ئارام كۆشكی – سلێمانی
یەکێک لە کەموکوڕییەکانی کتێبخانەی کوردی ئەوەیە کە تا هەنووکە توێژینەوەی ئەکادیمی و سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێ و هەتا وڵاتانی ئەوروپا، کە جالیەیەکی زۆری کوردی لەوێیە و تاکی کوردی تا هەنووکەش ئاگاداری ئەو مێژووە نییە کە ئەوروپای گەیاندووەتە ئەو ئاستەی ئێستا. کەموکوڕییەکانی کتێبخانەی کوردی لەسەر دەستی هەندێک نووسەر و خەمخۆر خەریکە هێدی هێدی کاری بۆ دەکرێت و ئەو کەلێنانە پڕ دەکرێتەوە، بەڵام هێشتا پێویستمان بە هەوڵی دیکە و زیاتر هەیە.
لە هەفتەی ڕابردوو کتێبی “ئەوروپا و هەنگاونان بەرەو کۆمەڵگەی بۆرژوازی”، کە نوێترین کتێبی نووسەر و توێژەر “د. سامان حوسێن”ـە بڵاوکرایەوە کە کتێبێکە سەبارەت بە مێژووی ئەوروپا و ئەو گەشەکردنەی کە گەیاندوویەتییە ئێستا. کتێبەکە لە دوتوێی 434 لەلایەن کتێبخانەی ڕۆمان-ـەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
ئەم کتێبە هەوڵ دەدات پوختەیەک لەو گۆڕانکارییە ئابووری و کۆمەڵایەتی وسیاسییانە بخاتەڕوو، کە لە نێوان سەدەی هەژدە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئەوەروپا روویاندا و هەنگاوەکانی گۆڕانی ئەوروپا بوون لە کۆمەڵگای ترادسیۆنییەوە بۆ کۆمەڵگای سەرمایەداری، کە لە دواجاریشدا ئەو ڕووداوە مێژوویانە پێ بەپێ کاریگەر بوون لە سەرکەوتنی کۆمەڵی بۆرژوازی لە ئەوروپا وتەریکخستنی کۆمەڵگای ترادسیۆنی، لەسەرنجامیش تەواوی پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کەوتنە ژێر بار وکاریگەری ویست و بەرژەوەندی ئەو چینەوە.
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەم کتێبە لە سەرەتادا، بە خستنەڕووی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگای ئەوروپی لە دوای سەدەی شازدەوە دەست پێدەکات و دواتر باسی کۆمەڵگای ئەوروپیدا دەکات لە سەدەی حەڤدە و هەژدەدا و ئەگەرەکانی گۆڕانکاری لەو ماوەیەدا دەخاتەڕوو، دوای ئەوەش دەچێتە سەر باسی گرنگترین رووداوە سیاسییە دیارەکانی ئەو ماوەیە لە ئەوروپا و خستنەڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. لە بەشی دووەمیشدا هەنگاوەکانی شۆڕشی فەرەنسی دەخاتەڕوو، هەر لە پێش دەرکەوتنی شۆڕشەوە تا سەدەمی ناپلیۆن، دوای ئەوەش باسی سەردەمی ناپلیۆن دەکات و ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە لە فەرەنسا و لە ئەوروپا تا ڕووخانی ناپلیۆن دەگێڕێتەوە.
نووسەر لە بەشی سێیەمی ئەم کتێبەی تەرخانکردووە بۆ باسکردنی رووداوەکانی کۆنگرەی ڤییەنا، کە لە میانەیدا تەواوی وردەکارییەکانی کۆنگرەکە گێڕدراوەتەوە هەروەها لەو بەشەدا باسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە نێوان ١٨١٥ بۆ ١٨٣٠ دەکات، کە بەسەردەمی کۆنگرەکان ناسراوە، هاوکات باسی دەرکەوتنی گرنگترین پرنسیپە سیاسییەکانی سەدەی نۆزدە کراوە بە تایبەتی ململانێی نێوان پارێگارکارەکان و لیبرالەکان، لە دوای ئەوەش باسی سەردەمی شۆڕشی ١٨٤٨ و رەوتی رووداوەکانی و ئاکامەکانی کراوە، هەر لەو بەشەدا باسی رەوشی سیاسی هەریەک لە بریتانیا وفەرەنسا کراوە لە دوای ١٨٤٨ ەوە. بەشی چوارەمیش بۆ قسەکردن لەسەر نەتەوایەتی و دیارترین رووداوەکانی لە ئەوروپا تەرخانکراوە، کە جگە لە ناساندنی نەتەوایەتی هاوکات هەریەک لە بزووتنەوەکانی یەکێتی ئیتاڵیا و ئەڵمانیا باسکراون.
بەشی پێنجەم لەم کتێبە تایبەتکراوە بە شۆڕشی پیشەسازی، کە تیایدا بەشێوەی قۆناغبەندی هەر لە هۆکارەکانی ئەم شۆڕشەوە باسکراوە تا بڵاوبوونەوەی بە ناوچەکانی تردا. لە بەشی شەشەمیشدا باسی دەرکەوتنی جوڵەی ئیستیعماری نوێ کراوە، بەشی حەوتەم و کۆتاییش بریتییە لە خستنەڕووی ئەو گۆڕانکارییانەی، کە بەسەر ژیانی گشتیدا هاتن لە ئەوروپا، دوای سەرکەوتنی بۆرژوازی لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە بەدواوە.
دەستخۆشی بۆ د. سامان حوسێن و کتێبخانەی ڕۆمان بۆ چاپکردنی ئەم کتێبە.