دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

خەڵکی گوندەکانی سنووری دهۆک، داوا دەکەن شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەکانیان دووربخرێنەوە

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

هەرچەندە ناوە ناوە لە ناوچە بەرزەکان تۆپباران دەبیسترێت، بەڵام بەراورد بە ڕابردوو دۆخی ناوچە سنووریەکان لە دهۆک ئارامترە و خەڵکی گوندەکانیش داوا دەکەن چیدیکە ناوچەکانیان نەبێتە مەیدانی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە .

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین گوند لە سنووری دهۆک بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەوە چۆڵکران، هۆی ئەو بۆردوومان و تۆپبارانانە نزیکیی چەکدارانی پەکەکە بوو لێیانەوە، شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵک ببووە مەیدانی شەڕی کۆتایی نەهاتووی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە سێ دەیەی ڕابردوودا .
دانیشتووانی گوندەکانی سنووری ئامێدی لە بوونی پەکەکە لەو نزیکانە، نیگەرانن، چونکە بەو بیانووە لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە بۆردومان دەکرێن و لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵی ڕابردوودا ٦ گوند چۆڵکران.
ئەحمەد مستەفا دانیشتووی یەکێک لەو گوندانەیە دەڵێت: بەهۆی شەڕی ئەو دوو لایەنە زۆربەی دانیشتووانی گوندی هرور چۆڵیان کردووە. بەهۆی شەڕەوە ژیانمان نەماوە، لە کۆی ٥٠ خێزان لەو گوندە تەنیا ١٧ خێزان لێرە ماونەتەوە، ئەوانیش ڕۆژانە لەبەر هاڕەی دەنگی فڕۆکە، ترس و دڵەڕاوکەیانە، هەرچەند ئێستە هاتنی فڕۆکە بۆ ئاسمانی ناوچەکە کەمتر بووەتەوە. لەلایەکی ترەوە بەهۆی نزیکبوونەوەی زیاتری چەکدارانی پەکەکە لەو سنوورە، گوندنشینان ناوێرن بچنەوە سەر زەوی و زاریان .
بەهۆی ئەو شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی چەند ساڵی ڕابووردو، خەڵکی گوندەکان لە جیاتی کشتوکال و ئاژەڵ بەخێوکردن ناچاربوون بچنە نێو شار.
ئەدیب موسا، دانیشتووی گوندێکی دیکەی ناوچەکەیە دەڵێت: سێ ساڵە بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکەداین.
ئێستا دۆخەکە کەمێک هێورترە بەڵام هێشتا ترسمان هەیە.
خەڵکی گوندەکانی سنوور لە هەرێمی کوردستان داوا دەکەن عێراق خەمێک لە سنوورەکانی بخوات و ڕێگە نەدات چیدیکە نە پەکەکە بەکاری بێنێت بۆ هێڕشکردنە سەر تورکیا نە تورکیاش بۆردوومانی بکات، داوا دەکەن بە گفتوگۆ ئەو کێشەیە چارە بکرێت، لە حوزەیرانی 2022 دا ٩ کەس کە گەشتیاری عێراقی بوون بەهۆی بۆردوومانەوە کوژران، لە ساڵی دیکەش بە ژمارەی جیاواز خەڵکی ئەو ناوچانە بوونەتە قوربانی شەڕ و پێکدادانەکان
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەندین جار هۆشدارییان داوەتە تورکیا و پەکەکە کە مەیدانی شەڕی خۆیان لە هەرێمی کوردستان ببەنە دەرەوە.
ئێستا پەکەکە نەک لە ناوچە سنووریەکان، بەڵکو لە شنگال و ناوچەی دیکەش ڕێگەی ئاوەدانی دەگرێت و ناشهێڵێت نادات ئیدارەی فەرمیی لەو ناوچانە کاری خۆی بکات، تەنانەت ڕێگرە لە گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ زێدی خۆیان دوای ئەو هەموو مەینەتییەی بە دەستی تیرۆرستانی داعش بەسەریان هات.