پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

چاودێرێکی سیاسی: یەكێتی نایەوێت ھەڵبژاردن لەمساڵدا بكرێت

چاودێرێکی سیاسی هۆشداریی لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، یەکێتی نایەوێت لەمساڵدا هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بكرێت. ئاماژە بەوەش دەدات، داواکانی یەکێتی لە پارتی، داوای نەتەوەیی و نیشتمانی نین و هەمووی پەیوەندییان بە پرسی کەسی و حزبییەوە هەیە.

د.نەوزاد هیتوتی، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند، بەداخەوە ئەگەری زۆر و چاوەڕوانکراو ئەوەیە، ئەگەر باردۆخەكە بەو شێوەیەی ئێستا بێت، ھەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لەو وادەیەی کە دیاریکراوە ئەنجام نەدرێت.

بەپێی بڕیارێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 18ی11ی2023 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.

د.نەوزاد هیتوتی، ئاماژەی بەوە دا، لەگەڵ ئەوەی کە رێگرییەكانی بەردەم پرۆسەكە زۆر نین، بەڵام لەڕاستیدا یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان نایەوێت ھەڵبژاردن لەم وادەیەدا بكرێت.

ئەو چاودێرە ھۆكارەكانی ئەم ھەڵوێستەی یەكێتی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندەوە، یەكەمیان، ترسی یەكێتی لە لەدەستدانی پێگەی جەماوەری، بە تایبەتی لە پارێزگای سلێمانی، کە یەكێكە لە ھۆكارەكانی خۆدزینەوە لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان. هەروەک گوتی: ”لەدوای رووداوەكانی 8 تەمووز و ئەو دابەشبوونەی لەناو یەكێتی رووی دا، کە بووە ھۆی زیاتر دابەشبوونی ئەو حزبە، چاوەڕێ دەكرێت ئەو دابەشبوونە كاریگەریی زۆری ھەبێت لەسەر پێگەی یەكێتی لە پرۆسەی دەنگدان.“

باسیشی لەوە کرد: ”ناکۆکییەکانی یەكێتی لەگەڵ پارتی، کە دیارە كێشەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی ھیچ پەیوەندییەكییان بە پرس و كێشە نەتەوەیی و تەنانەت داواكارییەكانی پەیوەست بە شێوازی ھەڵبژاردنیشەوە نییە، ئەوەی ھەیە ڕوونە، کە پەیوەندیی بە كۆمەڵێك پرسی كەسی و حیزبییەوە ھەیە.“

بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، یەكێتی ئێستا زیاتر رووی لە بەغدایە، نەك پاڵپشتیكردن لە ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ”بەرپرسانی یەكێتی ھەوڵ دەدەن، كە ھەرێمێكی دیكە لە سلێمانی دروست بكەن، یان ئەو دەڤەرە بخەنە سەر بەغدا، بەڵام ئەوەی تاكوو ئێستا ڕێگەی لە یەکێتی گرتووە ئەوەیە، کە بەغدا بەو داواكارییە رازی نییە و ئامادە نییە بە جیا مووچە و بودجەی ئیدارەی سلێمانی بدات.“

ئەو چاودێرە ئەوەشی خستە ڕوو، کە خوێندنەوەی یەكێتی بۆ پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی كورستان ئەوەیە، کە لاوازبوونی ھەرێمی کوردستان واتا لاوازبوونی پارتی، كەوابێت بە بڕوای یەکێتی ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن دەبێتە ھۆی لاوازبوونی دامەزراوەكانی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش بە بڕوای یەکێتی لێدان دەبێت لە پارتی.

ئەو چاودێرە ئاشکراشی کرد، کە یەکێتی لەگەڵ بەغدا زۆر ھەوڵی دا حکوومەتی سوودانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ڕێکنەکەوێت، بەڵام لەوەشدا شکستی هێنا.