دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بۆچی گرنگە ئافرەتان و دایکان سوود لە پڕۆسەی خوێندنەوە وەربگرن ؟

کتێب بە بنەمای شارستانیەت و پێشکەوتنی نەتەوەیەک دادەنرێت،لەبەر ئەوە گرنگی و بایەخێکی زۆری هەیە لە زیندوو هێشنتەوەو بەرەوپێش بردنی نەتەوەیەک چونکە کتێب کۆبونەوەی ئەزموونی مرۆڤەکانە بەشێوەی نوسراوەیی کە هەزاران ساڵ پێش ئێستا ڕوویانداوە بەڵام لە ڕێگەی کتێبەوە ئەو ئەزموونانە تۆمارکراون،( خوێندنەوەی کتێب ) خۆراكی مێشك و ڕۆحە پرۆسەی خوێندنەوە لە هەست و تێگەیشتنی تاك دروست دەبێت، سەرەتا لە دەربڕینی پیت و وشەیە کە لە ماڵەوە فێردەبن و لە قوتابخانە بەردەوامی دەبێت، ئینجا بۆ فراوانكردنی مەعریفە هەوڵی خود دێتە ئاراوە، تاك دەبێتە خاوەنی باکگراوندێكی مەعریفی، ئەو كات دەتوانرێت بڕیاری ڕاست و دروست لە ژیانی بدات، بیركردنەوەو لێكدانەوەی بۆ ڕووداوەكانی ژیان راستتر دەبێت، جا خوێندنەوەكە لە هەر بوارێكدا بێت.

هەموو تاکێکی کۆمەڵگا پێویستە خوێنەربن جا چ منداڵ بێت یان ئافرەت بێت یاخود ئافرەتی ماڵ بێت یان پیاو بێت لەهەر پێگەو ئاستێک دابن بێ جیاوازی خوێندنەوە پێویستییەکی سەرەکی ژیانە، یەکێک لە شتە مەزنەکان دەربارەی خوێندنەوەی کتێب، ئەوەیە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دەوڵەمەندکردنی هەگبەو فەرهەنگی ووشە و باشترکردنی وشەگەلی ئێمە . 

خوێندنەوەی کتێب بۆ پێگەیاندن و بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی تاک و بەتایبەتی توێژی (ئافرەتان و دایکان) زۆر گرینگە …

ئافرەتان پێویستە گرنگیەکی زیاتر بە خوێندنەوە بدەن لەبەر ئەوەی ڕۆڵێکی گرینگ دەگێرن لە بوارە جیاوازەکانی کۆمەڵگا لە بواری سیاسی و کۆمەلایەتی و ئەکادیمی و پەروەردەیی و بازرگانی تەنانەت لە ماڵەوەش ئافرەت تا هۆشیارتر بێت، رێگاكانی ژیانی بەڕوودا دەكرێتەوە دەتوانێت پارێزگاری لە ماف و دەستکەوتەکانی خۆی بکات و ووردتر بڕوانێتە ژیان و بەسەر بەربەست و گیروگرفتەکانی ڕۆژگاردا زاڵ بێت و چارەسەری مەنتقیانە بدۆزێتەوە، هەمیشە ئافرەتی خوێنەر جیاوازە، چونکە بە گفتووگۆکردن لەگەڵیدا درک بە سەقافەت و ئاستی بەرزی ڕۆشنبیری دەکەی کەلەلای گەڵاڵە بووە،جگە لەوەی کە لە ڕووی ئەکادیمیەوە کاریگەریەکی کارای هەیە،لە ڕووی پەروەردەییشەوە کاریگەری لەسەر خێزان و منداڵ بە جێدەهێڵێت .

 تەنانەت دایکان دەتوانن خوێنەرێکی باشبن بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر منداڵەکانیان دروست بکەن و منداڵەکانیان ئاراستە بکەن بۆ خوێندنەوەی کتێب بۆ ئەوەی لە تەمەنێکی بچووکدا ببن بە ‌هاوڕیی کتێب منداڵان ده‌بێ له‌سه‌ر کتێب خوێندنه‌وه‌ ڕابهێنین تاکو له‌ داهاتوودا ببن بە که‌سێکی دیار و تێگه‌یشتوو له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا دایکان دەتوانن سەرەتا خۆیان ئەم ڕۆڵە بگێرن و کتێب یاخود سه‌‌ره‌تا بە کورته‌ چیرۆکێک دەست پێبکات بۆیان بخوێننەوە بۆ ئەوەی خولیای کتێب و خوێندنەوە لای منداڵەکەی دروست بکات .

هەندێک لەو دایک و باوکانەی کە خوێنەری باشن دەیانەوێت منداڵەکانیان هۆگری خوێندنەوەی کتێب و تەنانەت زۆرجاریش ڕوو لە پسپۆڕەکان دەکەن بۆ ئەوەی ڕێنمایی وەربگرن کە چۆن منداڵەکانیان ئاراستە بکەن بۆ خوێندنەوە .

گرینگە هەموو ماڵێک کتێبخانەیەکی بچووکی تێدابێت وەک هەر پێداویستیەکی گرینگی ڕۆژانە کە لە ماڵەکانماندا بەکاری دەهێنین، بوونی(کتێب ) لە ماڵدا وەک بەخشینی ڕووناکی و ووزە وایە .لە ئێستادا کۆمەڵێک گروپ و ڕێکخراو دروست بوون بۆ ڕاکێشانی خوێنەران و کتێب پێشکەش بە خوێنەران دەکرێت و هەفتانە گفتوو گۆ و زانیاری لە نێوان خوێنەراندا ئاڵوگۆر دەکرێت، چونکە خوێندنەوەی کتێب دونیایی بینین فراوان دەکات و هزرو بیری تاک فراوان دەکات لە ڕێگەی خوێندنەوە تاک ئاستی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و کلتووری گەشە دەکات زانیاری زیاد دەکات .

ســـوودەکــــانی خــــوێندنــەوە :

١- ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لەبەرزکردنەوەی ئاستی زانست و زانیاری و ڕۆشنبیری،چونکە وادەکات خوێنەر ووردتر بیر بکاتەوە و ڕێگە بە تاک دەدات کە باشتر گوزارشت لە خۆی بکات،هەروەها خوێندنەوەی کتێب کارامەیی و ڕەوانبێژی باشتر دەکات.

٢- بەهێزکردنی فەرهەنگی ووشە خاڵێکی گرینگە،چونکە دەبێتە هۆی دەوڵەمەندکردن و باشترکردنی ووشەگەل و فەرهەنگی ووشە لای کەسی خوێنەر، بەخوێندنەوەی جۆرە جیاوازەکانی کتێب، ئێمە دەرفەتی بیستن و ناسینی ئەو ووشانەمان دەبێت کە پێشتر نەمان زانیوە یاخود گوێمان لێ نەبووە بە هۆی کتێبێکەوە دەتوانین ئاشنایان بین. 

٣- بیری داهێنانی کەسی زیاد دەکات،کتێبەکان ئاستی داهێنانی تاک لە ڕێگەی ئەو پلان و زانیاریانەی کە هەیە لە کتێبەکەدا هەروەها ئەو کەسانەی کە بەردەوام هەوڵی خوێندنەوەی کتێب دەدەن بیری داهێنەرانە لە مێشکیاندا دروست دەبێت،ئەمەش بە هۆی ئەو بیرۆکە نوێیانەی کە لە کتێبەکەدا دەیخوێننەوە .

٤- کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەمکردنەوەی سترێس و فشاری دەروونی هەیە،بەتایبەتی کاتێک ڕۆژانە بەهۆی(کار یاخود کۆمەڵگا) بۆمان دروست دەبێت. وا دەکات بۆشاییەک بدۆزینەوە کە تێیدا ئاسودەبین بۆیە هەڵبژاردنی کتێبێک بۆ خوێندنەوە وادەکات لەو جیهانە ئاڵۆزەی کە تێیدا دەژین دەرمان بهێنێت .

٥- ڕێگری لە نەخۆشی دەروونی دەکات شارەزایانی بواری نەهێشتنی نەخۆشییە دەروونی و بایۆلۆجییەکانی پەیوەندیدار بە( مێشک و بیرەوەری ) ئاماژە بەوە دەکەن کاتێ مرۆڤ تەمەنی بەرەو پیری دەڕوات زاکیرەی مرۆڤ لاواز دەبێت بەڵام خوێندنەوەی کتێب ڕێگری دەکات لەلاواز بوونی زاکیرە. 

٦- یارمەتی دەرێکی باشە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کرداری بۆ کێشەکان،کەسی خوێنەر چونکە کتێبێکی زۆر دەخوێنێتەوە، چەندین ڕووداوی جیاواز و چیرۆک و خەیاڵ لە نێو ئەو کتێبانەی خوێندوویەتەوە لە مێشکیدا کۆبۆتەوە دەتوانن سوودی لێوەربگرن و چارەسەری خێرا بۆ ئەو کێشانەی کە لە ژیانی خۆیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە .