتەنیشت و بەرزایی و نزماییەكی ئەو زەوییە بپێون، بكێڵن، هەڵدەنەوە، تیایدا ڕۆبچن، لە بەروبوومی رۆزی و هۆكاری بژێوییەكان كە خوا لە ڕێگای زەویەوە پێی داون، سوودمەند بن؛ سوود بكەن و ئەوەیش فەرامۆش نەكەن كە سەرەنجام و دەرەنجامی ئەم كاروانەتان لەم كاروانسەرای زەوییەدا گەڕانەوە
و سەرلەنوێ پەرتبوونەوەیە.