وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رەخنەی توند لە لێدوانەکانی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەگرێت و ئاماژە بەوە دەدات، هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی نیسانی 2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی هۆکاری نەگەڕانەوەی پەنابەران بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دایەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، “جێگەی داخە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبری ئاماژەدان بە هۆكارە سەرەكییەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم رێككەوتنی شنگال، كەوتووەتە موزایەدەكردن و بڵاوكردنەوەی قسەی نامەسئولانە و بێ بنەما لەبابەتی ئاوارەكان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسی.”
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەم جۆرە دنیابینی و لێدوانانە شاردنەوەی خواستی ئاوارەكان و پەردەپۆشكردنی راستییەكانە و، بە هیچ شێوەیەك خزمەتی دۆخی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان ناكات.”
وەزارەتی ناوخۆ هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم، بۆ “بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ” گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، “بەداخەوە تا ئێستا بەناوی ئاوەدانكردنەوە، یارمەتیی ماددی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت.”
لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ پەیامێک ئاراستەی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات، “ئەگەر وەزیری كۆچ و كۆچبەران و هاوئاوازەكانی هێندە ڕاستگۆن و پەرۆشی ژیانی ئاوارەكانن با بێن كار بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال بكەن، ئەو كات هەم ئاوەدانكردنەوە ئاسانتر دەبێ و هەمیش ئەو ئاوەدانكردنەوەیە لە خزمەتی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان دەبێت.”
جەختیش لەوە کراوەتەوە، “حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.”
وەزارەتی ناوخۆ پێیوایە “جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ژیانی ئاوارەکان و خەڵکی ناوچەکە.”
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆی عێراق و پەنابەرانی وڵاتانی دەوروبەر دەکات و سەرەڕای بارودۆخی سەخت و قەیرانی داراییش، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکیی میوانداریکردنی دەیان کەمپی ئاوارە و پەنابەرانی لە ئەستۆ گرتووە و لەڕووی ئابوورییەوە تێچوونێكی زۆر كەوتووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
لای هەمووان ئاشكرایە ئەو سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەرە، لە ترسی زۆرداری و تیرۆر و بەهۆی جیاکاری و سیاسەتی تایفەگەری و نەبوونی ئاسایش و ئارامی ، ناوچەكانیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەشی زۆریان لە كەمپەكان نیشتەجێ بوونە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سینگفراوانییەوە، هەوڵی یارمەتیدان و بەهاناوەچوونی ئاوارەكانی داوە و ئەزموونێكی سەركەوتووی لە میوانداریی ئاوارەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە خستووەتە ڕوو.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بۆ ئەو مەبەستەش، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ، باشترین نەخشەڕێگەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ژیانی ئاوارەکان و خەڵکی ناوچەکە. لەگەڵ ئەوەشدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان لە ئارادایە و ئەو چاوەڕوانییە هەیە كێشەی ئاوارەكان و گەڕانەوەی سەربەرزانەیان بۆ ناوچەكانیان چارەسەر بكرێت.
جێگەی داخە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبری ئاماژەدان بە هۆكارە سەرەكییەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم ڕێككەوتنی شنگال، كەوتووەتە موزایەدەكردن و بڵاوكردنەوەی قسەی نامەسئولانە و بێ بنەما لەبابەتی ئاوارەكان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسی. ئەم جۆرە دنیابینی و لێدوانانە شاردنەوەی خواستی ئاوارەكان و پەردەپۆشكردنی ڕاستیەكانە و، بە هیچ شێوەیەك خزمەتی دۆخی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان ناكات.
ڕاشیدەگەیێنین هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم، بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵە لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال. بەداخەوە هەتا ئێستا، بەناوی ئاوەدانكردنەوە، یارمەتیی ماددی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت. ئەگەر وەزیری كۆچ و كۆچبەران و هاوئاوازەكانی هێندە ڕاستگۆن و پەرۆشی ژیانی ئاوارەكانن با بێن كار بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال بكەن، ئەو كات هەم ئاوەدانكردنەوە ئاسانتر دەبێ و هەمیش ئەو ئاوەدانكردنەوەیە لە خزمەتی ئاوارەكان و ئاساییبوونەوەی ژیانیان دەبێت.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
11-4-2023