زۆرجار و لە زۆربۆنەدا گلەیی لە زمانزانەکان دەکرێت، کە بۆچی دەست بە وەرگێڕان ناکەن. هەندێکجاریش منیش ئەوەم بە هەندێک هاوڕێی نزیک گوتووە، بەڵام بێئاگابووم لەوەی هەموو زمانزانێک ناتوانێت وەرگێڕ بێت و وەرگێڕان جۆرێک لە هونەر و شارەزایی زیاتری پێویستە لەوەی کەسێکی “تەنها زمانزان” دەیزانێت. یەکێک لە کێشەکانی ئێستای وەرگێڕانی کوردی ئەوەیە هەموو زمانزانێک پێیوایە وەرگێڕە. لە کاتێکدا وەرگێڕان جگە لەوەی تەنها زمانزانین نییە، هاوکات پشتئەستوورە بە کۆمەڵێک شارەزایی و پاشخانی مەعریفی وەرگێڕەوە، کە گرنگی و کاریگەریی بۆ پرۆسەی وەرگێڕان هەیە.
وەرگێڕان تەنها هونەری گۆڕینی دەقێک نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، بەڵکو هونەری دۆزینەوەی ئەو زمانەیە، کە دەقی یەکەمی پێ نووسراوە لە زمانە نوێیەکەدا. واتە وەرگێڕان زیاتر لەوەی تەنها کردەی گواستنەوەی دەقێک بێت هونەری لە دایکبوونەوەی ئەو دەقەیە لە زمانێکی نوێ. زۆر وەرگێڕ هەیە بەبێ بوونی پاشخانێکی مەعریفی و بەبێ شارەزایی لە هەردوو زمانەکەدا (کە ئەمانە ئەلفوبێی وەرگێرانن) دەست بە وەرگێڕان دەکات و لەوێوە وێرانەیەک دەخولقێنێت، کە زۆرجار بە “ئیدیتەر”یش چاک ناکرێتەوە.
لە هەفتەی ڕابردوو کتێبی “برینا ڕەش”ی موسا عەنتەرم خوێندەوە، کە لەلایەن “محەمەد عیزەدین”ـەوە کراوە بە کوردی و دەزگای فام چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە شانۆنامەیەکە چیرۆکەکەی گەلێک ناخهەژێنە و نامەوێت لێرەدا لەبارەی چیرۆک و ناوەرۆکی شانۆنامەکەوە بدوێم، بەڵکو دەمەوێت باس لە گرنگی وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە بکەم. بێگومان نووسینەکەم بەراوردکاریی نییە بە زمانی ئەسڵی دەقەکە. بەڵکو دەمەوێت تیشکێکی کورت بخەمە سەر ئەو هونەرکارییەی وەرگێڕ بۆ وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە بەکاری هێناوە.
مێژووی دەقەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1959 کە نووسەر ئەوکاتە نووسیویەتی کە لە زیندانی تاکەکەسی “حەربییە”ی ئیستانبوڵدا بووە. چیرۆکەکە دەچێتە نێو خانەی کلاسیکیاتی کوردییەوە و ئەو قۆناغەی کە لەنێوان نیوەی دووەمی سەدەی بیست و پێش ڕاپەینی 1991. بۆیە ئەم پاشخانە مێژووییە کاریگەریی لەسەر وەرگێڕ هەبووە زمانی دەقەکە لەنێو زمانی کوردیدا بدۆزێتەوە. بەدەر لەمەش وەرگێڕ بەپێی پێگەی کۆمەڵایەتی کاراکتەرەکان زمان و دەربڕینەکانی بەکارهێناون، کە ئەمەش ئەوپەڕی هونەراندنی وەرگێڕانە. واتە زمانی کارکتەرێکی گوندەکی وەکو زمانی کوڕەکەی نییە کە ئیستانبوڵی بینیوە و لەوێ بووەتە دختۆر.
یەکێک لە پایەکانی هەر وەرگێڕانێکی سەرکەوتوو دۆزینەوەی زمانی کاراکتەرەکانە لەنێو زمانە نوێیەکەدا. چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕەخنەم لە وەرگێڕانی هاوڕێیەکم گرت، کە ڕۆمانێکی نووسەرێکی عێراقی وەرگێڕابوو و کاراکتەرەکان هەموویان خەڵکی شاری بەغداد بوون و پێگەیەکی ڕۆشنبیریی و شارستانیان هەبوو، بەڵام لە دەقە کوردییەکەدا بە زمانێکی گوندەکی و چەشنی جوتیارێکی دەشتی هەولێر و ناوچەی گەرمیان دەپەیڤین، کە بێگومان ئەمە هەڵەیەکی زەقی وەرگێڕانە و پێویستە وەرگێڕ وشیاری لەسەروی هەڵەیەکی لەم شێوەیەوە بێت. لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەم بەکارهێنانی شێوەزارەکانی زمانی کوردی لە کاتی پرۆسەی وەرگێڕاندا بەپێی سیاقی تێکستەکە دەبێتە پێویستییەکی وەرگێڕان. هیچ وەرگێڕانێک نییە بەتەواوی سەرکەوتوو بێت ئەگەر وەرگێڕ تێکستەکەی هەرزم نەکردبێت و کەشفی ئەو زمانەی نەکردبێت، کە پێی نووسراوە تا بتوانێت ئەویش زمانی نووسینەکە لە زمانەکەی خۆیدا بدۆزێتەوە.
وەرگێڕی “برینا ڕەش” چ لەم وەرگێڕانە و چ لە بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەردا گەلێک سەرکەوتوانە کاری کردووە و شایستەی ڕێزە و دەگرێت وەکو نموونەی وەرگێڕێکی نوێی سەرکەوتوو ئاماژەی پێ بکەین و کارەکانی جێگەی دەستخۆشی و ماندوو نەبوونە.