پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ھیچ بەربەستێکی سیاسی بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن نەماوە

خاڵی ناکۆکی نێوان لایەنەکان تەنها کورسیی پێکهاتەکانە، بۆ ئەوەش نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات سیستەمییەک بازنەیی بۆ پێکهاتەکان پەیڕەو بکرێت. بەرپرسانی حیزب و لایەنەکانیش، دەڵێن: ھیچ بەربەستێکی سیاسی نەماوە، دوای کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن دەکرێت.

بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن، پارتی و یەکێتی، چوار جار کۆبوونەتەوە، لەکۆی ٥ خاڵ لەسەر چوار خاڵ ڕێککەوتوون، تەنها بابەتی کورسیی پێکهاتەکان ماوە.
لە دوایین کۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بەشدار بووە و هەوڵی نزیککردنەوەی لایەنەکان دەدات بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەبارەی سیستمی هەڵبژاردنەوە کە یەک بازنەیی بێت یا فرە بازنەیی.
بڕیاربووڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا، بوونە ھۆی دواکەوتنی هەڵبژاردن، بۆیە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە وەکو ئەرکی یاسایی، جارێکی دیکەڕۆژی ١٨-١١-٢٠٢٣ وەکو وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرا.
ڕۆژی هەینی ٧-٤-٢٠٢٣، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: بەر لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەردانی هەموو لایەنەکانی کردووە و بەڕاوێژ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وادەکە دیاری کراوە.
نێچیرڤان بارزانی، گوتیشی: ئەرکی یاسایی خۆی وەکو دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن بەجێهێناوە ھیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاوکاربن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت.
دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیی کە لە ئاستی بەش و دەزگای هەڵبژاردن بەڕێوەچوو ٥ـی ئەم مانگە بوو، تێیدا شاندێکی یونامی بەشداربوو، ئەنجامی سەرەکیی کۆبوونەوەکە ئەوەبوو کەیونامی بۆچوونی خۆی لەبارەی کورسیی پێکهاتەکان بخاتەڕوو، پێشنیاز درایە هەردوو لایەن و لە کۆبوونەوەی داهاتوو گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، کە بە گوێرەی زانیارییەکانی ونامی وەڵامی دوو لایەنە سیاسییەکەی هەرێمی کوردستانی لەبارەی پرسی کورسیی پێکهاتەکان داوەتەوە.
لەسەر پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پارتی و یەکێتی، لە کۆی پێنج خاڵی ناکۆکی نێوانیان لەسەر چوار خاڵ ڕێککەوتوون؛ لەوانە هەڵبژاردن بە چوار بازنە بکرێت، دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر بازنەکاندا بەپێی ئاماری حکوومەتی عێراق بێت، تۆماری دەنگدەران بەپێی بایۆمەتری کۆمیسیۆنی عێراق بێت، لیستی بەربژێران نیمچە کراوە بێت، دابەشکردنی کورسییەکانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بەم شێوەیە بێت، سلێمانی ٣٩ کورسی، هەولێر ٣٥ کورسی، دھۆک ٢٤ کورسی و هەڵەبجە ٢ کورسی.
پارتی و یەکێتی بڕیاریان داوە هەموارێکی هاوبەشی یاسای هەڵبژاردن ئامادە بکەن و پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن پەسەند بکرێت، ئەوەش دەبێت تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بکرێـت، بۆ ئەوەی ئەو ماوەی کۆمیسیۆن پێویستی پێیەتی لە بەردەستی بێت.
عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی شاندنی دانوستکاری پارتی بۆ هەڵبژاردن، دەڵێت: لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، پاشان دیدگایەکی هاوبەشمان بۆ ئەو مەبەستە داڕشت، تێیدا هەرێمی کوردستان کرایە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها ژمارەی هەر بازنەیەک ئەو ڕێژەیە بێت کە لە عێراقدا بەکاردێت و وێڕای ئەوەش کردنی هەڵبژاردن بە لیستی نیمچە کراوە بێت و نیوەی کورسییەکان بەدەنگدان بێت، نیوەکەی دیکەش بەڕیزبەندی کاندیدەکان لەنێو لیستی قەوارە بێت.
بەرواری، ڕوونیشیکردەوە: تەمەنی پەرلەمان بۆیەک ساڵ درێژکراوەتەوە، سەرۆکی هەرێم کاتی دیاریکردووە کە هەڵبژاردن بکرێت، دەبێت خەڵک ‌ڕازی نەبن ھیچ حیزبێک کۆسپ بۆ هەڵبژاردن دروست بکات، چونکە دواجار بۆشایی یاسایی دروست دەبێت.
هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی، گوتی: بۆ پرسی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هەر شتێک پێویست بکات پارتی ئامادەیە و هەر ڕۆژێک یەکێتی ئامادە بێت ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە، بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێکبکەوین و هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، کە ئەوە داواکاری سەرەکیی پارتییە و هەموو ڕێگەیەک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بکرێت.
ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ٤ی ٢٠٢٣، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کرایەوە، تا ئێستە دوو کورسی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کە پشکی پارتین، چۆڵن. بەرپرسی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی، دەڵێت: سبەی چوارشەممە ناوی بەربژێرەکان بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، دەنێرین بۆ لیژنەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان، ئیتر بابەتی متمانەدان لای پەرلەمان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی کاتەکەی دیاری بکات.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: لە دوایین کۆبوونەوەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی کەیونامیش بەشدار بوو، گفتوگۆ لەسەر ئەو بڕگانە کرا کە لە ماوەیڕابردوو لەسەریان ڕێککەوتبووین، کە ئەویش ڕێککەوتن بوو لەسەر شێوازی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
زانا مەلا خالید، گوتیشی: داوامان لە شاندی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد بە فەرمی ڕای خۆیان لەسەر کورسیی پێکهاتەکان بدەنە هەردوولامان، لەگەڵ ئەوەش ڕای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پرسی پێکهاتەکان پێشنیاز دەبێت و بڕیار نابێت بۆ پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی بچەسپێنرێت، بەڵام پێشنیازەکەیان بە هەند وەردەگیرێت، کەیونامی پێشنیازی کردووە بۆ پێکهاتەکان سیستەمی یەک بازنەیی پەیڕەو بکرێت.
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: تاکەڕای پارتی بۆ کورسی پێکهاتەکان ئەوەیە،‌ کە خۆیان بڕیار لەسەر شێوازی بەشداریکردنیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بدەن، ئەوان چیان پێ باش بێت، ئێمە پشتگیرییان دەکەین، ئەو وەڵامەشمان داوەتە نەتەوەیەکگرتووەکان.