کاوە میران
دەکرێ نازناوی خوێی چێشت بە کاک سەعدی ئەحمەد پیرە بدرێت، چونکە لە ناو سەرکردایەتیی یەکێتی، ئەو پیاوە تاکە کەسێکە بە قسە خۆش و سەیرەکانی تام و بۆیەک بە سیاسەتە بێتام و بێسەروبەرەکەی حزبە شکستخواردووەکەی ببەخشێت! کاک سەعدی زۆر جار لە بیری دەچێت کە قسەکانی لەسەر حزبەکەی دەبنە ماڵ، بۆیە بەیناوبەین، نەک هەڵەی سیاسی، بەڵکو هەڵەی میژوویی و جوگرافیش دەکات.
ئەمجارەیان کاک سەعدی بە جۆرێ باسی داستانە مەزنەکەی کۆڕێ و تێکشکانی لەشکری عرووبەی بەعس دەکات، وەک ئەوەی بۆخۆی لەوێ، پەنا بەردێکی کردبێتە سەنگەر و لەگەڵ هەر دەستڕێژیکیدا دە پازدە سەربازی کەلەپاچە کردبێت!
ئێ، خۆ داستانی کۆڕێ هی سەردەمانی ئاجووج و ماجووج و ئەسکەندەری زولقەڕنەین نییە، تا خەڵکی نەزانن چۆن بووە و کێ سەرکردایەتیی کردووە و پێشمەرگەی کام لایەن بەشداریی کاریگەریان تێدا هەبووە؛ هەرچەند بەلای ئێمەوە، پێشمەرگەی کوردستان هەموو کوڕی ئەم خاک و ئاوەن و جیاوازییان نییە، بەڵام شێواندنی مێژوو و داڕشتنەوەی بە ئارەزوو، هی ئەوە نییە بێدەنگی لێ بکرێت.
گورانییەکەی فۆلکلۆریی کوردیی ناوچەی کرماشان هەیە دەڵێ:
دوو چەشم دیرید چیون دووربین ئەڵمان
لە قەسرە و خەیدەی ئەرا کرماشان!
جا چونکە کاک سەعدی باسی دووربینی کردووە، بۆیە ئێمەش ئەو گۆرانییەمان بۆ کرد بە پارسەنگ.. چونکە کاتێک داستانی کۆڕێ ڕوویدا، کاک سەعدی لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا بوو و ئۆباڵی بە ئەستۆی کاک مەلا بەختیار، گوایە مانگانە، لە سەفارەتی عێراقی مانگانە هەزارو سەد دۆلاری وەرگرتووە..
کاک سەعدی، مەودای هەوایی نێوان ڤیەننا و کوردستان هەزار کیلۆمەتر زیاترە، مەگەر (ریفاق)ی سەفارەت دووربینێکی ئەڵمانییان بە دیاری پێت بەخشی بێت، ئەگینا چۆن دەزانی لە کۆڕێ چی ڕووی داوە؟!
یەكێك لەنەریتەكانی ئەم كا سەعدیە، ئەوەیە جاروبار بۆ ئەوەی لەبیری خەڵك نەچێتەوە، خۆی كۆمیدی دەكات و، جاروباریش قسەی گەورەتر لەقەبارەی خۆی دەكات، زۆرجاری تریش تەنانەت بۆ حزبەكەی خۆیشی بووەتە بەڵاو مایەی ئیحراجی ! كەچی هێشتا هەر گوتویەتی تەڕتەڕنەباشی!. جاری واش هەیە وەكو تەلەفۆنی ئەنەلۆگ، قسە دەكات و پێی وایە لەگوێچكەی بیسەراندا ژمارەكەی دەرناچێت! بێ ئاگا لەسەردەمەكە كە هەموو ڕاستییەكان تۆماركراون، قسەكانی ئەویش نە سەنگێكیان دەبێت و نە دەتوانن ڕاستییەكان بشارنەوە. زۆربەی زۆری ئەوانەی كەلە ساتەوەختی هەڵگژانی پارتی بەڕووی داگیركەری عێراقیدا لەژیاندان، بینەری ئەو داستانەبوون و دواتریش بیرەوەرییەكانیان خوێندۆتەوە، تەنها كاسەعدی قسەی هەیە كە ئەو دەم بەهەزاران میل لەكوردستانەوە دووربووە! بۆچی هیچكام لە شۆڕشگێرەكانی مەیدان، كە ئەودەم لێرە لەكۆڕی خەباتدابوون، ئەو قسانەیان نەكرد كە ئەم كاسەعدیە دەیانكات!. كام شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەی كوردستان دەتوانێت شاهیدی ئەوە بدات كە ئەم كاسەعدیە لە سەنگەرێكدا بینرابێت. لەبەر ئەوەی زۆر گوتن ناخۆشە!
لەكۆتایی ئەم چەند دێڕەدا دەڵێین: كاسەعدی كە لەخەیاڵدا دەژی و بێئاگایە لەوەی كە داستانی كۆڕێ بەو پەردەپۆشناكرێت و هەموو شت تۆمارە، جێگەی بەزەییە كە شاخ لەشاخی كۆڕێ دەدات! هەم شاخی دەشكێت و هەم مایەپووچ دەبێت و ناتوانێ مێژوو ئاوەژوو بكاتەوە.