جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرینگی لیژنه‌ی دارایی ده‌كات

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 17ـی ئایاری 2023) موحسین مه‌نده‌لاوی، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ كرد و تێیدا ستایشی رۆڵی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ی كرد بۆ كۆبوونه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان له‌پێناو ته‌واوكردنی كاره‌ یاسایی و هونه‌رییه‌كانی بودجه‌ی فیدڕاڵی هه‌رسێ ساڵی 2023، 2024 و 2025.

جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، پڕۆژه‌یاسای فیدڕاڵی بۆ سێ ساڵی داهاتوو، گرنگی به‌ لایه‌نی خزمه‌تگوزاری و پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كان و پشكی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان و ده‌سته‌به‌ری شایسته‌ داراییه‌كانی تازه‌ دامه‌زراوانی خاوه‌ن بڕوانامه‌ باڵاكان و وانه‌بێژان و توێژه‌كانی دیكه‌، داوه‌.

رۆژی (13ـی ئاداری 2023) ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی په‌سه‌ندكرد، كه‌ زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە.

شه‌وی 5/6ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

رۆژی هەینی 5ـی ئایاری 2023، خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی له‌ پەرلەمانی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، تا 20ـی ئه‌م مانگه‌ هه‌موو رێكاره‌كانی تایبه‌ت به‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ ته‌واو ده‌بن و له‌ كاتێكی نزیكدا له‌ په‌رله‌مان تێده‌په‌ڕێندرێت