پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشێوازی لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشێوازی لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات و لە دیدارێکدا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی ئایاری 2023)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارتن یێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد کە بە مەبەستی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی کردبوو.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئەڵمانیا کرد کە لە ماوەی ئەرکەکەیدا، کاری بۆ بەرەوپێشبردن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا کردووە، هیوای سەرکەوتنيشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.

باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ کارئاسانی و هاوئاهەنگیرکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزخانە و کونسولخانەی وڵاتەکەی دەربڕی.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە لەم مانگەدا، شاندێکی گەورەی بازرگانان و خاوەنکار و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.