بەپێی دادگای لێکۆڵینەوەی بەریتانیا، گەنجێکی کورد بەناوی جوامێر سەید گوڵ (جەعفەر) بەهۆی ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچە پەنابەرێکی ئۆکرانی، بە نۆ ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت.
جوامێر سەید گوڵ، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک خۆی بە “چالاکوانێکی سیاسیی” و رەخنەگری دەسەڵات و حزبەکان لە هەرێمی کوردستان ناساندووە، لە ساڵی 2022 کچە پەنابەرە ئۆکرانییەکەی لە پاسێکدا ناسیووە لە شاری چێستەر لە بەریتانیا.
دواتر جوامێر و کچەکە لە پارکێکدا لە گوندی نێستۆن لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو چاویان بەیەکدی دەکەوێت.
بەپێی گێڕانەوەکان و لێکۆڵەری کەیسەکە، کە لە هەواڵێکی کەناڵی BBCـیدا ئاماژەیان پێکراوە، دوای ئەوەی کچە پەنابەرەکە رەتی دەکاتەوە سێکسی لەگەڵ بکات، جوامێر پێش ئەوەی دەستدرێژییەکەی ئەنجام بدات، “قورگی کچەکە دەگرێت و دەیدات بە زەویدا”.
بەڵام دواتر کچەکە رادەکات و دەچێت بۆلای هاوڕێیەکی کە ئەویش پەیوەندی دەکات بە پۆلیسەوە.
دوای ئەوەی دەستگیر دەکرێت، جوامێر بە پۆلیسی راگەیاندووە کە قوربانییەکە سەرەتا “دەستپێشخەری” کردووە و بە شێوەیەکی “ئارەزوومەندانە” سێکسیان کردووە.
جوامێری تەمەن 24 ساڵ خەڵکی هەرێمی کوردستانە و پێشتریش بە دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبار کراوە. ئەو ئێستا بەشێوەیەکی هەمیشەیی ناوی خراوەتە تۆماری دەستدرێژیکەرانی سێکسی لە بەریتانیا.
سارا ئێگانی، لێکۆڵەری کەیسەکە رایگەیاندووە، تاوانبارەکە خۆی وەک “راوچییەک دەبینێت کە پێیوایە هەر شتێکی مەبەست بێت دەتوانێت بیکات بەبێ رەچاوکردنی کەسی بەرامبەری، بە تایبەتی ئافرەتان”.
هەروەها لێکۆڵەرەکە ستایشی “ئازایی” کچە پەنابەرەکەی کردووە کە توانییەوتی خۆی رزگار بکات.