هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

شێركۆ هەژار موكریانی: مەسعوود محەمەد بە بەڵگەی زۆر بەهێز كوردی لە دەرەوەی مێژوو دیتەوە

دیمانە: حەیدەر عەبدوڵڵا

شێركۆ هەژاری، كوڕی مام هەژاری شاعیر، تەمەنێك لەنێو كتێب و ئەدەب و ئەدیبان. نووسەرێكی جیاواز و خوێنەرێكی شەیدا بە ئەدەبی كوردی و عەرەبی و بیانی. ئەزموونێكی دەوڵەمەند و هەگبەیەكی پڕ لە زانیاریی كۆن و تازە. عەبدوڵڵا حەسەنزادە دەڵێت: “شێركۆ هەژاری دەریایەكە لە مەعریفە.” دەمێكە دیمانەیەكی مەیلەودرێژم لەگەڵ كردووە و حەز دەكەم بە چەند بەشێك لە ڕۆژنامەی هەولێر بڵاوی بكەمەوە. تەماخوازم خوێنەران پشوودرێژبن و هەموو بەشەكان بە وردی بخوێننەوە و سوودی لێ وەربگرن.

پ/ به‌ گوێره‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ ده‌ڵێ: (مێژوو كائینێكی مردووه‌، ئێمه‌ زیندووی ده‌كه‌ینه‌وه‌)، شێوازی زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌م (كائینه‌) لای مێژوونووسانی كورد چۆن ده‌بینی؟

و. ئەو قسەیە کە مێژوو کائینێکی مردووە، زۆر بەرینە . باسکردنی، بەگوێرەی ئەوە کە مرۆڤ لە واقیعی چ قەومێکەوە و، لە چ گۆشەیەکەوە لێ دەنۆڕێت، زۆر دەگۆڕێت . ئەمریکایی هەن داوادەکەن کە دەرسی مێژوو لە خوێندگەکان هەر هەڵبگیرێن، لە کاتێکدا کە زۆرترینی عارەب دەیانەوێت هەر لە چوارچێوەی مێژوو و زیندووکردنەوەیەکیدا ( کە هەر دەزیهنی خۆیاندایە) بژین . دیارە مێژوو خۆی هەمیشە زیندووە، یەک رێگای بە زۆر وێستگەیە، باس لە روانگەی ئێمەیە . ئایا ئێمە دەتوانین لە پێستی ئێستاماندا بژین و، دەمانەوێت بۆ هێندێک پێداویستی ژیانی ئێستامان، ئاگاداری تۆماری پێش ئێستامان بین، وەک کە هەر بژیشکێک دەیەوێت بۆ چارەسەرکردنی کەسێک، لە مێژووی ئەو کەسەو – هێندێک جار- دەوروبەریشی ئاگاداربێت( کەسوکاری، خزمانی، ئایا باپیری نەخۆشیی شەکرەی هەبووە یا .. ئیدی)، یان ناتوانین و، وەکو زۆربەی رۆژهەڵات، هەر لە جۆڵاتەنەی وەهم و خەرافاتی رابردوودا دەژین . من ئاگادارییم لە رابردوو هەر بۆ ئەوە دەوێت کە بۆ ئێستا و دوای ئێستام کەڵکی لێ ببینم، ئەینا خۆ من نامەوێت ڕووی مێژوو وەرگێڕمەوە و بچمەوە ڕابردوو . ئەو بزووتنەوەی ” عەقڵانیەت”( راشنالیزم)ـەی کە سەدەی حەڤدە لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و هۆڵەنداوە سەری هەڵێنا (دێکارت، لایبنیتز، سپینۆزا …) هێشتا پڕیشکی وەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئێمە نەکەوتووە . ئایین و، سووڕبوون لەسەر مانەوە دە پێستی رابردوودا هێشتا تێدا حوکم دەکەن و، کوردیش دە داوی ئەو دەوروبەرەیدایە . رۆشنبیری، کە دەبێت ئاسۆی نوێی ژیان بکاتەوە، زۆر بەداخەوە، هێشتا بە روونی سەری هەڵنەهێناوە . شتێکی کە پێێ بگوترێت ” مەکتەبی مێژووناسیی کورد”، بەهۆی هەلومەرجی نەتەوایەتیی کوردەوە، هێشتا دیار نییە . کاتێك ” فان بروونەسن” ناوێکی هۆڵەندی، هاتە کوردستان، خۆی فێری هێندێک کوردی کردو، لە روانگەی عەقڵانیەتی هۆڵەندییەوە دکتۆرنامەی بەناوی ” ئاغا و شێخ و دەوڵەت” نووسی من زۆرتریم وەرگێڕاوەتە سەر کوردی، پێوەندیی ئەمڕۆی کوردی تێدا بە مێژووی رابردووی شی کردەوە، یەکجار زۆری لا سەیر بوو کە چۆن ئەو کارەی زۆر سەرنجی خوێندەوارانی کوردی رانەکێشا . راستییەکەی، تەنانەت منیش پێم سەیر بوو . من، کارم بەوە نییە ریشەی نەژادیی کورد چ پێوەندییەکی بە سومەرییەکانەوە هەیە یا نییە . من پێویستیم بەوە هەیە، چاک لە شەرەفنامە بگەم . تێگەیشتنی چاکی شەرەفنامە، تێگەیشتنی چاکی ئەمڕۆیە، چونکە کورد هێشتا نەیتوانیوە لە جەغزی ” ئاغا و شێخ و دەوڵەت”ی پێشووی دەرچێت . من تۆماری ژیننامەی ” ئەحمەد تەوفیق”ی بەرهەمی ” دکتۆر یاسین سەردەشتی”یم دیت، شتێکی باش بوو . بەڵام ئەوە حەقیقەتێکە کە عاتیفەی ئەم قۆناغەی کورد بە زەحمەت قەبووڵ دەکات، هێندێک لە خۆشەویستانیشی وەکو خەڵکی تری ئاسایی، بە پێوانەی زانستی و بەو سیفەتەیان کە مرۆڤ بوون، باسی لایەنی مرۆڤبوونەکەیان بکرێت . کتێبی ” هەژاری مرۆڤ ….”ـەکەی من، بەڵگەیەکی زۆر روونی ئەوەیە . تەنانەت کەسێک کە ساڵانی ساڵە لە ئەوروپا دەژی، لەسەر ئەوە کردی بە هەرا کە من قسەیەکی هەژارم گێڕاوەتەوە کە گوتوویە پێشەوا زۆر حەزی لە ژنان کردووە . مەگەر پیاو زۆر حەز لە ژنان بکات شتێکی سەیرە ؟ تۆ ئەگەر ئەوە بە چیرۆکی هەڵدانەوەی لاپەڕەی ژیانی دووەم پادشای فان ئۆرانییەی هۆڵەندا بەراورد بکەیت، دەبینیت کە مەودایەکی زۆر لە نێوان ئێمە و دنیای پێشکەوتوودا هەیە . دەبێت خەبات بکەین، دەوڵەتی نەتەوایەتیی خۆمان هەبێت و، دەستگایانێکی دەوڵەتی کە بتوانن بمانگەیەننەوە کاروانی پێشکەوتنی دنیا . بەڵام ئیتر دیارە ئەوەش هۆشیاریی دەوێت، مەسەلەی مریشک لە هێلکە یا هێلکە لە مریشکەکەیە، رزگاری و گەیشتنە “دەوڵەتی نەتەوایەتی”یش پێویستی بە رۆشنبیری هەیە .

پ/ئه‌گه‌ر له‌ دنیای خۆرئاوا كۆتایی مێژوو بێت، وه‌ك : فرانسیس فۆكۆیاما باسی ده‌كات، كه‌واته‌ له‌ كوردستان سه‌ره‌تای مێژووه‌، ئه‌ی وانییه‌؟
و.خۆزیا ئێستا لە فوکویامات دەپرسی، ئایا ئەم رووداوانەی ئۆکرانیا چی ناودەنێت ؟ ئەوەیە کۆتایی مێژوو و دوا مرۆڤ ؟ کە نێوانی زمان و خاک و دەوڵەت هێشتا لەو وڵاتە ئەوروپاییە گەورەیەدا ساغ نەبووەتەوە ؟ ئێستا پێێ وانییە کە زۆر پەلەی کردووە ؟ مەسعوود محەمەد، زۆر لەجێی خۆیدا و، – بە بیری من – بە بەڵگەی زۆر بەهێز( بەڵام بە بێ هەوڵی دۆزینەوەی هۆیەکانی)، کوردی لە دەرەوەی جەغزی مێژوو دیتووە . هەستی تەبیعیی کۆمەڵە مرۆڤێکی کە دەیانەوێت دە چوارچێوەی ” نەتەوە “یەکدا شوێنی خۆیان لە دنیادا بکەنەوە، هێشتا لای کورد لەو قۆناغەدایە کە فەیلەسووفی ئینگلیس ” هۆبیس” بە عیبارەتی بەناوبانگی ” شەڕی هەمووان لەگەڵ هەموواندا”ی باس کردووە . گرنگترین دیاردەی کۆتایی سەدەی بیستەم و ئەم سەرەتایانەی سەدەی بیستویەک، بە بیری من، بریتیە لە خەت‌کێشان بەسەر بەشێکی زۆری ئەو زانستی کۆمەڵناسی و سیاسی و ئابوورییەی لەبارەی چینی ناوەند دەخوێندران . ئێستا، شێخەکانی خەلیج رابەرانی چینی ناوەندی وڵاتانی خۆیانن، هەر ئەوان ئەو چینە بە قەدی خۆیان دەبڕن . ” بنەماڵە” و، پادشایان(ی بە جۆرەها ناوی تر) و، تەنانەت جۆرەها عەشیرەتی نوێ لەسەر شانۆن : تۆیۆتا و پاناسۆنیک و فیلیپس و…ئیدی، دروست دەبن و، شەڕێ نهێنی لەسەر دەسەڵاتی بازاڕ، لە ” بورس” دەکەن و، ئەتڵەسی جوغرافیای خۆیان پەرە پێ دەدەن ( بەشێکی فیلیپس لە هیندستانە و بەشێکی نیشتمانی دایکی تۆیۆتا لە ئەمریکا و .. ئیدی) . ئێمە، کورد، زۆر بە سادەیی، لەبەر شەپٶلی زۆر ئاڵٶزو بەخوڕی لافاوانێکی دنیاداین . باوەڕناکەم هیچ ” داهاتووبین”ێک بتوانێت کەمیشی لەبارەوە بڵێت . خەباتکار دەبێت پرەنسیپی کاری هەبن و، هەوڵ بدات هۆشی لە غەریزەی ” شەڕی هەمووان لەگەڵ هەموواندا” پتر بێت، بەڵام ئایا دەبێت ؟ نازانم، با ببینین .

پ/ تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌یه‌ی كه‌ ده‌ڵێت: (مێژوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌). ناخۆشییه‌كانی خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌؟ یان خۆشییه‌كانی پاته‌ ده‌كاته‌وه‌؟ ئایا دووباره‌بوونه‌ی مێژوو مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌، كه‌ واقیع توانای خولقاندنی مێژوویەكی نوێی نییه‌؟
و.وەڵامی ئەم پرسیارە، ئەگەر رێک بە نەزمی داڕشتنی پرسیارەکە بێت و، نەشمانەوێت بکەوینە داوی ئیدیۆلۆجیا و دۆگماوە، زۆر زەحمەتە . ئێمە کە باسی جەغزی سووڕانی دەسەڵاتان لە سەرچاوەکانی مێژوو دەخوێنینەوە، دەبینین چۆن جەنەڕالانێکی وەکو شێرکۆی ئەیووبی و سەلاحەدینی برازای، هێز و شکۆ بینا دەکەن و، چۆن ئەولادیان لەدەستی دەدەن، دنیای جنسیی کەنیزەکان کۆتاییان پێ دەهێنن و؛ ئەمجارە مەملووکەکان بە هەمان رێدا دەڕۆن و، محەمەدعەلیی ئەڵبانی هەمان دەوری شێڕکۆ و سەلاحەدین دەبینێت، تا میراتەکەی بە فارووق دەگات و، هەمووی بە قوربانی گەڵی خۆی دەکات؛ ئەمجارەیان عەبدونناسر دەیەوێت هەمان دەوری سەلاحەدین و محەمەدعەلی لە میسر ببینێت؛ ئەو دیاردەیەی کۆمەڵناس و فەیلەسووفی ئیتالیایی ” پارێتۆ” ناوی دەنێت ” جەغزی نوخبەی حاکمان”، کە ئەو جۆرە جەغزانە سەرنج دەدەین، مەگەر هەر ئەو دووبارە و چەند بارە بوونەوەیە بسەلمێنین . بەڵام من مێژووم وەک چەرخی عارەبانەیەک دێتە بەرچاو کە دە زەوییەک دەچەقێت و، ئیترهەر بەدەوری خۆیەوە دەسووڕێتەوە تا هێزێک پەیدا دەبێت، پاڵێکی وەهای پێوەدەنێت، لەو زەوییەی دەردەخات و، هەنگاوێک دەیباتە پێش تا دە زەوییەکی تردا هەمان کار بکات و، ئاڵقەیەکی تر لە زنجیرەی پرۆسەی داروینیی ببڕێت . بەڵام واشدەبێت لەو پاڵەدا بەرەو دواوە دەگەڕێتەوە و هێندێکان دەشێلێت، تا دیسان دەبرێتەوە پێش . نووسەری ئەمریکایی دەموڕاوێژ خۆش ” مارک توێن” دیمەنێکی لەمەی منی بەزەوقتر لە مێژوو هێناوەتە بەرچاوی، کە گوتوویە ” نا، مێژوو دووبارە نابێتەوە، بەڵام هەمیشە هەمان قافیەی هەیە”! . رەنگە حەقیقەت لە شوێنێکی نێوان ئەو دوو دیمەنەدا بێت .
دەرچوونی ئەوروپاییانێک لە ئەوروپا، بۆ دنیای تازە دۆزراوەی کە ناویان نا ئەمریکا، پاڵێکی بەهێز بوو بە عارەبانەی رۆژئاواوە نرا، بەڵام چین و رووس و فینلەندو سوێدو هۆڵەندا، بەنموونە، هەرکامەیان، وێڕای ئەو هەمووە گۆڕانانەی بەسەر رژیمی سیاسییان هاتوون، چەندین سەدەیە هەرکامەیان بە هەمان کێش و قافیەی زۆر کۆنی دەژیت، کاپیتالیزمیان جیاوازن، سۆسیالیزمیان جیاوازن و دیموکراسییان جیاوازن . تەنانەت تاچەری ئینگلیس، ئەگەر بە قانوونی هۆڵەندییان چووبا هەڵبژاردنەوە، قەت دەرنەدەچوو . چەرخی عارەبانەی کورد، بە نەمانی ئەمارەتەکانی، لە زەوییەک چەقی، زۆرخراپ چەقی و چووە دواوەش، زۆر خراپ چووە دواوە . بە پێچەوانەی زۆر لە قەومەکانی دنیای سێیەمی ئابووری، قەت چینی ناوەندی کورد نەیتوانی ببێتە رابەری کۆمەڵگەی خۆی و، سەیر نییە تازە ئیتر بۆ ئەو چینە درەنگیش بێت . دنیای نەوت و دۆڵارو ئیستیخبارات لەوە ئاڵۆزتر بووە کە نەتەوایەتیی کورد ئێستا زۆر منەتی بە رابەریی ئەو چینە هەبێت . من، زۆر دوای ئەوە کە شەرەفنامەم خوێندبۆوە، ” ئاغا و شێخ و دەوڵەت”ی فان بروونەسنی هۆڵەندیم وەرگێڕا . ئەوجا، بە تەئسیری ئەو کتێبەی بروونەسن، هەم دیسان بە وردی تەواوی شەرفنامەکەی وەرگێڕانی هەژارم خوێندەوە و، هەم چەند بەشێکی ئەسڵە فارسیەکەی چاپی زێرنۆڤیش . لە نەتیجەدا، لام وابوو مێژووی سەدەی بیستەمی کورد، رەنگە وشەی تر، وشەی سەدەی خۆی بەکار هێنابن، بەڵام بە هەمان کێش و هەمان قافیەو هەمان وێنەی شیعریی سەدەی نۆزدە و پێشتریشی دووبارە بووەتەوە . واقیعی لە دەرەوەوە( شەڕ بۆ نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) پاڵێکی بە چەرخی مێژووی کورد بەرەوپێشەوە نا، بەڵام چەرخی کورد خۆی، لە خۆیدا، پاڵی زۆری دەوێت و نازانم چ داهاتووبینێک دەتوانێت هیچ لەوە ببینێت . بەڵکو، خوابکات، من بەهۆی زێدە بەدبینییم بە سیاسەتی کورد، هەڵە بم و، پەرەسەندن لەوەی من بیری لێ دەکەمەوە نیزیکتر بێت و، گٶڕانێک بەسەر قافیەی مێژووی کورددا بێت . مێژووناسان رەنگە بتوانن لێرەدا، بە بەراوردی مێژوو و، پیشاندانی دووبارەبوونەوەی، تەئسیرێکی بەکەڵکیان بەسەر میزاجی خەڵکی شارستانی کورددا هەبێت.